ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان: لە 6 مانگدا پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر تەواودەکرێت

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیڤان بەکر
A+ A-

هەولێر دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە 6 مانگدا پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر تەواودەکرێت و ئیدی کێشەی کەمئاوی کۆتایی دێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-01-2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە، زیاتر لە هەزار بیر لە کۆی 1350 بیر دادەخرێن و چی دیکە سامانی ئاوی ژێرزەوی بەکارناهێندرێت.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، داخستنی بیرەکان بە قۆناخی جیاواز دەبێت.
 
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بە تەواوکردنی ئەو پڕۆژەیە، بە یەکجاری کۆتایی بە کێشەی کەمئاویی هەولێر دێت. لە کۆی 1350 بیر، زیاتر لە هەزاریان کە چەند گەڕەکێکی هەولێر بۆ ئاو پشتیان پێ بەستوون، دادەخرێن. لەبری بیرەکان، ئاوی پڕۆژەی فریاگوزارییان پێدەگات."
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ئاماژە بەوەش دەکات: "زیاتر لە 400 کیلۆمەتر بۆری بە تیرەکانی (110-160-200-250-300 تاکو 400) ملیمی لە هێڵەکانی گواستنەوەی پڕۆژەی فریاگوزاری بە تۆڕی ئاوی گەڕەکەکانی هەولێر دەبەسترێنەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاو و ئاوەڕۆدا هاتووە: "ئەو پڕۆژەیە بۆ هەر کاژێرێک 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەم دەهێنێت کە رۆژانە دەکاتە 480 هەزار مەتر سێجا، لەگەڵ ئەوەی 1500 مەتر سێجا ئاو لە پڕۆژەی ئیفرازی یەک، 2250 مەتر سێجای دیکە لە ئیفرازی دوو، 9 هەزار مەتر سێجاش لە ئیفرازی سێ دەبنە هاوبەشی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاو بۆ شاری هەولێر."
 
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ باس لەوە دەکات: "پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاو لە سنووری شارەوانییەکانی دوو، سێ، چوار، پێنج و شەش جێبەجێ دەکرێت. ئامانج لێی ئەوەیە، دوای تەواوبوونی لەگەڵ گەیشتنی یەکەم بڕی ئاو، دەستبەجێ بڕە ئاوەکە بگاتە نێو تەواوی تۆڕەکانی ئاو لە شاری هەولێر."
 
رۆژی 8‌ـى ئه‌يلوولى 2024، مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌ردى بناخه‌ى پڕۆژه‌ى فرياگوزاریی خێراى ئاوى هه‌ولێر دانا.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پڕۆژەکە بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت و بە تەواوبوونیشی، كێشه‌ى كه‌مئاوى له‌ شارى هه‌ولێر به‌ رێژه‌ى 100% چاره‌سه‌ر دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە