رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەبارەی دەستوورێکی نوێ بۆ تورکیا دەڵێت، ئەوان کێشەیان لەگەڵ سیمبوول و بەهاکانی هیچ پیکهاتەیەک نییە، بەڵام "ناڵێین بەڵێ بۆ دەستوورێک کە هەمووان بخاتە نێو یەک ناسنامەی ئیتنی"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "رێگەی دەستوورێکی دیموکراسی لە سەدەی دووەمدا پێدانی پێگەیە بە گەلی کورد".
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا باسی لە هەڵوێستی پارتەکەی لەبارەی هەبوونی دەستوورێکی نوێ بۆ تورکیا کرد.
باکرهان گوتی، "وەک دەم پارتی، هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ سیمبوول و بەهاکانی هیچ پیکهاتەیەک نییە، بەڵام ناڵێین بەڵێ بۆ دەستوورێک کە هەمووان بخاتە نێو یەک ناسنامەی ئیتنی. هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ پایتەختی ئەم وڵاتە و کۆمار نییە، بەڵام کەس ناتوانێت وامان لێبکات بڵێین بەڵێ بۆ کۆمارێکی تاکڕەو و نکۆڵیکار. ئێمە کۆمارێکمان دەوێت کە رێز لە جیاوازی گەلان و بیروباوەڕەکان بگرێت. راشکاوانە دەیڵێین، دروستکردنی کۆپییەکی خراپ لە دەستووری ئێستا نە دەبێتە دەستوورێکی نوێ و نە دەستوورێکی دیموکراسی".
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتیشی، "بە ئۆپۆزیسیۆنیش دەڵێین، ئەگەر بانگەشەی گۆڕانکاری دەکەن، ناتوانن لەبابەتی دەستوور کۆنەپەرست بن؛ ناتوانن بەرگری لە سیاسەتی هێشتنەوەی ئەو دووبارەبوونەوەیە بکەن کە سەدەی یەکەم بۆ گەلی هێنا".
باکرهان گوتی، "کۆدی دەستوورێکی نوێ و دیموکراسی نزیکبوونەوەیە لە پرسی کورد. رێگەی دەستوورێکی دیموکراسی لە سەدەی دووەمدا پێدانی پێگەیە بە گەلی کورد. شوێنی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا ئەنقەرەیە".
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، "دەبێت ئێستا دەوڵەت، گەل و حکومەت بڕیارێک بدەن. ئایا دووژمن یان خزمی کورد دەبن؟ ئەگەر خزمایەتیتان هەڵبژارد، دڵنیابن تورکیا بە خۆشگوزەرانی و بەختەوەری دەگات. هەر کەسێک ئاشتی لە جیهاندا دەوێت، پێویستە ئاشتی لە تورکیاش بخوازێت. دەبێت لەم بوارەدا ئازا بن. ئێمە هەر هەنگاوێک کە لەم بوارەوە دەگیرێتەبەر بە بەنرخ دەزانین. دەبێت ئاشتی مێژوویی کورد و تورکیا بێ دواخستن جێبەجێ بکرێت. بانگەوازەکەمان نوێ دەکەینەوە. داوا لە هەموو لایەک دەکەین ئاشتیی کۆمەڵایەتی بەرز رابگرێت".
ئەم داوایە لە کاتێکدایە، ئێستا هەوڵێک هەیە بە ئاراستەی هەبوونی دەستوورێکی نوێ لە تورکیادا.
هەر لەو بارەیەوە دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی لە پەرلەمان گوتی، پێشنیاز و بیرۆکەی تەواوی لایەنەکان وەردەگرن و بایەخیان پێدەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ