رووداو دیجیتاڵ
یونیسێف دەڵێت، ئێستا زیاتر لە 150 هەزار کەس لە سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک لە رێگەی پڕۆژەیەکی نوێی یونیسێفەوە کە لەلایەن ئەڵمانیاوە پاڵپشتیکراوە، دەستیان بە ئاوی پاکی خواردنەوە دەگات. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانیش گوتی کە گوژمەی خەمڵێندراوی پڕۆژەکە 1.1 ملیار دینارە.
رۆژی هەینی، 3ـی شوباتی 2023، سندووقی هاریکاریی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان - یونیسێف رایگەیاند، رۆژی 1ـی شوبات پڕۆژەیەکی ئاویان رادەستی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک کردووە کە لەلایەن ئەڵمانیاوە پاڵپشتیی دارایی کراوە. دەشڵێت، لە رێگەی ئەو پڕۆژەیەوە سەروو 150 هەزار کەس لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک لە ئاوی پاکی خواردنەوە سوودمەند دەبن و پڕۆژەکە "خزمەت بە کۆمەڵگە و ماڵ و قوتابخانە و دامەزراوەكانی چاودێری تەندروستی دەکات."
یونیسێف گوتی، "پڕۆژەكەیان هاوكار بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە لێڵیی رووبار لە دەڤەری ئامێدی، ئەویش بە دابینکردن ژێرخانی چارەسەركردنی ئاو بۆ دەستەبەرکردنی ئاوی پاک و سەلامەت بۆ کۆمەڵگەکانی ناوچەکە."
رۆژی 1ـی شوباتی 2023، لە رێوڕەسمی رادەستکردنەکەدا هەریەكە لە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، کلاوس سترایشەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا و دکتۆر ئانا جانکی، بەڕێوەبەری نیشتمانیی بانکی گەشەپێدانی KfW و ماس ئۆیەن، سەرۆكی ئوپەراسیۆنی مەیدانیی یونیسێف ئامادە بوون.
عەلی تەتەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی کە "حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 100 ملیۆن دۆلاری لە پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی ئامێدی دا خەرجکردووە" و ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەکە کەوتووەتە کار و ئاوی خواردنەوە بۆ ناحیەکانی سەرسنگ و بامەڕنێ و دەوروبەریشیان دابین دەکات.
پارێزگاری دهۆک دەڵێت، پڕۆژەکە بەهۆی لێڵبوونی ئاوەوە تووشی چەند بەربەستێک بببوو و خەڵکی بێ ئاو دەمانەوە. دەشڵێت بەم پڕۆژە نوێیە کێشەکان چارەسەردەکرێن و "ئیدی خەڵکی بێ ئاو نابن".
پڕۆژەکە ئاوی پاک لە بەنداوی دێرەلۆکەوە لە رێگەی بۆرییەکەوە دەگوازێتەوە بۆ پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی ئامێدی.
لای خۆشیەوە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان گوتی، گوژمەی خەمڵێندراوی پڕۆژەکە 1.1 ملیار دینارە کە 200 ملیۆن دیناری لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و 600 هەزار دۆلاریش لە ئەستۆی رێکخراوی یونیسێف بووە.
ئەم پڕۆژەیە کە لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە و لەڕێگەی بانکی گەشەپێدانی KfW هاوکاری دارایی کراوە.
کلاوس سترایشەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا دەڵێت: "مایەی سەرنج و سەرسامییە كە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە دەبینین. ئاو ژیانە. ئێمە ئاسوودەین کە ئێستا كەسانێكی زۆر دەتوانن سوودمەندبن لە دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک". گوتیشی ئەگەر هاوبەشەکان پێکەوەكاربكەن، "دەتوانین رووبەڕووی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ببینەوە."
یونیسێف دەڵێت، منداڵان و خێزانە لاوازەکان زیاتر رووبەڕووی ئاستەنگەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا دەبنەوە و "ئەگەر ئێستا هیچ هەنگاوێك نەگرینەبەر، ئەوا ئەو نایەکسانییانە زیاتر قووڵ دەبنەوە کە منداڵان و گەنجان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە رووبەڕووی دەبنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ