کوردستان
بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر دەڵێت، رێژەی سەوزایی لە سنووری پارێزگاکەیان گەیشتووەتە 20%. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر رایگەیاند، بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ 100 هەزار دار لە سنووری پارێزگاکە بچێندرێن، تاوەکو ئێستاش 95 هەزار دار چێندراون. گوتیشی، هەفتەی داهاتوو تەواو دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 05-11-2024 رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە رایانگەیاندبوو، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ 100 هەزار دار لە سنووری پارێزگای هەولێر دەچێنن، تاوەکو ئێستاش 95 هەزار لەو دارانە چێندراون.
رێبین ئەحمەد گوتیشی، "بەشێکی زۆری ئەو دارانە لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر چێندراون، بەشێکی دیکەش بەسەر قوتابخانە، نەخۆشخانە و مزگەوتەکاندا دابەشکراون."
بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، "هەفتەی داهاتوو چاندنی ئەو 100 هەزار دارەی لە سەرەتای ئەم ساڵ رامانگەیاندبوو، کۆتایی دێت."
بە گوتەی رێبین ئەحمەد، پاریش 100 هەزار دار لە سنووری پارێزگای هەولێر چێندراون.
سەبارەت بە رێژەی سەوزایی لە پارێزگای هەولێر، رێبین ئەحمەد گوتی، "لە پێنج ساڵی رابردوودا رێژەی سەوزایی لە پارێزگاکەمان 2.5% زیادی کردووە، واتە گەیشتووەتە 20%، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی ستانداردی جیهانی، کە 30%یە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ