خوێندکارێکی کورد لە هۆڵەندا خەڵاتی سپاتوڵای زێڕین بەدەستدەهێنێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

خوێندکارێکی کورد لە هۆڵەندا خەڵاتی سپاتوڵای زێڕینی پێدەبەخشرێت کە خەڵاتێکی تایبەتی بواری زانستی کیمیایە و لەلایەن کۆمەڵەی کیمیایی شاهانەی هۆڵەنداوە دەبەخشرێت. 
 
سپاتوڵای زێڕین - Gouden Spatel بە واتای کەوگیر یان کەوچکی زێڕین دێت. 
 
ئەو خوێندکارە کوردەی کە ئەم ساڵ خەڵاتەکەی پێبەخشراوە ناوی میتان باخەوانە، ئەو خوێندنی بەکالۆریۆسی بە پلەی نایاب لە قوتابخانەی باڵای شاری نایمێخن تەواوکردووە و ناوی خراوەتە نێو لیستی 10 باشترین خوێندکار کە تێزی نایابیان لەسەر زانستی کیمیا ئامادەکردبوو. 
 
ئامادەکردنی تێزەکە وەکو پێداویستییەکی سەرەکییە بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس. 
 
تێزەکەی میتان باخەوان لەبارەی "پەرەپێدانی رەوتی کاری چەوری بۆ ناسینەوە و ژماردنی فۆسفۆلیپیدەکان بە بەکارهێنانی جیاکردنەوەی چالاککراوی ئەلیکترۆنی و کرۆماتۆگرافی شلە - سپێکترۆمێتری بارستەیی -  Development of a Lipidomic Workflow to Identify and Quantify Phospholipids using Electron-Activated Dissociation and Liquid Chromatography Time-of-Flight Mass Spectrometry، بووە.
 
ئەو 10 خوێندکارەی کە بەرهەمەکانیان هەڵبژێردرابوون، هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە و سێ خوێندکاریان ماونەتەوە، لەنێو ئەو سێ خوێندکارەشدا، میتان پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. 

 

 
کۆمەڵەی کیمیایی شاهانەی هۆڵەندا (KNCV) لە ساڵی 1903 دامەزراوە، گەورەترین کۆمەڵەی پیشەیی کیمیاییە لە هۆڵەندا. ئەندامەکانیان لە کەسانێک پێکدێت کە خولیای پیشەییان بۆ مۆلیکوڵەکان هەیە و کیمیاکاران، زانایانی زیندەزانی، تەکنەلۆجیستەکانی پرۆسێسی کیمایی و زانایانی بایۆ-مۆلیکیوڵەکان لەخۆدەگرێت. 
 
کۆمەڵەکە نزیکەی 8500 ئەندامی هەیە کە بەردەوام کاردەکەن بۆ بەرهەمهێنانی جۆراوجۆری و دەوڵەمەندیی بواری گەردیلەیی. هەروەها لە بوارەکانی بازرگانی، پەروەردە و فەرمانگە حکومییەکاندا کاردەکەن یان لە زانکۆ یاخود لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە هۆڵەندا دەخوێنن.
 
ئەو کۆمەڵەیە لە ساڵی 1982ـەوە بۆ هاندانی زۆرتری خوێندکارانی بواری کیمیا و پێشخستنی زانستی کیمیا لە وڵاتی هۆڵەندا، ساڵانە خەڵاتی زێڕین و پاداشتێکی ماددی بۆ یەکەم باشترین تیزەکانی خوێندنی کیمیا لە زانکۆکان دەبەخشێتە خوێندکاران.

 

دەستەی سەرپەرشتیارانی تێزەکەی میتان کە لە سێ پرۆفیسۆر پێکهاتوون، پێیان راگەیاندووە، تێزەکەی یەکێک بووە لە بابەتە ئاڵۆزەکانی بواری کیمیاگەری و نووسینی تیزێکی لەو بابەتە کارێکی ئاسان نەبووە بۆ ئاستی زانستیی خوێندکاری بەکالۆریۆس.
 
رۆژی 10-10-2024 لە ئاهەنگێکی گەورەدا خەڵاتەکان دابەشکران، خەڵاتی یەکەم کە ناوی سپاتوڵای زێڕین بوو درایە میتان.
 
ئێستا میتان سەرقاڵی بڕوانامەی ماستەرە لە کیمیای ئەندامی لە زانکۆی ئەمستەردام لە هۆڵەندا.

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند سندووقێک تەماتە. وێنە: رووداو

وەزارەتی کشتوکاڵ: بەمزووانە کێشەی بەرزیی نرخی تەماتە چارەسەر دەکرێت

نرخی تەماتە لە هەرێمی کوردستان دوو هێندە بەرزبووەتەوە و لە بازاڕدا کیلۆیەک 2000 دیناری تێپەڕاندووە. گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دەڵێت، "بەمزووانە کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە چارەسەر دەکرێت."