بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی: ساڵی رابردوو 1800 تووشبووی نوێی شێرپەنجەمان تۆمارکردووە

04-02-2024
ژیڤان بەکر
د. هەردی جەواد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی
د. هەردی جەواد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی لە شاری هەولێر، کە تایبەتە بە تووشبووانی شێرپەنجە، رایگەیاند، ساڵی رابردوو 1800 تووشبووی نوێی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکەیان تۆمار کراون، واتە لە مانگێکدا 150 تووشبوو. دەشڵێت، "عێراق لە پێدانی دەرمانی شێرپەنجە هەرێمی کوردستان پشتگوێ دەخات."
 
رۆژی یەکشەممە، 4ـی شوباتی 2024، د. هەردی جەواد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی، کە میوانی بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، لەبارەی نەخۆشیی شێرپەنجە و پشکنینی سیتی سکانەوە گوتی، "دوورودرێژی نۆرەی سیتی سکان، پەیوەندی بە زۆری نەخۆشەوە هەیە؛ هۆکاری تەکنیکیش هەیە، کە زۆر جار ئامێرەکان رادەوەستن؛ هەروەها سنوورداریی پزیشکانی ئەو بەشەیە کە ئەرکیان نووسینی راپۆرتە لەبارەی نەخۆشەوە. یەک ئامێری ستی سکانیش لە نەخۆشخانەکەمان هەیە، پێویستمان بە دوو دانەی دیکەیش هەیە."
 
سەبارەت بە ئاماری تووشبووانی شێرپەنجە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی گوتی، لە ساڵی 2023دا ، نزیکەی 1800 نەخۆشی نوێ تۆمارکراون، کە لە مانگێکدا دەکاتە 150 نەخۆش، بەڵام ژمارەکە بەراورد بە ساڵی 2022 کەمترە.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2022دا، زیاتر لە نۆ هەزار تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمارکراون کە 35%یان خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بوون. زۆرترین ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لەناو ئافرەتانە و بە پلەی یەکەم شێرپەنجەی مەمکە؛ هەروەها زۆرترین تووشبووانی شێرپەنجە لە منداڵاندا شێرپەنجەی خوێنە. بەڵام تائێستا وەزارەتەکە ئاماری نوێی رانەگەیاندووە. 
 
د. هەردی جەواد، لەبارەی پشکنینی نەخۆشانی شێرپەنجەوە دەڵێت، "بەشێوەیەکی گشتی، پشکنینی شێرپەنجە لە کوردستاندا لە بارێکی باشدایە. نەخۆشخانەی نانەکەلی جگە لە چارەسەری نەخۆشەکان، بەشدارە لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان، بەتایبەت نەخۆشیی شێرپەنجەی خوێن. دەستنیشانکردنی نەخۆش بە هیچ شێوەیەک دوا ناکەوێت."
 
لەبارەی کێشەی دەرمان و گرانیی دەرمانی شێرپەنجەوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی دەڵێت، "دەرمانی شێرپەنجە نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکو لە هەموو جیهان گرانە. ئەو دەرمانانەی ئێستا ئێمە بەکاریدەهێنین بۆ چارەسەری شێرپەنجە، دەرەنجامی چارەسەرەکانی لە 20% بۆ 80% گۆڕیوە و نەخۆش چارەسەر دەبن. دەرمانی نوێ گرانبەهان، چونکە تازە دۆزراونەتەوە. کەمی دەرمان هۆکارێکی دیکەی گرانبوونی دەرمانە. ئەو بەشە دەرمانەی بۆ عێراق دەکڕدرێت، بە شێوەیەکی گشتیی هەرێمی کوردستان پشتگوێ دەخرێت. ئێمە بۆ چارەسەرێکی تایبەت داوای 100 دەرزی بکەین، عێراق 50مان بۆ دەنێرێت."
 
کەمیی هاوکارییەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، بە گوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی زیاتر لە 30%ـی تووشبووانی شێرپەنجە کە لە نەخۆشخانەکەیان چارەسەر وەردەگرن، خەڵکی پارێزگاکانی عێراقن.
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی ئاماژەی بە جۆرە باوەکانی شێرپەنجە کرد و گوتی، "شێرپەنجەی مەمک لە ئافرەتاندا زۆر باوە."
 
ئاماری تووشبووانی شێرپەنجە لە ساڵانی رابردوودا:
 
ساڵی 2020
 
- هەولێر 3050 تووشبوو
- سلێمانی 2543 تووشبوو
- دهۆک 700 تووشبوو
 
ساڵی 2021
 
- هەولێر 3808 تووشبوو
- سلێمانی 3080 تووشبوو
- دهۆک 1016 تووشبوو
 
ساڵی 2022
 
کۆی گشتی: 9000 تووشبوو
 
تووشبووی پارێزگاکانی عێراق: 35%

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو وێنەی نارین.

دوای 19 رۆژ تەرمی نارینی هەشت ساڵان لە ئامەد دۆزرایەوە؛ باوک و برایەکی دەستگیرکراون

مورات زۆرئۆغڵو، پارێزگاری ئامەد رایگەیاند: "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، نارین گورانی ونبوو، دوای کوشتنی خراوەتە ناو توورەکەیەکەوە و فڕێدراوە لێواری رووبارەکە. هەروەها بە بەرد و لق و پۆپی دار شاردبوویانەوە، بۆ ئەوەی هەر کەسێک لەوێوە تێپەڕێت، هیچ گومانێک نەکات."