ئەمریکا داوای جێبەجێکردنی "تەواوەتی" بڕگەکانی رێککەوتنی شنگال دەکات

03-08-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا داوای جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنی شنگال و یاسای رزگاربووانی ئێزدی دەکات. 
 
لە دەیەم ساڵیادی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی دا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "ئەمڕۆ یادی قوربانیانی جینۆساید، تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و پاکتاوی نەتەوەیی دژی ئێزدییەکان، کرستیانەکان و موسڵمانانی شيعە لەسەر دەستی داعش، دەکەینەوە و بەهێزیی رزگاربووانیش بەرز دەنرخێنین. هەروەها یادی موسڵمانانی سوننە، کوردەکان و پێکهاتە کەمینەکانی دیکەش دەکەینەوە کە قوربانیی تاوانەکانی داعش بوون."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها دەڵێت "پشتیوانیی ئێمە بۆ ئەو کۆمەڵگانەی رووبەڕووی ئەم تراژیدیا تۆقێنەرە بوونەوە، نەگۆڕە."
 
ئەمڕۆ 10 ساڵ بەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزدیدا تێدەپەڕێت. لە گەرمەی جەنگی نێوخۆی سووریادا، لە 3ـی ئابی 2014، رێکخراوی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) شاڵاوێکی خوێناویی کردە سەر شنگال و دەوروبەری. لە هێرشەکەدا 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێنکران و دوای هێرشەکەش ژمارەیەکی زۆریان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و دواتریش دەیان هەزار کەسیان روویان لە دەرەوە کرد. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کە هێشتا سەرووی دوو هەزار و 600 ژن و کچی کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن. 
 
هەروەها رایدەگەیێنێت "ئێمە، بەردەوام داوای جێبەجێکردنی یاسای رزگاربووانی ئێزدی و جێبەجێکردنی تەواوەتیی بڕگەکانی رێککەوتنی ساڵی 2020ـی شنگال دەکەین کە پەیوەستن بە ئاسایش، ئاوەدانکردنەوە و بەڕێوەبردن [ـی قەزاکە]، بە راوێژ لەگەڵ هەموو ئەو کۆمەڵگانەی شنگال بە ماڵی خۆیان دادەنێن."
 
سێ ساڵ دوای راگەیاندنی بەزاندنی داعش، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 رێککەوتنێکیان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال واژۆکرد، دەرکردنی هەموو هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە قەزاکە، لەگەڵ راسپاردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بە پۆلیس و دەزگەی ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی فیدراڵی، هەروەها دانانی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و رەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان لەخۆدەگرێت، بەڵام لەوکاتەوە رێککەوتنەکە بەهۆی ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا و ملکەچنەبوونی گرووپە چەکدارەکان، جێبەجێ نەکراوە.
 
پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021 یاسای رزگاربووانی ئێزدی پەسندکرد بۆ ئەوەی ئەوانەی لە دەستی داعش رزگار بوون، قەرەبوویان پێ بدرێت. 
 
رۆژی شەممە، حوسێن قائیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی کوردی ئێزدی، بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا لە کۆی ئەو شەش هەزار و 417 کەسەی لە لایەن داعشەوە رفێندرابوون، سێ هەزار و 579ـیان رزگارکراون، کە هەزار و 210ـیان ژنن. 
 
بەڵام قائیدی گوتی "بەداخەوە، حکومەتی فیدراڵیی عێراق تەنیا یەک هەنگاوی [بۆ یارمەتیدانی ئێزدییەکان] ناوە کە ئەویش پەسندکردنی یاسای رزگاربووانی ئێزدی بوو لە ساڵی 2021، بەڵام ئەو یاسایە 30 بڕگە و 13 بەند لەخۆی دەگرێت، کە بە بڕوای من 20 تاوەکو 30 ـیان جێبەجێنەکراون."
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا کە بە ناوی ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتەکەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "ئەمڕۆ، یەک دەیە دوای ئەم تراجیدییە تۆقێنەرە، عێراق دەرفەتی ئەوەی لە پێشە کە رێچکەیەکی نوێ بەرەو ئاشتی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو کۆمەڵگە جیاجیاکانی عێراق بگرێتەبەر. بە کردنی ئەو کارە، عێراق دەتوانێت بۆ هەموو ناوچەکە ببێتە نموونەی هەمەگریی ئایینی و نەتەوەیی."

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی لووتکەچیای هەڵگورد لە 30-12-2022ـی. چیای هەڵگورد بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو

زانکۆی کوردستان: چیاکانی زاگرۆس کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە

جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی رەسەن لەسەر چیاکانی زاگرۆس نەکراوە، گوتیشی، ''لە کۆپ29 داوامان لە چەند زانکۆی نێودەوڵەتی کردووە، سەردانی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر چیاکانی زاگرۆس بکەن.''