سەرۆک بارزانی لە بەغدا پێشوازی لە باڵیۆزی چەند وڵاتێک کرد

03-07-2024
پەیمان محەممەد
نیشانەکردن سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی چەند وڵاتێک لە بەغدا سەردانی سەرۆک بارزانیان کرد و پاڵپشتیی خۆیان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەربڕی.
 
بەپێی راگەیێندراوەکانی بارەگای بارزانی، رۆژی چوارشەممە، 03-07-2024 سەرۆک مەسعود بارزانی لە بەغدا، پێشوازیی لە باڵیۆزی چەند وڵاتێک کردووە و لە دیدارەکاندا بابەتی جیاجیا تاوتوێ کراون.
 
''فەرەنسا پێشوازی لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکات''
 

سەرۆک مەسعود بارزانی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێشوازی لە پاتریک دوریل، باڵیۆزی فەرەنسای لە عێراق کرد.
 
وەک لە راگەیێندراوی بارەگای بارزانیدا هاتووە، ''لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە کێشە و گرفتە سیاسییەکانی عێراق، هۆکارەکانی سەردانەکەی بۆ بەغدا و دیداری لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق شیکردەوە.''
 
هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق بە ''بایەخەوە'' باسی سەردانی سەرۆک بارزانی کرد بۆ بەغدا و، پێشوازیشی لە دیاریکردنی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، رایگەیاند وڵاتەکەی پشتیوانی لە باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ دەکات.
 
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، فەرەنسا و پەرەسەندنە هەرێمایەتییەکان تەوەرەکانی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.
 
''بەریتانیا بە بایخەوە سەیری هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات''
 

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دیکەی بارەگای بارزانی، سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ستیڤن هیتچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد ''جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، بابەتی مانەوەی هێزی هاوپەیمانان و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان'' تەوەری گفتوگۆی دیدارەکە بوون. 
 
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق جەختی لە پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا و باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کردووەتەوە و، ئاماژەی داوە، ''بەریتانیا لە هەموو دۆخێکدا بە بایەخەوە سەیری عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، بەتایبەتی لەبارەی بابەتە ئابوورییەکان و هەڕەشەی تیرۆر و دیاردەی کۆچ.''
 
''رووسیا حەز بە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات''
 

ئیلبروس کوتراشیڤ باڵیۆزی رووسیا لە عێراق یەکێکی دیکە لەو کەسانە بوو کە لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە پێشوازیی لێکرا.
 
لە دیدارەکەیاندا بیروڕا لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەروەها بارودۆخی سیاسیی عێراق گۆڕدرایەوە و باڵیۆزی رووسیا باسی لەوە کردووە، ''وڵاتەکەی حەز بە سەقامگیریی عێراق و باشتربوونی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ دەکات.''
 
گۆڕانکاری، پەرەسەندنە هەرێمایەتییەکان و ئەو هەڕەشانەی سەقامگیریی ناوچەکەیان کردووەتەوە ئامانج، بەشێکی دیکە بوون لە گفتوگۆکانی نێوان سەرۆک بارزانی و ئیلبروس کوتراشیڤ.
 
سەرۆک بارزانی بۆ باڵیۆزی چین: خواست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەبیندرێت

 

 
لە راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانیدا هاتووە، سەرۆک بارزانی و تسوی وی، باڵیۆزی چین لە عێراق لە دیدارێکدا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی چینیان لە بوارە جیاجیاکان تاوتوێ کردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر دۆخی سیاسیی عێراق و سەرۆک بارزانی رایگەیاندووە کە ''خواست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەبیندرێت و بە دەرفەتێکی باشی لەقەڵەم دا، بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان و رەچاوکردنی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان.''
 
هاوکات باڵیۆزی چین خۆشحاڵیی خۆی لە سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا دەربڕیوە و پشتیوانیی وڵاتەکەشی بۆ چارەسەربوونی گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕاگەیاندووە. 
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تسوی وی هەروەها خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیاریکردنی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان پیشانداوە.
 
بڕیارە کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی بەیانیش بەردەوام بن. بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، سەرۆک بارزانی لە سەردانەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتەکانی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و بەرپرسانی هێز و لایەنە سیاسییەکان کۆببێتەوە.
 
کۆبوونەوەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و کۆتاییهێنانن بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی.

 

سەرۆک بارزانی: بۆ باسکردنی ئەو بابەتانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە سەردانی بەغدام کرد
 
یەکەم کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ باڵیۆزەکان لە بەغدا لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا بوو لە عێراق.
 
بەگوێرەی بارەگای بارزانی سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکە لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند " ئەمە، پرسێکی نیشتیمانییە و پەیوەست نییە بە لایەنێک و دەبێ سەقامگیری و بەرژەوەندییەکانی عێراق لەبەرچاو بگیرێت."
 
لە دیدارەکەدا باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق "پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ سەردانەکەی سەرۆک بارزانی و باشتربوونی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا راگەیاند."
 
بارەگای بارزانی دەڵێت، ئەلینا رۆمانۆوسکی جەختیکردەوە، لەوەی "هانی حکومەتی هەرێم[ـی کوردستان] و حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەدەن بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیان و بەردەوامی و بەهێزکردنی دیالۆگی نێوانیان."
 
لە کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق باسی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کراوە و بارەگای بارزانی رایگەیاند، ئەو باڵیۆزە "پێشوازی لە دیاریکردنی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد."

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە