رووداو دیجیتاڵ
دوای بەدواداچوونەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان نزیکە 13 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت ناویان لە لیستی مووچەی کەمئەندامان سڕایەوە.
بەهۆی دواکەوتن و لێبڕینی مووچەوە، بەشێک لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان تووشی کێشەی دارایی بوون و، ناچارن خۆیان کاربکە. کەنعان عەبدولرەزاق، خاوەن پێداویستیی تایبەتە و ماوەی 18 ساڵە لەسەر کورسیی تایبەتی خاوەن پێداویستییەکان ژیان بەسەر دەبات، ئەو خاوەن بەهرە و توانایەکی بەهێزە لە دروستکردنی رێکلامی تابلۆیی، بەڵام نیگەرانە لە کەمیی مووچەی کەمئەندامان و نەبوونیی خزمەتگوزاریی تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان.
کەنعان عەبدولرەزاق لەبارەی رەوشی گوزەرانییەوە دەڵێت: ئێستا دەتوانێ کاربکات، بەڵام ئەگەر سبەی نەخۆش بکەوێت هیچ سەرچاوەیەکی بژێویی ژیانی نییە، "سەرەڕای دواکەوتن 150 هەزار لە حکومەتەوە وەردەگرین کە ئەوەش دۆخی ژیانی زۆر زەحمەت کردووین".
لە یاسای ژمارە 22ی تایبەت بە ماف و ئیمتیازاتی کەمئەنداماندا هاتووە کە دەبێت لە شەقام و شوێنە گشتییەکان رەچاوی دۆخی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بکرێت، بەڵام دوای تێپەربوونی نۆ ساڵ، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان نیگەرانن لە جێبەجێنەکردنی یاساکە وەکو خۆی.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سێ جار لە رێگەی لیەنەکانی تەندروستی پشکنینی رێژەی کەمئەندامی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کردووە، لە ئەنجامی پشکنینەکان ژمارەی کەمئەندامان لە 101 هەزار و 221 کەسەوە بۆ 88 هەزار و 494 کەس کەمکراوەتەوە، بەمەش 12 هەزار و 721 کەس لە پشکنینەکان دەرنەچوون و ناویان لە لیستی مووچەی کەمئەندامی سڕاوەتەوە، ئێستا وەزارەتەکە دەیەوێت بە میکانیزمێکی دیکە دووبارە پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی کەمئەندامان بکاتەوە.
لەبارەی مووچەی کەمئەندامانەوە کوێستان محەممەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت: کۆی مووچەی مانگێکی کەمئەندامان لە هەرێمی کوردستان 12 ملیار و 673 ملیۆن و 700 هەزار دینارە، لەو ژمارەیە 76 هەزار و 420 کەسیان مانگانە 150 هەزار دینار وەردەگرن و 12 هەزار و 8 کەسیشیان مووچەی مانگانەیان 100 هەزار دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ