رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.0 پلەی رێختەر روویدا، پارێزگاری خارپێت دەڵێت، تائێستا هیچ راپۆرتێکیان لە بارەی زیانەکانی بوومەلەرزەکە بە دەست نەگەیشتووە.
بەگوێرەی راگهیێندراوێكی سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا- ئافاد، بوومەلەرزەکە لە کاژێر 23:57 خولەکی شەوی پێنجشەممە 2024 لە شارۆچكەی "سیڤریجە" سەر بە پارێزگای خارپێت لە قووڵایی 8.77 کیلۆمەتر تۆمارکراوە.
بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ترس و دڵەڕاوکێ لە نێو خەڵکی دروستبووە، بوومەلەرزەکە لە ناوەندی شاری خارپێت و ناوچەکانی دەوروبەریش هەستی پێکراوە.
عومەر تۆرامان پارێزگاری خارپێت بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "تیمەکانمان لە ناوچەی بوومەلەرزەکە پشکنین دەکەن، تائێستا هیچ راپۆرتێکی نەرێنیمان بەدەست نەگەیشتووە".
لە 6ی شوباتی 2023 دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر لە پارێزگای مەڕەشی باکووری کوردستان روویاندا. بوومەلەرزەکان 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند.
بەگوێرەی ئاماری فەرمیی دەوڵەتی تورکیا، زیاتر لە 53 هەزار کەس بەهۆی هەردوو بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ