رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ساڵی رابردوو 3705 مۆڵەتی هاوردەکردنیان بە بازرگانان داوە، کە 924یان بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بوون. راشیگەیاند، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 171 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردە کراون.
یەکشەممە 05-01-2025 نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بۆ ساڵی 2024 راگەیاند.
ئەو بەرپرسە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "لە ساڵی رابردوودا، 10 بەشە ئاردمان لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی دروستکراوی دانەوێڵەی شارەکان دابەشکردووە و گەیشتووەتە بریکارەکان، ئێستاش بەشی 10یەم دابەش دەکرێت."
بە گوتەی نەوزاد شێخ کامیل، ساڵی 2024 نۆ بەشەخۆراکیش دابەش کراون، کە بریتی بوون لە: سێ کیلۆ برنج، کیلۆیەک شەکر، یەک لیتر رۆنی شل، 400 گرام دۆشاوی تەماتە، 500 گرام نیسک و 500 گرام لەتە نۆک.
سەبارەت بە چاودێری بازاڕیش، نەوزاد شێخ کامیل گوتی، پار بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی زیاتر لە 51 هەزار سەردانی بۆ شوێنە بازرگانییەکان کردووە و زیاتر لە سێ هەزار و 300 سەرپێچی تۆمار کراون. زیاتر لە 490 ملیۆن دینار پێبژاردنی جۆراوجۆر کراون. هەر لەو ماوەیەدا دەست بەسەر زیاتر لە 630 تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوودا گیراوە و لەلایەن لیژنەکانی قایمقامییەت و لیژنەکانی چاودێریی بازرگانییەوە لەنێوبراون.
وەک نەوزاد شێخ کامیل دەڵێت، ساڵی 2024 زیاتر لە سێ هەزار و 705 مۆڵەتی بازرگانییان دەرکردووە کە بە بەهای زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار پسووڵەی هاوردەکردنی کاڵا بە بازرگانان دراوە. زۆرترین کاڵاش زیاتر لە وڵاتانی تورکیا، ئێران، چین، ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو هاوردە کراون.
نەوزاد شێخ کامیل گوتی: "924 مۆڵەتی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلمان بۆ بازرگانان دەرکردووە کە بەگشتی 171 هەزار و 954 ئۆتۆمبێلیان هاوردە کردووە، هاوردەکردنەکە بەروارد بە ساڵی 2023 زیاتر لە 50 هەزار ئۆتۆمبێل زیادیکردووە." بەڵام گوتیشی، "مەرج نییە سەرجەم ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکان لە هەرێمی کوردستان ساخ بووبنەوە، بەڵکو بەشێکیان بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق نێردراون."
سەبارەت بە ئاماری هەناردەش، نەوزاد شێخ کامیل گوتی، "زیاتر لە 180 مۆڵەتی هەناردەمان داوە کە زۆربەیان بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ