رووداو دیجیتاڵ
لە کۆڵانێکی گەڕەکی تەعجیلی هەولێر، بەخێوکەران و ئارەزوومەندانی کۆتری نامەبەر، گفتوگۆ لەبارەی سازکردنی گەورەترین پێشبڕکێی تایبەت بەوجۆرە کۆترە دەکەن.
عیماد سەید حەسەن، 35 ساڵە کۆتری نامەبەر بەخێودەکات، ئێستا زیاتر لە سێ هەزار کۆتری هەیە. عیماد ئەمساڵ سەرپەرشتیی بەڕێوەچوونی پێشبڕکێی کۆتری نامەبەر دەکات، کە بڕیارە مانگی 12ـی ئەمساڵ بە بەشداریی زیاتر لە چوار هەزار کۆتری نامەبەر لەسەر ئاستی عێراق دەستپێبکات.
-عیماد سهید حهسهن، رێکخەری پێشبڕکێی کۆتری نامەبەر بە رووداوی گوت "بەڕاستی ئەو پێشبڕکێیە جیهانییە و جۆری ئەم کۆتری نامەبەرە جیهانییە، ئەو کەسانەی لێرە خولیای ئەم کۆترەن، لە هەموو چین و توێژێکن."
لەم پێشبڕکێییەدا؛ بۆ یەکەمجار هەر خاوەن کۆترێک دەتوانێت بە پێنج کۆتر بەشداری بکات، خاوەن پلەی یەکەم تاوەکو سێیەم خەڵات دەکرێن.
بەمەبەستی بەشداریکردن لە پێشبڕکێکە، کۆترەکان دەگوازیێنەوە شاری بەسرە لە باشووری عێراق کە خاڵی دەسپێکی پێشبڕکێکەیە، لەوێ دەفڕێندرێن تاوەکو دەگەنەوە هەولێر.
لە رێگەی ئامێرێکەوە ئەنجامەکان تۆماردەکرێن و هەر کۆترێک زووتر بگاتەوە نێو هێلانەکەی، پێشبڕکێکە دەباتەوە.
سەنگەر بندیان، بەخێوکەری کۆتری نامەبەرە لە هەولێر و دەڵێ، "هەموو کۆترەکان لە یەک کاتدا لەنێو ئۆتۆمبێلێک بەرەڵڵا دەکرێن، هیچ کۆترێک ستەمی لێناکرێت. ئێمە دەبێت خۆمان ئامادە بکەین، ئامێر لای هێلانەکان دانێین هەروەها کۆترەکان فێربکەین چۆن بێنە سەر ئامێرەکان کاتێک دەگەڕێنەوە، بۆ ئەوەی کاتەکە تۆمار بکرێت."
کۆتری نامەبەر 20 ساڵ دەژی، لە هەرێمی کوردستان نرخی لە 100 دۆلار تاوەکو زیاتر لە 10 هەزار دۆلارە، لە شاری هەولێر زیاتر لە 200 کەس ئەم جۆرە کۆترە بەخێودەکەن، ئەو کۆترانەی لە پێشبڕکێکە بەشدارن لە شاری بەسرەوە تاوەکو دەگەنەوە هەولێر 11 کاژێریان پێدەچێت.
سۆران مەهدی، بەخێوکەری کۆتری نامەبەر لە هەولێر دەڵێ "ئەمساڵ پێشبڕکێ سازدەکەین و ناوی هەموو خاوەن کۆترەکان تۆمارکراوە و ناونووسینیش بەردەوامە. هیوادارام براگەورە بێتە سەرهێڵ و شوێنێکی باشمان بۆ دابین بکات، لەبەرئەوەی ئەو پێشبڕکێیە جیهانییە."
مەرجی رێکخەرانی پێشبڕکێ بۆ خاوەن کۆترەکان ئەمساڵ ئەوەیە؛ دەبێت کۆتری بەشداربوو تەمەنی لە شەش مانگ زیاتر بێت.
وەرزی رابردوو زیاتر لە 8 هەزار کۆتری نامەبەر بەشداریی پێشبڕکێکەیان کردبوو.
هەر کۆترێک لەم پێشبڕکێیە یەکەم بێت، دەبێتە خاوەن بڕوانامەی باوەڕپێکراو، کە وا دەکات نرخەکەی بەرزبێتەوە و خواست لەسەر کڕینی زیادبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ