بافڵ تاڵەبانی هۆشداری دەدات: لە زووترین کاتدا دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە

02-09-2023
هیدایەت جان
نیشانەکردن خۆپێشاندان لە کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەبارەی دۆخی کەرکووک پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای دەستگیرکردنی بکوژی هاوکار عەبدوڵڵا دەکات، هۆشداریش دەدات لەبارەی دۆخی کەرکووک و دەڵێ "دەبێت لە زووترین کاتدا دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە."
 
رۆژی شەممە 2ـی ئەیلوولی 2023 بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی کەرکووک بڵاوکردەوە و گوتی، "رووداو و پێشهاتە نەخوازراوەکانی کەرکووک و شەهیدبوونی گەنجێكی کورد و برینداربوونی چەندانی تریش، مایەی نیگەرانیی قووڵمانە."
 
‏‎سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، "وێڕای ئەوەی بە تووندی ئیدانەی هەموو هەوڵ و مەرامێکی تێکدەرانە دەکەین بۆ تێکدانی برایەتی و پێکەوەژیان لە کەرکووک، دەبێت بە زووترین کات تاوانبارانی شەهیدکردن و بریندارکردنی رۆڵەکانمان دەستگیربکرێن و رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە."
 
ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 2-9-2023) کوردانی گەڕەکی رەحیماوا لە کەرکووک دەستیان بە خۆپێشاندان کرد بۆ کردنەوەی رێگەکانی شارەکەیان، کە لە 27ـی ئابەوە لەلایەن بەشێکی عەرەب و تورکمانی لایەنگری حەشدی شەعبییەوە داخراون.
 
بەشێکی عەرەب و تورکمانی لایەنگری حەشدی شەعبی لەبەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان دەستیان بە خۆپێشاندان کردووە، خێوەتیان هەڵداوە و رێگەیان گرتووە؛ ئەوان نایانەوێت ئەو شوێنە کە پێشتر بارەگای پارتی بووە، رادەستی ئەو پارتە کوردستانییە بکرێتەوە.
 
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوا دەکات "هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەت ‌حکومەتی عێراق بە زووترین کات رێگری لە رژانی خوێنی زیاتر بکات و کۆتایی بەم دۆخە بهێنێت"، هەروەها دەڵێ "هۆشداری دەدەین لە زووترین کاتدا دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە. بەردەوامبوونی دۆخەکە بەمشێوەیە قابیلی قبووڵ نییە. بۆیە داواکارین هەمووان بەوپەڕی بەرپرسیاریێتییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن و رێگری لە دروستبوونی فیتنە و دووبەرەکی بکەن. دەبێت هەمووان هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە و پارێزگاری لە ئاشتی و برایەتیی نێوان هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی کەرکووک بکرێت."
 
‏‎بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، "رۆحی شەهید هاوکار شاد بێت و هاوخەمیی خانەوادە سەربەرزەکەیم".
 
گوتەکانی بافڵ تاڵەبانی لەکاتێکدایە لە خۆپێشاندانەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 2-9-2023)ـدا لە کەرکووک، گرژی دروست بوو و دواتر تەقە کرا. هەردی محەممەد پەیامنێری رووداو لەنێو خۆپیشاندەرانەوە گوتی "تەقە بەڕووی خۆپێشاندەرانەوە دەکرێت."
 
عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک لەبارەی ئاماری قوربانییان لە خۆپێشاندانەکە و قەدەخەی هاتووچۆ لە کەرکووک، ئێوارەی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو دۆخەی لە شارەکەیە هەیە، قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندرا. بڕیارەکە دوای ئەوە هات لە گرژییەکانی ئەم ئێوارەیەدا کەسێک گیانی لەدەستدا و هەشتـی دیکە برینداربوون."
 
ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، ناوی هاوکار عەبدوڵڵایە، ئەو لەکاتی دروستبوونی خۆپێشاندانەکاندا ئەمڕۆ قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی "کەرکووک شارێکی کوردستانییە."
 
ئەحمەد فەرهاد، پوورزای هاوکار عەبدوڵڵا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هاوکار لەدایکبووی ساڵی 1985 بوو، باوکی چوار منداڵ بوو، پێشمەرگەی یەکێتی بوو لە لیوا هاوبەشەکان. ئەمڕۆ لەنێو خۆپیشاندانەکاندا گوللە بە دڵی کەوت و بەهۆیەوە شەهید بوو."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە ئاسمانەوە بەنداوی گۆمەسپان و رێگەکانی دەوروبەری دیارن ، وێنە: بڵند تاهیر/ئەرشیڤی رووداو

رێگەی دەربەندی گۆمەسپان داخرا

یەکێک لە رێگە سەرەکییەکانی نێوان سلێمانی و هەولێر، کە دەربەندی گۆمەسپانە و بە دۆڵی سماقووڵیدا دەڕوات، بەهۆی باران و سەرنەکەوتنی بارهەڵگرەکانەوە داخرا. قایمقامی سنوورەکە دەڵێت، کێشەی رێگەکە چارەسەر دەکەن.