ساڵانە تاوەکو 30 هەزار خوێندکار خوێندن تەواو دەکەن و زۆربەیان هەلی کاریان دەستناکەوێت

02-08-2023
نەورەس جاف
تاقیکردنەوەی خولی دووەم لە زانکۆی سلێمانی. وێنە: زانکۆی سلێمانی
تاقیکردنەوەی خولی دووەم لە زانکۆی سلێمانی. وێنە: زانکۆی سلێمانی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ    

 

ساڵانە 25 هەزار بۆ 30 هەزار خوێندکار لە هەرێمی کوردستان خوێندن تەواو دەکەن و بەشی زۆریان هەلی کاریان دەستناکەوێت. زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر دەڵێت، 30%ـی دەرچووەکانیان هەلی کاریان دەستدەکەوێت؛ زانکۆی سلێمانی دەڵێت، 11%ی دەرچووەکانیان؛ زانکۆی دهۆک باس لەوە دەکات 24%ی دەرچووەکانیان و زانکۆی هەڵەبجەش دەڵێت 40٪ بۆ 45%ـی دەرچووەکانیان کاریان دەستدەکەوێت.
 
"زۆربەی هاوڕێکانم نە دامەزراون، نەکاریان دەستکەوتووە"، ئەوە قسەی ئارێز فەرهەنگە، کە دەرچوویەکی زانکۆی سلێمانییە، ئەو دەڵێت: "لە 2017وە بەشی ئینگلیزی پەروەردەی بنەڕەتم تەواو کردووە لە زانکۆی سلێمانی، بەڵام شەش ساڵە کارم دەستنەکەوتووە." 
 
هەمان دۆخ بۆ دەیان دەرچووی دیکەی زانکۆ لە هەرێمی کوردستان راستە، بەشێکی ئەوانەی زانکۆ تەواو دەکەن نە کاریان دەستدەکەوێت و نە لە بازاڕی کار ئەو کارەیان بۆ دەڕەخسێت لە کەرتی تایبەتدا بتوانن پشتی پێ ببەستن؛ بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو، لە هەموو پارێزگا جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ئەوانەی دەرچووی زانکۆن بە ناچاری دوور لەو پسپۆرییەی بۆی دەخوێنن کار دەکەن، جگە لەوەش هیچ کارێکیان لە دەرەوەی پسپۆریشیان دەستناکەوێت.
 
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان هەزاران خوێندکار بە دڵێکی گەرمەوە زانکۆ تەواو دەکەن و ئامانجیانە بەو خوێندنەی لە زانکۆ هەیان بووە لە بازاڕی کاردا بیکەنە سەرچاوەی بژێویان و ببنە بەشێک لە باشترکردنی ژێرخانی جیاوازی ئابووری و کار لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بۆ هەموویان ئەوە روونادات، جیاوازی و بۆشاییەک لە نێوان دەرچووان و ئەوانەی کاریان دەستدەکەوێت هەیە.  
 
بەپێی ئامارێکی فەرمی کە لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دراوەتە رووداو، ژمارەی ئەو خوێندکارانەی ئێستا لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان دەخوێنن نزیکەی 150 هەزار خوێندکارن، لەو ژمارەیە بەپێی گوتەی توانا نەجەف، بەڕێوەبەری کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نزیکەی 25 بۆ 30 هەزار خوێندکار دەردەچن، واتە لە کۆی ژمارەی خوێندکاران بە نزیکەیی یەک لەسەر شەشی خوێندکاران دەردەچن؛ لە ساڵی 2013ەوە دامەزراندنی حکومیی راگیراوە. 
 
هەرچەندە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، نزیکەی 30%ی خوێندکاران هەلی کاریان دەستدەکەوێت لە هەردوو کەرتی حکومی و تایبەت. بەوپێیە بێت نزیکەی 9 هەزار خوێندکار لە کەرتی گشتی و حکومیدا کاریان دەسدەکەوێت، بەڵام بەدواداچوونی رووداو بۆ ئەو پرسە و قسەی خوێندکاران شتی دیکە دەڵێن، چونکە چەندین خوێندکار کە قسەیان لەگەڵ کراوە و خوێندنیان تەواو کردووە دەڵێن چەندین هاوڕێیان هاوشێوەی ئەوان نەیانتوانیوە کاریان دەستبکەوێت. 
 
دامەزراندنی دەرچووان ئەرکی وەزارەتی کارە، لەگەڵ پلاندانان بۆ رێکخستنی ژمارەی دەرچووان و دەستکەوتنی کار، بەپێی گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، 35 زانکۆ بۆ هەرێمێک لە بەراوردی ژمارەی دانیشتووان زۆرە و دەڵێت: "ئەو زانکۆیانە لەشکرێک لە گەنجانیان دروستکردووە کە نایانەوێ وەک کادری مامناوەند لە بازاڕدا کار بکەن و کاری دیکەشیان دەست ناکەوێت."  
 
لەبارەی رەخساندنی هەلی کار بۆ ئەو دەرچووانە، توانا نەجەف دەڵێت، ئەو پرسە پەیوەندیدارە بە هەردوو وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و پلاندانان.
 
ئێستا دوو وەزارەتی پەیوەندیدار لەو پرسەدا، یەکێکیان دەڵێت، دەرچوو لای ئەوانە و دەرفەتیش لای وەزارەتی کار، وەزارەتی کاریش دەڵێت: "ئەو هەموو دەرچووە پێویست نییە و دەبێت رێکبخرێتەوە.'' 
 
کەرەستەی خاوی زۆر، بەرهەمی کەم؛ داتای دەرچوون و دامەزراندن 
 
ئەو خوێندکارانەی زانکۆ تەواو دەکەن، ئامادەییان دەبێت بۆ ئەو پسپۆرییانەی تێیدا دەخوێنن، بەڵام بەرهەمیان بە کەمی دەبینرێت لە کۆمەڵگە و بەرەوپێشبردنی و کرانەوەی زیاتر بۆ جیهانێکی پێشکەوتوو. 
 
رووداو لەگەڵ زیاتر لە شەش زانکۆ گفتوگۆی کردووە لەسەر ئەو پرسە و لەوەی کۆڵیوەتەوە بۆچی دەرچووانی زانکۆ کاریان دەستناکەوێت، وەڵامی ئەو پرسیارە لە زاری ژمارەیەک سەرۆکی زانکۆ و بەرپرسانی خوێندنی باڵا ئەوەیە کە زانکۆکان و بەشەکانیان پێویستیان بە رێکخستنەوەیە بۆ ئەو بەشانەی پێویست نین و لە بازاڕدا دەستکەوتنی کار زەحمەتە تێیدا. 
 
زانکۆی سەلاحەدین: 30%ـی دەرچووانمان هەلی کاریان دەستدەکەوێت
 
زانکۆی سەلاحەدین، بەپێی ئاماری زانکۆکە تێکڕای دەرچوونی ساڵانە لە زانکۆکەدا زیاتر لە 5 هەزار و 500 خوێندکارە و بروانامەی بەکالۆریۆس وەردەگرن. 
 
سامان عەبدوڵڵام گوتەبێژی زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت، "30٪ـی ئەوانەی لە زانکۆکە دەردەچن کاریان دەستدەکەوێت بەشێکیان وەکو وانەبێژ بەتایبەت بۆ بەشە پەروەردەییەکان وەردەگیرێن، سەرەڕای ئەوەش بەشە پزیشکییەکان، ئەندازیارییەکان، تەکنەلۆجیای زانیاری و ئینگلیزی زۆربەیان لە بازاڕی کار دەرفەتی کاریان دەستدەکەوێت."
 
لە زانکۆکان هەر ئەو کۆلیژانە نین، وەکو مێژوو، جوگرافیا، ئابووری، کۆمەڵناسی، کۆمەڵایەتی، کشتوکاڵ لەو بەشانەن خاوەنی بڕوانامە تێیدا زۆر بە زەحمەت کاریان تێدا دەستدەکەوێت. 
 
بۆ زانکۆی سلێمانی دۆخەکە خراپتریشە، چونکە لە کۆی ژمارەی دەرچووان لەو زانکۆیە، کەمتر لە 11٪یان کاریان دەستدەکەوێت. 
 
زانکۆی سلێمانی: 11%ـی دەرچووان هەلی کاریان دەستدەکەوێت 
 
پرۆفیسۆری یاریدەدەر ئەمیر سەردار، بەرپرسی سەنتەری پەرەپێدانی کار لە زانکۆی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "ساڵانە لە زانکۆی سلێمانی 6 هەزار خوێندکار دەردەچن، نزیکەی تەنیا 650 خوێندکار هەلی کاریان دەستدەکەوێت، لەو رێژەیەش، 250 کەسیان لە فەرمانگە حکومییەکان، پۆلیس، ئاسایش، پێشمەرگە و دژەتیرۆر کاریان دەستدەکەوێت." 
 
وەک ئەمیر سەردار دەڵێت، "نزیکەی 400 کەسیش لە کەرتی تایبەت هەلی کاریان دەستدەکەوێت"، ئەو ئامارانە بە پشت بەستنە بە داتای ئەو کەسانەی داوای بڕوانامەکانیان دەکەنەوە لە زانکۆکە. 
 
هەرچەندە زانکۆ حکومییەکان ماوەی سێ دەیەیە وەکو کایەیەکی گرنگی زیندووی هەرێمی کوردستان رۆڵیان هەیە لە دەرخستنی گەنجی کارامە و لێهاتوو، بەڵام پڕکردنەوەی بۆشایی کار لە بازاڕ و ژمارەی ئەوانەی دەرچوون لە ئاست خواستی خوێندکاران و کۆمەڵگەش نییە، ئەوە بۆ زانکۆی گەرمیانیش راستە. 
 
بەگوتەی هەردی ئەحمەد، بەرپرسی CDC لە زانکۆی گەرمیان، ساڵانە لە کۆی هەموو دەرچووانی زانکۆی گەرمیان تەنیا 10٪ـی دەرچووانی زانکۆکە هەلی کاریان دەستدەکەوێت، سەنتەرێک لە زانکۆی گەرمیان هەیە بەناوی سەنتەری دۆزینەوەی کار، ساڵی 2023 توانیویەتی دەرفەتی کار بدۆزێتەوە بۆ خوێندکاران. 
 
لە بەراوردی پارێزگاکاندا، بەپێی بەدواداچوونی رووداو دەردەکەوێت ئەوانەی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک کاریان دەستدەکەوێت و دەرچوون زیاترە. لە هەڵەبجە بۆ نموونە هیچ یەکێک لەو خوێندکارانەی دەردەچن لە پارێزگاکە بۆ دۆزینەوەی کار نامێننەوە تاک و تەرا نەبێت هۆکارەکەشی نەبوونی دەرفەتی کارە لەو پارێزگایە.
 
زانکۆی هەڵەبجە: ئەوانەی لە زانکۆکەمان دەردەچن لەنێو شارەکەدا هەلی کاریان دەستناکەوێت
 
د. مهاباد کامیل، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، ساڵانە بە تێکڕا نزیکەی 550 خوێندکار لە زانکۆی هەڵەبجە دەردەچن، نزیکەی 40٪ بۆ 45٪ـی ئەو دەرچووانە هەلی کاریان دەستدەکەوێت، زۆرینەی خوێندکارانیش ناچارن بۆ کار بچنە دەرەوەی پارێزگاکە چونکە دەرفەتی کار لە نێوخۆی پارێزگاکە زەحمەتە و زۆر کەمە. 
 
سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە دەڵێت: "خوێندکارانی بەشە پزیشکیی و ئەندازیارییەکان دەرفەتی کاریان زیاتر دەستدەکەوێ بە بەراورد بە بەشەکانی دیکە." 
 
هەرچەندە هاوئاهەنگییەکی ئەوتۆ نییە لە نێوان سێ وەزارەتی پەیوەندیدار بە دەرفەتی کاری خوێندکاران، لەوانە خوێندنی باڵا، پلاندانان، وەزارەتی کار، بەڵام کێشەی خودی زانکۆکان ئەوەیە لەو ژمارانەشی دەیڵێن بە خەمڵاندنە و داتای وردی دەستکەوتنی کار نییە.
 
زانکۆی دهۆک: لە زیاتر 4500 دەرچوومان 900 یان کاریان دەست دەکەوێت
 
لە زانکۆی دهۆک بەپێی ئامارێک کە لە د. عیسمەت خابوور، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی دهۆکەوە بۆ رووداو نێردراوە، "ساڵی رابردوو 4 هەزار و 468 خوێندکار خوێندنیان لە زانکۆی دهۆک تەواو کردووە، لەو رێژەیە تەنیا نزیکەی 900 خوێندکار هەلی کاریان دەستکەوتووە، 300 کەسیان لە کەرتی حکومی گشتیدا، 600 کەسەکەی دیکەش لە کەرتی تایبەت دەرفەتی کاریان دەستکەوتووە.
 
18 زانکۆی حکومی؛ 18 زانکۆ و لقی زانکۆیی تایبەت و 12 پەیمانگەی تایبەتیش لە شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستاندا هەن.
 
هۆکار و پێداویستییەکانی بازاڕ، توانای زانکۆکان
 
لە هەرێمی کوردستان زۆرینەی پسپۆرییە وێژەیی و زانستییەکان هەیە، پسپۆرییە وێژەییەکان زۆرینەیان لە کەرتەکانی پەروەردە و کەمێکیشیان لە کەرتی تایبەت هەلی کاریان دەستدەکەوێت، بەتایبەتیش بەشەکانی ئینگلیزی، کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسی، بەشەکانی دیکەی وەک جوگرافیا، مێژوو، فەلسەفە، کوردی، عەرەبی کەمترین چانسیان هەیە بۆ ئەوەی لە سێکتەرە حکومییەکانیشدا هەلی کاریان بۆ بڕەخسێت، مەگەر ئەو رێژە کەمەی ساڵانە وەک وانەبێژ وەردەگیرێنەوە. 
 
چەندین ساڵیشە دەرچووانی بەشەکانی وەک مێژوو، جووگرافیا، فەلسەفە، کوردی و کۆمەڵناسی زۆرینەیان بێ کار ماونەتەوە و ناچاربوون دوور لە پسپۆرییەکەی خۆیان کار بکەن، یان هەشیانە هەلی کاری دەستنەکەوتووە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە