گریان و فرمێسکی شادی؛ دوو کچی پێشمەرگەیەک دوای 45 ساڵ بە خێزانەکەیان شادبوونەوە

02-01-2024
هونەر رەشید
شادبوونەوەی هەیام و زەینەب بە ماڵباتەکەیان
شادبوونەوەی هەیام و زەینەب بە ماڵباتەکەیان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نازانن خەونە یان راستی، یەکەم جارە دوای 45 ساڵ دوو کچی دهۆک گەڕانەوەی لای ماڵباتەکەیان و بە دیداری ئازیزانیان شادبوونەوە. لەبری چەپکەگوڵ، بە وێنەی باوکە کۆچکردووەکەیان پێشوازییان لێکرا.
 
ئەو دوو کچە ناویان زەینەب و هەیامە و کچی فەرماندە خالید کۆچەرن کە لە شۆڕشی گوڵاندا لە دەڤەری بادینان رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە. ماڵباتەکەیان لە قەزای سێمێل نیشتەجێن. 
 
لە سەرەتای شۆڕشی گوڵانەوە رژێمی بەعس گوشار دەخاتە سەر ماڵباتی خالید کۆچەر و هەڕەشەیان لێ دەکەن، بۆیە بە ناچاری بەرەو رۆژئاوای کوردستان کۆچ دەکەن. لەوێ هەردوو کچەکەی لەلایەن ماڵباتێکی کوردەوە بەخێو دەکرێن. 
 
کاتێک هەردوو کچەکە گەیشتنەوە نێو ماڵباتەکەی خۆیان لە سێمێل و لە دەرگەی حەوشەی ماڵەکە چوونە ژوورەوە، خێزانەکەیان بە هەلهەلە و فرمێسکی شادی باوەشیان بۆ گرتنەوە. 
 
زەینەب بە رووداوی گوت، دایکم زانیاریی پێگوتین کە ئەو زانیارییانە یارمەتیی داین، منیش هەوڵمدا لە رێگەی پشکنینی دی ئێن ئەی ـەوە کەسوکارەکەم بدۆزمەوە کە سەرکەوتوو بوو. دایکی زەینەب و هەیام ئێستا لە رۆژئاوای کوردستانە و لە ژیاندا ماوە. 
 
هەیام باسی یادگاریی باوکی دەکات لە چیرۆک و گێڕانەوەکانی دایکیدا. دەڵێت، "زۆر قورس بوو ئەو دۆخە بۆمان، ئێمە بچووک بووین، دایکم پێی دەگوتین، باوکتان زۆر باش بوو بۆمان، زۆر حەزمان دەکرد بیبینین، بەڵام بەبێ باوک گەورەبووین و نەمان بینی."
 
زەینەب و هەیام لە رژئاوای کوردستان گەورەبوون و هەر لەوی لەگەڵ دوو هاونیشتمانی ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە. کچە گەورەکەیان، زەینەب، لە ساڵی 1999 و هەیام لە ساڵی 2011 چوونەتە ئەڵمانیا. لەوێ لە رێگەی پرۆگرامێکەوە کە تایبەت بووە بە دۆزینەوەی کەسانی ونبوو، پشکنینی دی ئێن ئەیان کردووە و ئامۆزایەکی خۆیان بینیوەتەوە. ئەو ئامۆزایەشیان، لە رێگەی هەمان پرۆگرامەوە پشکنینی کردبوو. 
 
عومەر سەیفەدین، ریشسپیی ماڵباتەکەیە و دەڵێت، لە هەر شوێنێک سەرەداوێکیان دەستکەوتبێت بۆ ماوەی 40 ساڵ بەدوایدا دەگەڕان، بەڵام هیچیان دەستنەکەوتبوو. 
 
دوای گەڕانەوەیان بۆ سێمێل، هەردوو خوشکەکە چوونە سەر گۆڕی باوکیان کە لە ساڵی 2019 گیانی لەدەستدابوو. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.