قامیشەڵانی دەریاچەی زرێبار ئاگری گرتووە

02-09-2022
ناسر پیرۆتی
قامیشەڵانی دەریاچەی زرێبار ئاگری گرتووە
قامیشەڵانی دەریاچەی زرێبار ئاگری گرتووە
A+ A-

رووداو- هەولێر 

لە بەیانی ئەمڕۆ هەینییەوە قامیشەڵانی دەوروبەری دەریاچەی زرێباری مەریوان ئاگری گرتووە و قامیشەڵانەکان لە چەند لاوە دەسووتێن.
 
جەمال قادری، ئەندامی ئەنجوومەنی سەوزی چیا، ئەمڕۆ هەینی 2-9-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی سەوزی چیا و چەند کەسێک لە هێزەکانی فەرمانگەی پاراستنی ژینگە، سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن، بەڵام هێشتا کۆنترۆڵیان نەکردووە.
 
عیرفان حوسێنی، ژینگەپارێز و ئەندامی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان لەوبارەوە ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی پاییز، ئاگر لە قامیشەڵانی دەریاچەی زرێبار بەردەدرێت و بەشێک لەوانەی ئەو کارە دەکەن خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری زرێبارن؛ هەروەها بەشێک لە ماسیگرەکانیش ئەو کارە دەکەن بۆ ئەوەی رێگەی هاتووچۆ بۆخۆیان بکەنەوە.
 
عیرفان حوسێنی دەڵێت، بە گشتی لە ناوچەی زاگرۆس شتێک بە ناوی ئاگری سرووشتی لەنێو دارستان و قامیشەڵانەکان نییە و تەواوی ئاگرکەوتنەوەکان لەو ناوچەیە دەستی مرۆڤیان تێدایە.
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگەی سنە، رووبەری قامیشەڵانی دەوروبەری دەریاچەی زرێبار هەزار و 200 هێکتارە.
 
تاوەکو ئێستا بوونی 97 جۆر باڵندە، 31 جۆر زیندەوەری مەمکدار، 13 جۆر خشۆک، 11 جۆر ماسی و یەک جۆر مارماسی و چەندین جۆری دیکە لە گیانەوەر لە دەریاچەی زرێبار تۆمارکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە