رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێت: نزیکەی 1500 مامۆستا و فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ماون کە هێشتا فۆرمی 'هەژماری من'یان پڕنەکردووەتەوە و هەفتەیەک مۆڵەتیان پێدراوە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2024، کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نزیکەی 3000 مامۆستا و فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە دوو قۆناخ فۆڕمی 'هەژماری من'یان بۆ وەرگرتنی کارتی (تی بی ئای) پڕکردووەتەوە و نزیکەی 1500 مامۆستا و فەرمانبەرمان ماون کە ئەو فۆرمانە پڕبکەنەوە".
گوتیشی، "ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی کە ماون ئاگادارمان کردوونەتەوە کە لە ماوەی هەفتەیەکدا فۆرمی هەژماری من پڕبکەنەوە، ئەگەرنا دواتر خۆیان بەرپرسیار دەبن لەوەی کە لە وەزارەتی داراییەوە کێشە بۆ مووچەکانیان دروست بکرێت".
بە گوتەی کامەران عەلی، "ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی فۆرمەکانیان پڕکردووەتەوە، هێشتا کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە رۆژانی داهاتوودا وەریان دەگرینەوە".
'هەژماری من' پڕۆژەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 600 هەزار کەس تۆمار کراون، مانگی رابردوو 153 هەزار کەسیان بە کارتی ئەلیکترۆنی مووچەی مانگی ئەیلوولیان وەرگرت.
شەوی 3ـی تشرینی دووەمی 2024 بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) رایگەیاند، گرێبەستیان لەگەڵ پرۆژەی 'هەژماری من' واژۆ کردووە بە مەبەستی بەجێکردنی مووچە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ