چیرۆکی گەورەترین زەرەرمەندی سووتانی بازاڕەکەی دهۆک؛ 'نیو ملیۆن دۆلار زەرەرم کردووە'

03-04-2024
هونەر رەشید
چیرۆکی گەورەترین زەرەرمەندی سووتانی بازاڕەکەی دهۆک
چیرۆکی گەورەترین زەرەرمەندی سووتانی بازاڕەکەی دهۆک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

تیمی رووداو داوایان لە دووکاندارانی بازاڕی چەلێی دهۆک کرد کە زەرەرمەندترین کەس لە ئاگرەکەی رۆژی دووشەممە بۆیان دەستنیشان بکەن، هەموویان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی، ئەو کەسە دووکاندارێکە بەناوی سەگڤان محەممەد.
 
سەگڤان تەنیا دووکانی نەبوو، بەڵکوو دوو نهۆمی سەرەوەی دووکانەکەشی هەریەکەیان کۆگەیەکی 400 مەتری بوو، دوای ئەوەی هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە مووچە دابەش دەکرێت، بە گوتەی خۆی بە بەهای نیو ملیۆن دۆلار کاڵای هێنابوو.
 
سەگڤان محەممەد بە رووداوی گوت "پێش ئاگرەکە بە هەفتەیەک بۆ 10 رۆژ، کاڵامان بە بەهای 24 دەفتەر دۆلار (240 هەزار دۆلار) گەیشتبوو، دوای ئەوەی هەواڵ گەیشت کە مووچە پێش جەژن دابەش دەکرێت، ئیدی بە بەهای 25 بۆ 30 دەفتەر دۆلار (250 بۆ 300 هەزار دۆلار) کاڵامان لە تورکیاوە کڕی، ماڵەکەمان گەیشت و بەویستی خوا ئەو رووداوە روویدا."
 
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێ بەگشتی بە بەهای نیو ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە، ئەوەش تەنیا لەئەنجامی سووتانی کاڵاکانی، جگە لە زیانی سووتانی بینای دووکان و کۆگەکانی.
 
بەگوتەی دووکانداران، بەشێکی دووکاندارەکان بەزیادەوە زیانەکانیان بەو لیژنانە گوتووە، کە بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێنراون، بۆیە دەخوازن لیژنەیەکی تایبەتمەند لە بازرگانانی دەڤەرەکە پێکبهێنرێت بۆ خەمڵاندنی ژمارەکان بە دروستی.
 
تەحسین سلێمان، دووکانداری بازاڕی چەلێ دەڵێ "ئێمە، لەگەڵ دووکاندارەکان هەموویان یەکدی دەناسین، هەندێکیان هەندێک ژمارەیان دەگوت، کە ئێمە وەک دراوسێیان پێکەنینمان دەهات. هەندێکیان گوتوویانە ژمارەی زیاتر بڵێن. بەو هیویەی ئەو لیژنانە بەدوای ئەو ژمارانەوە نەبن، لەنێو بازاڕدا کەسی شارەزا هەن و باشترە لە نێو لیژنەکەدا هەبن."
 
هەتاوەکو ئێستا لیژنەی قەرەبووکردنەوەی زیاندمەندانی سووتانی بازاڕەکە لەسەر کارەکەی بەردەوامە، لیژنەکە چەندین لایەنی میریی تێدا ئەندامن و لەدوای تەواوبوونی کارەکانیان، راپۆرتی گشتی رادەستی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن، بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی قەرەبووکردنەوەیان بدرێت.
 
بێوار عەبدولقادر، گوتەبێژی بەرگری شارستانیی دهۆک بە رووداوی گوت "بەڕێوەبەرایەتی ئێمە راپۆرتێک دەداتە بەرگریی شارستانیی گشتیی لە هەولێر و دهۆک، دواتر دەدرێتە ئەنجوومەنی وەزیران و لەوێوە بڕیاری لەسەر دەدرێت."
 
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک لە ئاگرەکەی رۆژی دووشەممە (1-4-2024)ـی بازاڕی چەلێ، 150 دووکان و 20 کۆگە بەتەواوی سووتاون.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.