رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی لقی چواری پارتی رایدەگەیێنێت، ئێستا لەنێو هەرێمی کوردستاندا تیمی پرۆفشیناڵ هەیە بۆ دەستکاریکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، دەشڵێت "بەبێ پارتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکرێت."
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، لە کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانیدا، لە پەراوێزی پانێڵی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا لە سلێمانی رایگەیاند، "ئەوانەی کە داوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، دەبێ بە بڕیارەکەی خۆیاندا بچنەوە."
ئەو بەرپرسەی لقی چواری پارتی لە سلێمانی، لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەوە پێیوایە دەستکاری ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەکرێت. دەشڵێت: "زانیاریمان هەیە کە ئێستا لەناو هەرێمی کوردستاندا، تیمی پرۆفشناڵ هەیە بۆ دەستکاریکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن. ئێمە بە بەیاننامە گوتوومانە بۆچی بەشداری هەڵبژاردن ناکەین. هۆکارەکانیشی دیارن، پێمان وایە ئەمە پلانگێڕییە دژی کوردستان."
ئاری هەرسین لەبارەی نەکردنی هەڵبژاردن و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە ئاماژەی بەوەدا: "ئەگەر عێراق توانی قەوارەی هەرێم هەڵبوەشێنێتەوە با بیکات. هاوکات بەبێ پارتی هەڵبژاردن ناکرێت."
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداو، "ئەگەر دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانی دەرکرد؟" ئاری هەرسین گوتی، "ناتوانێت بڕیاری وا بدات، راستە لەناو عێراقدا حکومەت و سەرۆکوەزیران هەیە، بەڵام جەمسەری جیاوازی بڕیاردانیش هەیە، هەموویان بەو بڕیارە رازی نابن. هەروەها ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئەگەر قبووڵیان کرد، دادگەیەکی فاشیست بێ قەوارەی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، دەستیان خۆش بێت."
ئاری هەرسین لەبارەی کاریگەری بڕیارەکەی پارتی بۆ بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جەختی لەوە کردەوە: "بڕیارەکەی پارتی کاریگەری هەیە و ئەوە نییە هەڵبژاردن ناکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ