رووداو دیجیتاڵ
پارێزەری عومەری مامە کوردە لەبارەی دەستگیرکردنیەوە دەڵێت، "بە تۆمەتی سووکایەتی بە دامەزراوەکانی حکومەت دەستگیر کراوە؛ لە هەوڵی چڕداین تاوەکو ئازادی بکەین."
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی نیسانی 2024 ئاسۆ هاشم، پارێزەری راوێژکار کە پارێزەری عومەری مامە کوردەیە، بە رووداوی گوت، "لەسەر بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی، سەرۆکی داواکاری گشتی سکاڵای لەسەر تۆمار کردووە. نزیکەی 15 بۆ 16 رۆژە دەستگیر کراوە."
ئەو پارێزەرە دەشڵێت، "عومەری مامە کوردە، بەپێی مادەی 226 لە یاسای سزادانی عێراقی سکاڵاکەی لەسەر تۆمار کراوە. ئەو مادەیە، ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە سووکایەتی بە دامەزراوەکانی حکومەت و هێزە چەکدارەکان و دادگە دەکەن. ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە."
ئاسۆ هاشم ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو مادەیە دەرفەتی ئازادبوونی بەکەفالەت تێدایە؛ لە هەوڵی چڕداین تاوەکو بتوانین ئازادی بکەین. پێمانوایە لە چەند رۆژی داهاتوودا، دادوەری لێکۆڵینەوە ئازادی بکات."
عومەری مامە کوردە، لەنێو حیزبی نەوەی نوێ خۆبەخشە و لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەوە تۆمەتبارکردبوو کە "مووچەی مووچەخۆرانی بە بارمتە گرتووە و بە ئەنقەست مووچە دابەش ناکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ