گەشتوگوزاری هەڵەبجە: دوو پڕۆژەی گەشتیاریی گرنگ لە سنوورەکەمان دەکرێن

03-03-2024
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە دەڵێت، ئەم ساڵ دوو پڕۆژەی "گەشتیاریی گرنگ" لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێن و دەرخستەی ژمارەیەک پڕۆژەیشیان بە بڕی 700 ملیۆن دینار داوەتە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
 
چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەیانەوێت پڕۆژەی زیاتری وەبەرهێنان لە هەڵەبجە جێبەجێ بکرێن و لەو رێگەیەوە کەرتی گەشتوگوزار ببووژێننەوە، "بەڵام گرفتی ئێمە ئەوەیە هیچ زەوییەک لە سنووری هەڵەبجە بەناوی گەشتوگوزارەوە نییە."
 
رێبەری گەشتیاری 
 
بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە رێبەری گەشتیاریی پارێزگەکەی چاپ و بڵاوکردووەتەوە. 
 
رێبەرەکە لە 46 لاپەڕە پێکدێت کە تێیدا ئاماژە بە ژمارە تەلەفۆنە پێویستەکان، جەژن و بۆنە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە و ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگەکە ناسێندراون. هەروەها کۆمەڵێک وێنەی هەموو ئەو شوێنە گەشتیارییانە لەنێو رێبەرەکەدا نیشاندراون، ئەوەش بۆ راکێشانی سەرنجی زیاتری گەشتیاران. 
 
یەکێک لە بنەما گەشتیارییەکان، بە بازاڕکردنە. چیا قاسم گوتی، "لەبەر ئەو هۆکارە دەرکردنی رێبەرێک پێویست بوو. لەسەر ئەو بنەمایە لە ساڵی 2023ـەوە داتا و زانیاریمان بۆ رێبەرە گەشتیارییەکە ئامادەکرد و ئەم ساڵ بڵاومان کردەوە." 
 
گەشتوگوزاری هەڵەبجە دەڵێت، لە سنووری پارێزگەکە 36 شوێنی گەشتیاری هەن، بەڵام لەو رێبەرە گەشتیارییەدا باس لە 32 ناوچەی گەشتیاری کراوە، ئەوەش لەبەرئەوەی "هەندێک ناوچە رێگەوبانیان بۆ نەچووە و گەشتیار ناتوانن سەردانیان بکەن. لە داهاتوودا کە رێگەوبانەکانیان چاککرا، ئەوانیش زیاد دەکەین."
 
رێبەری گەشتیاریی پارێزگەی هەڵەبجە بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی چاپکراوە. چیا قاسم دەڵێت، "لە داهاتوودا زمانی فارسی و شێوەزاری هەورامیش بۆ رێبەرەکە زیاد دەکەین."
 
پلانی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بۆ وەرزی نوێی گەشتیاری
 
پارێزگەی هەڵەبجە شوێنی گەشتیاریی سەرنجڕاکێشی تێدایە و چوار وەرزە گەشتیاران سەردانی دەکەن. لە وەرزی بەهاریشدا سنوورەکە جەنجاڵیی زۆری گەشتیاران بەخۆیەوە دەبینێت.
 
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە دەڵێت، ئامادەکارییان بۆ وەرزی نوێی گەشتیاری کردووە و هاوئاهەنگییان کردووە بۆ ئامادەبوونی تیمە تەندروستی و ئەمنییەکان، جگە لەوەش "تیمەکانی ئێمە بەردەوام لە ناوچە گەشتیارییەکان دەگەڕێن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی گەشتیاران و چاودێریکردنی نرخ." 
 
لە دوو مانگدا 100 هەزار گەشتیار چوونەتە هەڵەبجە
 
ساڵی رابردوو نزیکەی 800 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگەی هەڵەبجەیان کردووە. لە دوو مانگی ئەم ساڵیشدا نزیکەی 100 هەزار گەشتیار چوونەتە پارێزگەکە.
 
لەپێناو بایەخدانی زیاتر بە کەرتی گەشتیاریی پارێزگەکە، ئەم ساڵ دوو پڕۆژەی گرنگ لە پارێزگەکە دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە. چیا قاسم دەڵێت، "بۆ ئەم ساڵ پڕۆژەی هەوارگەیەکی گەشتیاری لە ناحیەی بیارە بە سەرمایەی چوار ملیۆن دۆلار لە رێگەی وەبەرهێنانەوە جێبەجێ دەکرێت."
 
چیا قاسم گوتی، "پڕۆژەی هۆتێلێکی چوار ئەستێرەیی لە تەوێڵە کراوەتەوە و پێشوازی لە گەشتیاران دەکات؛ چاوەڕێ دەکەین ئەم ساڵ پڕۆژەی گەشتیاریی گەڕاوی ئاوی خورماڵ بە سەرمایەی سێ ملیۆن دۆلار بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە پڕۆژەیەکی جوانە، ئەوەش رێکارە کارگێڕییەکانی ماوە و چاوەڕێ دەکرێت ئەم ساڵ بتوانین جێبەجێی بکەین."
 
هیچ زەوییەک بەناوی گەشتوگوزاری ‌هەڵەبجەوە نییە
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە، کێشەیەکی سەرەکیی ئەوان، نەبوونی زەوییە بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، چونکە "تاوەکو زەوی لە وەزارەتەکانی دیکە وەردەگرین، رێکاری کارگێڕی زۆری دەوێت و ئەوەش گرفتێکی گەورەیە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەمان."
 
رۆژی 22ـی مانگی رابردوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی هەڵەبجەی کرد، لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگەکە کۆبووەوە و بەردی بناخەی پرد و رێگەی تووەقوتی دانا. هەروەها تابلۆی هاتووچۆی پارێزگەی هەڵەبجەی راگەیاند و کارگەیەکیشی کردەوە.
 
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە دەڵێت، "دەرخستەی ژمارەیەک پڕۆژەمان بە بڕی 700 ملیۆن دینار داوەتە سەرۆکوەزیران بۆ ئەوەی لە هەڵەبجە جێبەجێ بکرێن،" گوتیشی، "ساڵی رابردوو بایی 300 ملیۆن دینار پڕۆژەمان ئەنجامداوە کە ئەمە کەمە و لە ئاست خواستی ئێمەدا نییە." 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی سنووری قەزای شارەزووری کردو رایگەیاند، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینەیی گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین، "بەجۆرێک زۆرینەی ئەو پرۆژانەی هەمانن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون".