مەسعود حەیدەر لەبارەی وەرگرتنەوەی دەسەڵاتەکانی وەکو بریکاری وەزارەتی دارایی: پابەندی یاساین

02-12-2023
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مەسعود حەیدەر لەبارەی وەرگرتنەوەی دەسەڵاتەکانی وەکو بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، "پابەندی یاساین". 
 
ئەمڕۆ شەممە، 02-12-2023، مەسعود حەیدەر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بەپێی مادەی 71ی یاسای بودجەی فیدراڵی، ھەموو ئەو بەڕێوەبەرە گشتی و وەکیل وەزارەت و راوێژکارانەی بە وەکالەتن و ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر نەداوە، ژمارەیان چەندین ھەزار پلە تایبەتە، لە بەرواری 01-12-2023ـەوە، ناتوانن دەسەڵاتی یاسایی و صلاحياتى ئەو پۆستانە بەکاربێنن." 
 
کارەکانی مەسعود حەیدەر و چەندین بریکاری دیکە بەهۆی ئەو بڕیارەوە راگیراون، ئەو دەڵێت، ئەوە "کێشەیەکی گشتیی یاسایی دەوڵەتە و پێویستی بە چارەسەر ھەیە بە ھەماھەنگیی نێوان حکومەت و پەرلەمان." دەشڵێت، "ئێمەش پابەندی یاساین." 
 
ئەو بریکارانە بەپێی مادەی 71ـی یاسای بودجە دەسەڵاتەکانیان لێ وەرگیراوەتەوە. لەو مادەیەدا هاتووە، "حکومەت پابەندە کە تاوەکو 30-11-2023 کۆتایی بە بەڕێوەبردنی سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت بەوەکالەت بهێنێت، ئەگەرنا پێویستە فەرمانگە پەیوەندارەکان دەسەڵاتی دارایی و کارگێڕییان رابگرن. پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران 30 رۆژ پێش وادەی دیاریکراو ناوی راسپێردراون بۆ پۆستی سەرۆکی دەستە سەربەخۆکان و پلەتایبەتەکان و بریکاری وەزارەت و راوێژکاران رەوانەی پەرلەمان بکات. پەرلەمانیش لەماوەی 30 رۆژی لەدوای رەوانەکردنی ناوەکان دەنگیان لەسەر بدات".
 
ئەمڕۆ شەممە، 02-12-2023، جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەپێی مادەی 71 لە یاسای بودجە، دەبێت کۆتایی بە دەسەڵاتی راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک بهێندرێت.
 
دیارترین ئەو پۆستانەی لەلایەن کوردەوە بەوەکالەت بەڕێوەدەبرێن، مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان و عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق لە پشکی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستانن. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە