رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پێشووی پاسەوانەکانی بەرەی تورکمانی لە کەرکووک لە رووداوێکدا گیانی لەدەستدا و ئەو بەرەیە دەڵێت، "تیرۆر کراوە." هەروەها داوا لە فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکان دەکەن "تاوانباران"ى ئەو رووداوە دەستگیربکەن.
ئەحمەد تاهیر ئیسماعیل، بەرپرسی پێشووى فەرمانگەى پاسەوانیى بەرەى تورکمانى بووە؛ جگە لە گیانلەدەستدانی خۆی، دوو ئۆتۆمبێل لە ماڵەکەیدا سووتاون.
بەرەى تورکمانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، ئەحمەد تاهیر "تیرۆر کراوە"، لە رێگەى دانانى بۆمبێکى لکێندراو بەژێر ئۆتۆمبێلەکەیەوە.
بەرەى تورکمانى داوای لە فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق و دەزگە ئەمنى و هەواڵگرییەکان کردووە کە وردەکاریى ئەو رووداوە ئاشکرابکەن و تۆمەتبارانى بدرێنە دادگە و "هەوڵەکانیشیان چڕبکەنەوە بۆ سەپاندنى ئاسایش" لە پارێزگاى کەرکووک.
هێزە ئەمنییەکانى کەرکووک دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە لەو رووداوە، بەگوتەى پۆلیسی شارەکە، زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەحمەد تاهیر بەهۆی تەقینەوەی گازی ئۆتۆمبێلەکەی گیانی لەدەستداوە.
محەممەد سەمین، گوتەبێژى بەرەى تورکمانى بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو رووداوە کردەوەیەکى تیرۆریستى بووە لە رێگە بۆمبەوە کراوە و دواى بەخاک سپاردنى، وردەکارییەکەى ئاشکرا دەکەین."
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک لە ئامادەکردنی ئەم هەواڵەدا بەشدارییکردووە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ