رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵى سۆران دەڵێت، ئەم ساڵ بەراورد بە پار هەموو بەرهەمە کشتوکاڵییەکان زیادیان کردووە، بەهۆی بارانبارینی پێویست و بەکارهێنانی رۆژژمێری کشتوکاڵی.
کامەران حوسێن، بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵى سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم ساڵ بەراورد بە پار بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، میوە، سەوزە و دانەوێلە لە سۆران زۆر زیادیانکردووە بووژانەوەیان بەخۆیانەوە بینیوە."
بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵى سۆران، هۆکاری زیادبوونی بەرهەمی کشتوکاڵی لە ناوچەکە بۆ چەند خاڵێک گەڕاندەوە و گوتی: " ئەم ساڵ ساڵێکی باراناوی و تەڕ بوو، بارانی پێویست باریوە و سەچاوەکانی ئاو بووژاونتەوە. نەخۆشی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و مێرووەکان کەمیان کردبوو."
گوتیشی: "یەکێک لە هۆکارە گرنگ و کاریگەرەکان بە کارهێنانی رۆژمێری کشتوکاڵی بوو، کە لە رێگەی ئەم رۆژژمێرە هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانە قەدەخە دەکرا، کە کاتی پێگەیشتنیان هاتووە لە هەرێمی کوردستان، تاوەکو بەرهەمی ناوخۆی لە بازەڕەکاندا ساخ بکرێتەوە."
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەم ساڵ 12,412 دۆنم زەوی بە بەروبومی کشتوکاڵی هاوینە داچێندرا بوو، 60 تۆن و نیو بەرهەمی هەبوو. زۆرترینش بەرهەمی تەماتەیە نزیکەی 8 تۆنە، کەمترینیشیان بیبەرە 160 کیلۆگرامە.
هەر بەپێی ئامارەکان، ئەم ساڵ 31,304 دۆنم زەوی لە سۆران بە بەروبومی زستانە داچێندراوە، کە 293.5 تۆن بەرهەمی هەبووە. زۆرترینی گێزەرە کە 5 تۆن بوو، کەمترینی نۆکە 150 کیلۆگرامە.
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی سۆران زیاتر لە 250 هەزار دۆنم زەویی هەیە بۆ چاندنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و، ساڵانە نیوەی زیاتری ئەو رێژەیە دەکرێت بە تەماتە وخەیار و بەرهەمەکانی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ