رووداو دیجیتاڵ
یەکەم بارانی پاییز لە هەولێر، بووە هۆی هەستانەوەی ئاو لە چەند گەڕەکێک. ئاو لە گەڕەکی ئازادیی بەحرکە چووە نێو چەند ماڵێک کە هەفتەیەکە کەلوپەلی تازەیان داناوە و ژنێک دەڵێت، لە 10 خولەکدا نێو ماڵیان پڕ بوو لە ئاو.
شادمان تاجەدین، دانیشتووی بەحرکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "توخوا ئەوە راستە! هەموو جار خەریکی خاوێنکردنەوەبین، وایلێهاتووە زستانان مافوور دانەنێین ئیلا لە هاوین دایبنێن، هەموو جار ماڵمان وێران دەبێت، هەموو کەلوپەلەکانمان تازە کڕیوە."
عەبدولستار عومەر، دانیشتووی گەڕەکی ئازادی لە بەحرکە دەڵێت، "کێشە ئەوەیە ئەو مەزرایە بە سەقەتی دروستکراوە، رێڕەوی هەموو ئەو گەڕەکانە هاتووەتەوە سەر ئەم مەزرایە و لێرەش تەحەمول ناکات."
لە گەڕەکی تۆپزاواش لە هەولێر، بەرزبوونەی ئاو زیانی بە 8 ماڵ و دووکان گەیاند. باران نەسرەدین، هاونیشتمانی دەڵێت، "ئەمە حاڵە ئێمە تێیداین! من لە ماڵ بەتەنیام لەگەڵ دوو منداڵ، باشە ئەگەر ئەم رووداوە نیوەشەو روویدابا، ئێمە چیمان کردبا ئەگەر ئەو دراوسێیانە بە فریای من نەدەهاتن، چی دەبوو."
لە بەشێکی شەقامی 60 مەتریش، نێو کاژێر کێشە بۆ هاتووچۆ دروستبوو، هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاو لەو گەڕەکانەی هەولێر، بۆ کێشەی ئاوەڕۆکان دەگەڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ