رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئێلیهی باکووری کوردستان، ئەو نەوتەی لە بۆری گواستنەوەوە دزەی کردووە، تێکەڵ بە ئاوی چەمی گوندەکانی سەر بە شارۆچکەی قوبین بووە و بووەتە هۆی پیسبوونی ئاوەکە.
ماوەی چەند رۆژێکە نەوتی خاو لە بۆری گواستنەوەی پاڵاوگەی سلیڤانکا، لە نزیک گوندی بمەر و شێدرک سەر بە شارۆچكەی قوبین دزەی کردووە و تێکەڵ بە ئاوی چەمی گوندەکانی ناوچەکە بووە. بەهۆی تێکەڵبوونی نەوتەوە ئاوی چەمەکە پیس بووە.
حەسەن ئەرگوناگا، سەرۆکی کۆمەڵەی خۆبەخشانی ژینگەیی ئێلیهـ و گوتەبێژی پلاتفۆرمی ژینگەیی، سەبارەت بە رووداوەکە رایانگەیاند، "نەوت دزە دەکاتە ناو سەرچاوەی ئاوەکە و کارەساتی ژینگەیی لێدەکەوێتەوە. پێویستە سەرچاوە ئاوییەکان سەلامەت بن، چونکە ئەو مادانەی لە نەوتی خاودا هەن و تێکەڵ بە ئاوەکە بوون، دەبنە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە. پێویستە ئاوەکە دەستبەجێ پاک بکرێتەوە و زیانەکانی خەڵکی گوندەکە قەرەبوو بکرێنەوە".
حەسەن ئەرگوناگا باس لەوە دەکات لە چەند رۆژی رابردوودا زانیارییان لەسەر دزەکردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی رامانا رۆژئاڤا و شەلمۆ پێگەیشتووە.
ئارگوناگا داوای لە بەڕێوەبەرایەتی ژینگە و شارسازی و گۆڕانی کەشوهەوای ئێلیهـ و بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ و دارستانی ئێلیهـ و کۆمپانیای نەوتی تورکیا کرد رای گشتی ئاگادار بکەنەوە لە زیادبوونی دزەکردنی نەوت لە بۆرییەکانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ