رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) تۆمەتی ئەشکەنجەدانی چەکدارە دەستگیرکراوەکان و ئەندامانی خێزانیان رەتدەکاتەوە، کە لە لایەن رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵەوە ئاراستەیان کرابوون.
هێشتا 56 هەزار چەکداری داعش و ئەندامانی خێزانیان لە کەمپ و زیندانەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە ژێر چاودێریی هێزە زۆرینە کوردییەکەدان.
چەکدارەکان لە زیندانەکان و ژن و منداڵەکانیشیان لە کەمپی هۆڵ و رۆژن لە حەسەکە.
ئەگنس کاڵامارد، سکرتێری گشتیی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە راپۆرتێکی مانگی نیساندا گوتبووی، هەسەدە "تاوانی جەنگیی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپی کردووە. ئەگەر هەیە تاوانی جەنگیی کوشتنیشی کردبن.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیێندراوێکدا تۆمەتەکەی رەتکردەوە: "سەبارەت بە دەنگۆی ئەشکەنجەدان و کوشتنی نەخشەبۆدانراو، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رێز لە یاساکانی دەگرێت کە ئەو کارە نایاساییانە قەدەخە دەکەن، هەروەها ئێمە پابەندی یاسای نێودەوڵەتین."
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر هەر تاوانێکی لەو جۆرە کرابێت، ئەوا "کردەوەی تاکەکەسی" بوون. هەروەها داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە دەکات، هەر بەڵگەیەکیان هەبێت لەسەر هێزە ئەمنییەکانیان، بیخاتەڕوو بۆ ئەوەی "تاوانکاران بە سزا بگەیێندرێن."
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت: "ئێمە بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ کراوەین سەبارەت بە راسپاردەکانی، کە پێویست بە هەوڵی بەهێزی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە."
زۆربەی نیشتەجێکراوەکانی کەمپەکانی هۆڵ و رۆژ ژن و منداڵن و لە دۆخێکی ناخۆشدا دەژین.
هۆڵ گەورەترین کەمپی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریایە، زیاتر لە 43 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێکراون، کە خەڵکی 47 وڵاتن و زۆربەیان کەسوکاری چەکدارانی داعشن.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، چەندین جار داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بەرپرسیارێتیی خۆیان بەجێبگەیێنن و یارمەتیدەر بن لە دابینکردنی پێداویستییەکانی کەمپەکان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن، کە پێویستیان بە سەرچاوەی دارایی گەورە هەیە، کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نیەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ