رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نۆیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی رایگەیاند "ئاگادارین دۆخی ئێزدییان لە شنگال زۆر خراپە." جەختیشی کردەوە لەوەی بۆ چارەسەرکردنی دۆخی شنگال "دەبێت هێزەکانی سەر بە پەکەکە و ئەو هێزانەی خەڵکی شنگال نین، شنگال بەجێبهێڵن."
بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 3ـی ئابی 2023) لە هەولێر یادی نۆ ساڵەی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی کرایەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە دۆخی کوردانی ئێزدی کرد و، گوتی "دۆخی ئێزدییان لە دەڤەری شنگال زۆر خراپە، لەبەرئەوەش ئەو خێزانانەی گەڕابوونەوە شنگال، جارێکی دیکە بە ناچاری بەجێیانهێشت، ئەمەش لەبەر کەمیی خزمەتگوزاری، نەبوونی ئاسایش و ئارامی و نەبوونی دەرفەتەکانی کار".
هەرچەندە لە مانگی 11ـی ساڵی 2015ـەوە شنگال لە ئۆپەراسیۆنێکی دوو رۆژیی پێشمەرگەدا بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی لە دەستی داعش ئازادکرا، بەڵام تائێستا ئاوەدان نەکراوەتەوە و بەشێکی زۆری کوردانی ئێزدی، کە لەگەڵ هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەکانیان ئاوارە بوون و لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوون، نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان، تەنانەت ئەوانەش کە گەڕانەوە، بەشێکیان جارێکی دیکە بەرەو کەمپەکان هاتوونەتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا گوتی "پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بایەخێکی تایبەت بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال بدات، کە زیاتر لە هەموو شوێنێکی دیکە لە هێرشی داعش زیاندمەندە، چونکە لە شنگال جگە لە جادە و بان، خێزان و کۆمەڵگەش تێکدرا، ئەنفالێکی گەورەی خەڵکی شنگال کرا."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، گۆڕینی دۆخی شنگال "بەرپرسیاریێتیی هەموومانە لە عێراق و هەرێمی کوردستان."
بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن بە ئاسوودەیی لە شنگال و دەوروبەری بژین، نێچیرڤان بارزانی دەڵێ "دەبێت هەموو ئەو هێزانەی خەڵکی شنگال نین، ناوچەکە بەجێبهێڵن، بەڕێوەبردن و پاراستنی شنگال بدرێتەوە دەست خەڵکی شنگال. دەبێت هێزەکانی سەر بە پەکەکە و ئەو هێزانەی لە دەرەوە هاتوونەتە ناوچەکە، بەجێیبهێڵن، ئەو هێزانە تەنیا بەڵا و نائاسوودەییان بۆ ئێزدییەکان دروستکردووە و برینەکانیان قوڵکردوونەتەوە."
لە ئەنجامی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال زیاتر لە 5000 کوردی ئێزدی لەلایەن داعشەوە کوژران و تائێستاش 83 گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی دۆزراونەتەوە. نێچریڤان بارزانی لە بەشێکی وتارەکەیدا بە وردی داتاکانی تایبەت بە قوربانییانی کوردانی ئێزدیی خستەڕوو و رایگەیاند "بەداخەوە تائێستا 1244 کچ و ژن و 1402 پیاو و گەنجی رفێندراوی ئێزدی بێسەروشوێنن. تاكو ئێستا 1208 ژن، 339 پیاو، 2023 منداڵ رزگار کراون".
"پەرێشانيی دۆخى ئێزديیان، هه‌ميشه بەشێکی گرنگى گفتوگۆمانه لەگەڵ لایەن و بەرپرسانی وڵاتانی جیهاندا. بەخۆشحاڵییەوە هاودەنگيی جیهان لەسەر جینۆسایدی ئێزدیيان دروست بووە و لە فراوانبووندایە."، ئەمەش بەشێکی دیکەی گوتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو کە نەیشاردەوە "بەڵام بەداخەوە هاودەنگییەکی ناوخۆیی لە عێراق لەسەر چارەسەرکردنی بارودۆخی دەڤەری شنگال دروست نەبووە، ئەمەش کارێکی زۆر خراپە بەرامبەر خەڵکی دەڤەری شنگال دەکرێت."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی گوتارەکەیدا داوای لە پەرلەمان، حکومەت و لایەنە سیاسییه‌كانى کوردستان و عێراق بەگشتی کرد "کۆبوونەوەی تایبەت بکەن بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی رابردوو و دانانی چارەسەری خێراى کردەیی بۆ بارودۆخی دەڤەری شنگال."
دەقی گوتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
کەسوکاری قوربانیيانی جینۆسایدی ئێزديیان،
ئامادەبووانی بەڕێز..
ڕۆژتان باش، بە خێر بێن بۆ ڕێوڕەسمی ساڵيادى کارەساتی خه‌مگينى شه‌نگال و جینۆسایدی ئێزديیان.
یادکردنەوەی جینۆسایدی ئێزدیيان، یادکردنەوەیەکی زۆر جیاواز و تایبەتە، چونکە ئەو جینۆساید و کارەساتە بەلای ئێمه‌وه هێشتا کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە. هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ژن و منداڵ و پیاوانی ڕفێندراوی ئێزدی، بێسەروشوێنن. تاکو یەک ڕفێندراوی ئێزدی مابێت، تاوانەکە کۆتایی نەهاتووە و لێكه‌وته‌كانى ئه‌و كاره‌ساته تا ئه‌مڕۆش خه‌م و ژان و ئازار بۆ ئێزدييان و بۆ هه‌موو گه‌لى كوردستان، له‌گه‌ڵ خۆي‌دا ده‌هێنێت.
ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە هەموومان پێکەوە ڕێز لە قارەمانی و قوربانیدانی پێشمەرگە بگرین، کە دوای خۆڕێکخستنەوەی پێشمەرگە لەژێر فەرماندەیيی سەرۆک مەسعوود بارزانى ـدا، ئەفسانەی داعش لەسەر زەوی تێکشکێندرا. سڵاو لە گیانی پاکی ئەو قارەمانانەی گیانی خۆیان بەخشی لەپێناو ڕزگارکردنی شه‌نگال و پاراستنی هەموو کوردستاندا. سوپاس و پێزانين بۆ پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش له پێشمه‌رگه و هێزه عێراقييه‌كان.
سوپاس بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان کە دەرگاکانی خۆیان کردەوە بۆ ئاوارەکان، بۆ ئاواره‌ى ئێزدى، بەتایبەتيش سوپاس بۆ خەڵکی پارێزگای دهۆک کە بە هەموو شێوەیەک هاوکار بوون لەگەڵ خوشک و برايانى ئێزدی. ئه‌وه هه‌رگيز له‌بير ناچێته‌وه كه له ديمه‌نێكى زۆر مرۆڤانه‌دا له بادينان خه‌ڵك ده‌رگاى ماڵ و قوتابخانه و هه‌تا مزگه‌وته‌كانيشى بۆ پێشوازى و حه‌واندنه‌وه‌ى خوشك و برايانى ئێزدى كرده‌وه.
دەستخۆشی لە ڕێکخراوی یەزدا دەکەم کە ئەم ڕێوڕەسمەيان ڕێکخستووە، هەروەها دەستخۆشی لە کارەکانیان دەکەم، هه‌موو ئه‌و كارانه‌ى لەپێناو ئێزدیياندا کردوویانه. هیوادارم به‌م گوڕ و تين و به‌م هێزەوە لە کارەکانیان بەردەوام بن. سوپاسێكى تايبه‌ت بۆ خاتوو نادیە موراد بۆ هه‌موو ئه‌و كارانه‌ى لەپێناو ئێزدیياندا دەیکات.
سوپاسی هەموو ئەو پەرلەمان و حكوومه‌ت و ڕێکخراوانە دەکەم لە جیهان کە کارەساتی شه‌نگالیان وەک جینۆساید پەسەند کرد و به هه‌ر شێوه‌يه‌ك بێت يارمه‌تيى ئێزدييان ده‌ده‌ن. دواهه‌مينيان حكوومه‌تى به‌ريتانيا بوو كه ڕۆژى يه‌كى ئه‌م مانگه كاره‌ساتى ئێزدييانى به جينۆسايد ناساند، سوپاس و ده‌ستخۆشييان لێده‌كه‌ين، داوا دەکەین وڵاتانی دیکەش ئەو تاوانە گەورەیە وەک جینۆساید بناسێنن.
ئێمه له هه‌رێمى كوردستان، به ڕێز و پێزانينه‌وه له هه‌ڵوێست و هاوسۆزى و هاوكارى و پشتيوانيى ئه‌و وڵاتانه ده‌ڕوانين كه يارمه‌تيى كۆمه‌ڵگه‌ى ئێزدييان داوه.
ئامادەبووانی بەڕێز ..
ڕۆژی ٣ی ئاب فەرمانێکی دیکەی ڕەش بەسەر ئێزدیياندا هات و کارەساتێکی دیکە چووە مێژووی گەلی کوردستانەوە كه هيچ كه‌س باوه‌ڕى نه‌ده‌كرد له سه‌ده‌ى بيست و يه‌كه‌مدا تاوانكارييه‌كى ئاوا دڕه‌نده دژ به مرۆڤ ئه‌نجام بدرێت. کارەساتی ئەم جارە زۆر ناخهەژێن بوو، دڵی هەموو کەسێکی له هه‌موو پێكهاته‌كانى لە کوردستان ئازار دا، چونکە داعش بەوپەڕی دڕندەیی، ژن و منداڵی ئێزدييان ڕفاند و کڕین و فرۆشتنی پێ کرد، ده‌ستى له سه‌ربڕين و كوشتنى مرۆڤ و سووتاندن و ڕووخاندنى ماڵ و په‌رستگاكانى ئێزدييان نه‌پاراست. ئەو تاوانە، تاوانێكى بێهاوتاى سه‌رده‌م بوو.
لە ئەنجامی ئەو وەحشگەرییەی داعشدا، زیاتر لە (٥,٠٠٠) ئێزدی لەلایەن داعشەوە شەهید کران، له‌وانه (٤٠٠) کەس پێکەوە لە گوندی کۆجۆ کۆمەڵکوژ کران. تا ئێستا (٨٣) گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، هێشتا (١٣٥) هەزار ئاوارەی ئێزدی لە کەمپەکانن، لەژێر خێوەت و له دۆخێكى سه‌ختدا دەژین، (١٨٩) هەزاریش لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەتەوە دوای دەربەدەربوونیان لە دەڤەری شه‌نگال. (٢,٧٤٥) منداڵ بەهۆی هێرشی داعشەوە بێ دایک‌وباوک بوونە. ئه‌مه جگه له هه‌زاران ئێزديى ديكه كه ئاواره‌ى ئه‌ورووپا و وڵاتان بوون و له خاك و وڵات و كه‌سوكاريان دابڕاون.
بەداخەوە تا ئێستا (١,٢٤٤) کچ و ژن و (١,٤٠٢) پیاو و گەنجی ڕفێندراوی ئێزدی بێسەروشوێنن.
تا ئێستا (١,٢٠0) ژن، (٣٣٩) پیاو، (2,٠23) منداڵ ڕزگار کراون. لێرەدا ده‌مه‌وێ دەستخۆشییەکی تایبەت لە بەرپرسى نووسينگه‌ى ڕزگاركردنى ڕفێندراوانى ئێزدى و یەک بە یەکی ئەندامانی تيمه‌كه‌يان بکەم. دووبارەی دەکەمەوە: تاکو یەک ڕفێندراوی ئێزدی مابێت، ئەو بەشە له نووسینگه‌ى ئێمه بەردەوام دەبێت لە دۆزینەوە و ڕزگارکردنی ڕفێندراوان.
ئامادەبووانی بەڕێز..
بارودۆخی ئێزدیيان لە دەڤەری شه‌نگال زۆر خراپە، لەبەرئەوەش زۆر لەو خێزانانەی گەڕانەوە بۆ شه‌نگال جارێکی دیکە بە ناچاری شه‌نگالیان بەجێهێشتووە بەهۆی کەميی خزمەتگوزارییەکان، نەبوونی ئاسايش و ئارامى و نەبوونی دەرفەتەکانی کار.
زۆر پێویستە حکوومەتی عێراقى فيدراڵ بایەخێکی تایبەت بە خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی شه‌نگال بدات كه زیاتر لە هەموو شوێنێکی دیکە زیانمەنده لە هێرشی داعش، چونکە لە شه‌نگال جگە لە خانووبەرە و جادە و بان، خێزان و کۆمەڵگه‌ش تێکدرا، ئەنفالێکی گەورەی خەڵکی شه‌نگال کرا. زامێكى قووڵ له گيان و ده‌روونى ئێزدييان و خه‌ڵكى شه‌نگالدا كرايه‌وه كه هه‌رگيز به ئاسانى ساڕ‌ێژ نابێت و يارمه‌تى و هاوكاريى هه‌موومانى پێويسته.
تاوانێک دژی خەڵکی ئێزدی كرا کە کاریگەریی کۆمەڵایەتی و دەروونی زۆر گەورەی دروست کردووە. بەهۆی ژیانی بێ خزمەتگوزاری و نۆ ساڵ ژیان لەژێر خێوەتدا، کاریگەریی ئەو جینۆسایدە زیاتر بووە. ئێمه له نزيكه‌وه ئاگادارى دۆخى ژيانى سه‌خت و قورسى ئه‌وانين له كه‌مپه‌كان. گۆڕينى ئه‌م دۆخه به‌رپرسياريه‌تيى هه‌موومانه له عێراق و هه‌رێمى كوردستان.
جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شه‌نگال له‌نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵدا ڕێگە دەکاتەوە بۆ گەڕانەوەی خەڵکی شه‌نگال و ناوچه‌كه. بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێت بە ئاسوودەیی لە شه‌نگال و ده‌وروبه‌رى بژیت، دەبێت هەموو ئەو هێزانەی خەڵکی شه‌نگال نین ناوچەکە بەجێبێلن و بەڕێوەبردن و پاراستنی شه‌نگال بدرێتە دەست خەڵکی دەڤەری شه‌نگال و دەسەڵاتێکی یاسایی. دەبێ هێزەکانی سەر بە پەکەکە و هەموو ئەو هێزانەی لە دەرەوە هێنراون، ناوچەکە بەجێبێلن. ئه‌و هێزانه ته‌نيا به‌ڵا و نائارامى و ناسه‌قامگيرى بۆ شه‌نگال و ئێزدييان دروست كردووه و برينه‌كانيان قووڵتر كردووه‌ته‌وه.
بەڕێزان ..
ئێزدی خاوەن باوەڕێکی مرۆڤدۆستانه‌ى ئاشتیخوازانەن، هێرش ناکانە سەر هیچ کەس و میللەتێک، دەست ناخەنە ناو ئایینی هیچ کەسێکەوە، کەسیش قبووڵ ناکەن ئايينى خۆى بگۆڕيت و بچێته سه‌ر ئايينه‌كه‌يان، بۆ ئەوەی ئاشتییەکی بەردەوام بپارێزن. لەگەڵ هەموو دەوروبەرەکەیان زۆر ئارامن. قەولێکی جوانی ئێزدیيان هەیە لەوبارەوە دەڵێت:
ل بۆڕێ حور، سوار بن
ب نەفساڕا گوهدار بن
لگەل هەموو مەخلووقا یار بن
ئێزدی و ئێزدیياتی باوەڕ و ئەدەبیات و زمانی لە کوردستان پاراستووە، بەهۆی ئەوەی زمانی خواپەرستيی ئێزدیيان کوردییە. لەوانەیە کوردێکی نائێزدی ببینی لە شارێک، یان پارچەیەکی کوردستان، یان لە دەرەوە کە زمانی کوردی نەزانێت، بەڵام هیچ ئێزدییەکی ئاييندار لە هیچ شوێنێک نابینی کوردی نەزانێت.
لە هەموو شۆڕشەکانی کوردستاندا ئێزدی ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە، هەر لەبەرئەوەش باوک و باپیرانمان ئێمەیان لەسەر خۆشه‌ويستى و ڕێزگرتن له ئێزدییان ڕاهێناوە. هیچ کاتێکیش دوژمنانی کوردستان دەستیان لە ئێزدیيان نەپاراستووە. لەکاتی پرۆسەی ئەنفالیشدا چەندين گوندی ئێزدی ئەنفال کران.
ئێزدی هەمیشە بەشێکی دیار و خۆشەویستی گەلی کوردستان بوونه و هەر بەو شێوەیەش دەمێننەوە. ئێزدى و هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان له هه‌ر ئايين و نه‌ته‌وه‌يه‌ك بن، له دێرزه‌مانه‌وه هه‌ميشه ئاشتيانه پێكه‌وه ژياون. ئه‌مڕۆ لێره‌وه خوشك و برايانى ئێزدى و هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه وڵاته‌كه‌مان كوردستان بۆ هه‌ميشه به لانه‌ى پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى ده‌مێنێته‌وه و هه‌رگيز ڕێگه به وتارى ڕق و توندڕه‌وى ناده‌ين و له وڵاته‌كه‌مان جێگه‌ى نابێته‌وه.
ئامادەبووانی بەڕێز ...
پەرێشانيی دۆخى ئێزديیان هه‌ميشه بەشێکی گرنگى گفتوگۆمانه لەگەڵ لایەن و بەرپرسانی وڵاتانی جیهاندا. بە خۆشحاڵییەوە هاودەنگيی جیهان لەسەر جینۆسایدی ئێزدیيان دروست بووە و لە فراوانبووندایە، بەڵام بەداخەوە هاودەنگییەکی ناوخۆیی لە عێراق لەسەر چارەسەرکردنی بارودۆخی دەڤەری شه‌نگال دروست نەبووە، ئەمەش کارێکی زۆر خراپە بەرامبەر خەڵکی دەڤەری شه‌نگال دەکرێت.
ئێستا کاتێکی گرنگە کە لێرەوە داوا لە پەرلەمان و حکوومەت و لایەنە سیاسییه‌كانى کوردستان و عێراق بەگشتی بکەم کۆبوونەوەی تایبەت بکەن بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ڕابردوو و چارەسەركردنى خێراى کردەیی بۆ بارودۆخی دەڤەری شه‌نگال.
لەبەرئەوە زۆر پێویستە پەرلەمان و هەموو فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی فيدراڵيى عێراقى لەسەر هەنگاونانی کردەیی بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شه‌نگال ڕابوەستن و کاری لەسەر بکەن.
جارێکی دیکە سەری ڕێز لەبەردەم گیانی پاکی قوربانیيانی جینۆسایدی ئێزديیان دادەنەوێنین، سوپاس بۆ ڕێكخراوى يه‌زدا و سوپاس بۆ ئامادەبوون و بەشداربوونى هه‌مووتان.
بەخێربێن..
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ