رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی شارۆچکەکانی گەڤەر سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگ و جزیر سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، کە سەر بە دەم پارتین، زمانی کوردییان بۆ بەشێك لە تابلۆکانی نێو شارۆچکەکانیان زیاد کرد.
شارەوانیی شارۆچکەی گەڤەر رۆژی شەممە، دووی تشرینی دووەم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، رستەی "هون بخێر هاتن و ئوخر بێ"ـیان لە بۆردی هاتن و دەرچوونی شارۆچکەکەدا لە پاڵ زمانی تورکی و فارسی، بە زمانی کوردی نووسیوە.
شارەوانیی گەڤەر دەڵێ "ئەم تابلۆیانە سەروەت و سامانی کولتووریی شارۆچکەکەمان دەردەخەن. ئێمە هەموو رۆژێک بە خزمەتگوزارییەکی نوێ، بەردەوام دەبین لە کارەکانمان."
سەبارەت بە نووسینی هەمان ئەو دەقانە بە زمانی فارسی، شارەوانییەکە دەڵێ، ئەم هەنگاوە بەتایبەتی بۆ گەشتیاران و هاووڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بووە.
لەلایەکی دیکەوە، شارەوانیی شارۆچکەی جزیر هەمان رۆژ لە ئێکس چەند وێنەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، زمانی کوردییان لە تابلۆی شوێنە مێژووییەکانی ئەو شارۆچکەیەدا جێگیرکردووە.
شارەوانی جزیر دەڵێ "بۆ ئەوەی شوێنە مێژووییەکانی شارۆچکەکە زیاتر دەربکەون، کارەکانی تابلۆی ئاڕاستەکردن و تابلۆی زانیاری دانراون."
عەبدولڕەحیم دورمووش، هاوسەرۆکی شارەوانیی جزیر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیاڵمیدیا رایگەیاند "شەڕی دژی زمانی کوردی بێ واتایە، چونکە خاوەن ماف و لایەنی حەق کورد و زمانی کوردییە. ئێمە ناهێڵین زمانی کوردی لەنێوبچێت. بۆیە بوونی ئێمە بە زمان واتادار و روون دەبێت."
هەردوو شارەوانیی گەڤەر ـی جۆلەمێرگ و جزیرـی شرنەخ ـی باکووری کوردستان دوای نزیکەی دوو قۆناخ بەڕێوەبردنیان لەلایەن قەیوومەوە، لە هەڵبژاردنەکانی 31ـی ئاداری 2024 بە زۆرینەی دەنگی خەڵک جارێکی دیکە کەوتنەوە دەست پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ