لە سلێمانی 60 تۆن گۆشتی بەستووی ئوسترالیی خراپبوو دەستی بەسەردا گیرا

02-03-2025
پێشەوا بەختیار
گۆشتە بەسەرچووەکە
گۆشتە بەسەرچووەکە
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

کۆگایەکی ناوچەی پیشەسازیی سلێمانی 60 تۆن گۆشتی بەستووی تێدا هەڵگیراوە. بەپێی بەدواداچوونەکانی لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، ئەو گۆشتە بەستووە 20 تۆنی ماوەی بەسەرچووە و 40 تۆنیشی بۆ خواردن شیاو نییە، دەستیشیان بەسەردا گیراوە.
 
گۆران قادر، سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، "ئەو گۆشتە شیاوی خواردن نەبوو، 20 تۆنیمان لەناوبردووە و ئەوانی دیکەیش لەناودەبەین. هێندرابوو تاوەکو لەناو سلێمانی ساخ بکرێتەوە، ئاژەڵی بچووکی کامل بوون."
 
گۆشتە بەستووەکە لە وڵاتی ئوسترالیاوە هاوردە کراوە، پێش گەیشتنی بە بازاڕ، لەلایەن لیژنەکانی قایمقامیەتەوە دەستی بەسەردا گیراوە، دوو جار پشکنینی بۆ کراوە و هەردوو جارەکە دەرکەوتووە بۆ خواردن شیاو نییە.
 
شۆڕش کەمال، ئەندامی لیژنەی باڵای قایمقامیەتی سلێمانی گوتی، "ئەو گۆشتە ماوەکەی بەسەرچووبوو، بەشێکی دیکەشی شیاوی خواردنی مرۆڤ نەبوو."
 
لەنێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا، جگە لە گۆشتی ئاژەڵی کوردی، گۆشتی بەستوو و هاوردە بە ناو و لۆگۆی جیاوازەوە دەفرۆشرێن، ئەوەیش کڕیارانی گۆشتی وا لێکردووە، وردتر بن لە کڕین و لایەنی پەیوەندیداریش دەڵێت، لە هەر جێگەیەکدا گرانی و سەرپێچی هەبێت، ئاگاداریان بکەنەوە.
 
سەلام عەبدوڵڵا، فەرمانبەر دەڵێت، "دەگەڕێین و گۆشتی فریش دەکڕین، چونکە تام و بۆنی خۆشە."
 
مەحموود نامۆ، چالاکوان ئاماژە بەوە دەکات، "لەبیرم نایە گۆشتی بەستووم کڕیبێت، چونکە هیچی باش نییە و دڵنیا نین لێی، بازرگان و گیرفانی زلی چاوچنۆک هەن کە گومان دروست دەکەن. گۆشت لە قەساب دەکڕین، ئەویش هەموو قەسابێک نا."
 
دوای هەڵسەنگاندنی لیژنەکانی قایمقامیەت، بڕیاریان دا بە لەنێوبردنی هەر 60 تۆن گۆشتەکە و خاوەنەکەشی رووبەڕووی یاسا دەکەنەوە. لە بازاڕەکاندا نرخی گۆشتی سووری قەسابخانەکان، لەنێوان 18 بۆ 22 هەزار دینارە و گۆشتی بەستوویش 8 بۆ 12 هەزار دینار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە