فەلاح مستەفا: لەم رۆژانەدا نێچیرڤان بارزانی دەستپێشخەرییەک بۆ کۆبوونەوەی حیزبەکان رادەگەیێنێت

05-04-2021
سیروان عەباس
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەم رۆژانەدا نێچیرڤان بارزانی دەستپێشخەرییەکەی رادەگەیێنێت و حیزب و لایەنە سیاسییەکان کۆدەکاتەوە.
 
فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆکردنەوەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی خستووەتە بەرنامەی کارییەوە و لەم رۆژانەدا دەستپێشخەرییەکە رادەگەیێنێت.
 
راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی "نێچیرڤان بارزانی، ئامانجیەتی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بکاتە چەتری کۆکەرەوەی هەموو لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی لە ساڵیادی بڕیاری 688 و دروستکردنی ناوچەی دژەفڕین، کە لە مانگی نیساندا بڕیاریان لەبارەوە درا، لەو یادانەدا یەکڕیز و ئاشتەوایی رابگەیێندرێت".
 
هەر لە بارەی هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ کۆکردنەوەی پارت و لایەنە سیاسییەکان، فارووق عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پێیوایە رێگە دروستەکە ئەوەیە کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لەبەرچاو بگیرێن و کۆبوونەوەی حیزبەکانیش بۆ پرسە چارەنووسسازەکان، پەیوەندیی هەولێر و بەغدا، مووچە و کێشەی هاووڵاتییان بێت.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری لەم هەفتەیەدا کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی ئەو دەستپێشخەرییەوە دەکات، "چونکە گرنگە بزانین کۆبوونەوەکە کام حیزبی تێدایە و کاریگەریی و سەنگیان چەندە؟ شێوازی کۆبوونەوەکە بڕیاردەدات لەسەر ئەوەی کە ئەنجامەکەشی چۆن دەبێت".
 
فارووق عەلی پێیوایە، کۆبوونەوەکە تەنیا حیزبە گەورەکان (پارتی، یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو)ی تێدابێت، چونکە بە گوتەی ئەو "ئەگەر کۆبوونەوەکە زۆر قەرەباڵخ بکرێت، کاریگەریی کەمتر دەبێتەوە".
 
لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا پارتی دیموکراتی کوردستان شاندێکی پێکهێنا و سەردانی هەموو لایەنەکانی کرد، ئەحمەد کانی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، سەرکەوتنی کوردستان لەوەدایە یەکڕیزی و تەبایی لە ناوخۆدا هەبێت و گوتی "هەرکاتێک کورد یەکدەست و یەکڕیز بووبێت، سەرکەوتن باشتر و دەستکەوتەکانیش زیاتر بوون. لە هەرێمی کوردستانیش ئەگەر هەموومان یەکدەست بین و پارێزگاری لە دەستکەوتەکان بکەین، بەرهەمی باشترمان دەبێت. یەکڕیزی زەحمەت نییە ئەگەر بەرژەوەندییە کەسی و حیزبییەکان بەلاوە بنرێن و لە خزمەتی بەرژەوەندیی گشتیدا بین".
 
ئەحمەد کانی ئاماژەی بەوەش کرد، سەردان و کۆبوونەوەکانی پارتی لەگەڵ حیزب و لایەنەکان، کۆبوونەوەی دیکەی بەدوادا دێت.
 
شوناس شێرکۆ، ئەندامی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "چەند جارێک هەوڵمانداوە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کۆببنەوە و بەشداربن لە بڕیاردانی سیاسی لە بەغدا و هەرێمی کوردستان، بەڵام پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کاریگەریی هەبووە لەسەر کۆنەبوونەوەکان".
 
ئەو ئەندامەی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان گوتیشی "داواکاریی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هەمان داواکاریی بزووتنەوەی گۆڕانە و تاڕاددەیەک کاریگەریی هەبووە لەسەر بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکان".
 
رۆژی 20-03-2021 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پیرۆزبایی نەورۆز پەیامێکی بڵاوکردەوە و هەموو لایەنە کوردستانییەکانی بۆ کۆبوونەویەکی هاوبەش لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەدوای نەورۆز بانگهێشت کرد. جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "ئەو دەستپێشخەرییە دەرفەتێکی دیکەیە بۆ لێکنزیکبوونەوەی زیاتری لایەنەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سودانی و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە رێوڕەسمى یادى 100 ساڵەى دامەزراندنى وەزارەتى دەرەوەى عێراق

سوودانى: وەزارەتى دەرەوە راسپێردراوە بەدواداچوون بۆ هەڕەشەکانى ئیسرائیل لەسەر عێراق بکات

محەممەد شیاع سوودانى دەڵێت، "رژێمى زایۆنى بە پاساوى بێ بنەما، هەڕەشەى لە عێراق کردووە و ئەوەش وایکرد، ئێمەش جەخت لەوە بکەینەوە کە نابێت عێراق بکرێتە شوێنێک هیچ هێرشێکی لێوە بکرێت. داوامان لە وەزارەتى دەرەوەش کردووە بەدواداچوون بۆ دۆسیەى هەڕەشەکەى زایۆنى بکات."