جگە لە سلێمانی، هیچ پارێزگایەک ئاستی بارانی نەگەیشتووە بە پار

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، جگە لە سلێمانی، هیچ پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان ئاستی بارانبارینی ساڵی رابردووی تێپەڕنەکردووە؛ لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی دۆخی چاندن باشە و پەڵەی داوە. هەرچی لە دهۆک و هەولێرە کەمتر لە نیوەی ساڵی رابردوو باران باریوە و پەڵەی نەداوە.
 
بەگوێرەی شارەزایانی کەشناسی، بارانی پێویستی سەرەتای وەرزی بارین تاوەکو ئەمڕۆ دەبێت زیاتر بێت لە 200 ملیمەتر، بەڵام لە هەولێر تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا 70.7 ملیمەتر باران باریوە و لە دهۆکیش نەگەیشتووە بە 40 ملیمەتر. لە سلێمانی زیاتر لە 190 ملیمەتر و لە هەڵەبجە زیاتر لە 200 ملیمەتر باران باریوە.
 
بارانبارین لە هەولێر و دهۆک
 
بەگوێرەی ئاماری کشتوکاڵی هەولێر، لە 24 کاژێری رابردوودا لە هەولێر 21.2 ملیمەتر باران باریوە و کۆی بارینی ئەم وەرزە گەیشتووەتە 70.7 ملیمەتر، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 169.2 ملیمەتر باران باریبوو.
 
لە سەنتەری دهۆک لە 24 کاژێری رابردوودا تەنیا 2.2 ملیمەتر باران باریوە. ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ئەمڕۆ یەکشەممە 12-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ تاوەکو ئەمڕۆ 36.8 ملیمەتر باران باریوە، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 240.3 ملیمەتر باران باریبوو".
 
بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە
 
دۆخی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە باشترە لە هەولێر و دهۆک. ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە 24 کاژێری رابردوودا 3.9 ملیمەتر باران باریوە و کۆی بارانی ئەم ساڵ گەیشتووەتە 192 ملیمەتر. ساڵی رابردووش تاوەکو هەمان رێککەوت 183 ملیمەتر باران باریبوو".
 
لە هەڵەبجەش لە 24 کاژێری رابردوودا 6 ملیمەتر باران باریوە و کۆی بارینی ئەم وەرزە گەیشتوەتە 248 ملیمەتر، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 291.4 ملیمەتر باران باریبوو.
 
لە کوێ مەترسی وشکەساڵی هەیە؟
 
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ لە دهۆک و دەوروبەری پەڵەی نەداوە، بەڵام چەند ناوچەیەکیش هەن بارانی باشیان تێدا باریوە و دانەوێڵەیان تێدا چێندراوە.
 
هەروەها ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی گوتی: "بەگوێرەی رێژەی بارانبارین، دۆخی زەویی کشتوکاڵیی سنوورەکە باشە".
 
هەر ئەمڕۆ شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە بارانی ئەمڕۆ مەترسی وشکەساڵی رەویوەتەوە. ئەگەر لەم مانگەدا بارانی هاوشێوە ببارێت دۆخی کشتوکاڵ زۆر باش دەبێت".
 
شاڵاو هیدایەت ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەگەر ئەم ساڵ وشکەساڵیش رووبدات لە بازنەیەکی بچووک و دیاریکراودا دەبێت، بەتایبەت مەترسی لە دەشتی قەراج، کەندێناوا و مەخموور هەیە، ئەویش یەکلایی نەبووەتەوە کە دەبێتە وشکەساڵی".
 
لەبارەی بەرهەمی دانەوێڵەوە لەم ساڵدا ئەو کەشناسە گوتی: "بۆ زانینی چۆنێتی بەرهەمی ئەم ساڵ بارانی مانگەکانی دوو، سێ و چوار پێوەر دەبێت و ئێستا زووە بۆ بڕیاردان".
 
جگە لەو زەوییانەی دێمن و پێویستیان بە بارانە، لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک جووتیاریش هەن زەوییەکانیان بەراوە، یان لە رێگەی بیرەوە ئاوی دانەوێڵە دەدەن.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، 3 ملیۆن دۆنم زەوی شیاو بۆ چاندن بە گەنم هەیە و ساڵانە زیاتر لە دوو ملیۆن دۆنمی بە گەنم و جۆ دەچێندرێت.
 
دۆخی بەنداوەکان
 
هەرچەندە بەراورد بە هەمان رێککەوتی ساڵی رابردوو، لە بەشێکی هەرێمی کوردستان بارانی کەمتر باریوە، بەڵام ئاوی کۆگاکراو نزیکەی یەک ملیار مەتر سێجا زیادیکردووە.
 
بەنداوی دووکان، گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە. بەگوێرەی ئاماری بەنداوەکان بۆ رووداو، ئێستا زیاتر لە 30%ی بەنداوەکە ئاوی تێدایە و بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو، زیاتر لە 500 هەزار مەتر سێجا زیادیکردووە.
 
هەروەها بەنداوی دەربەندیخان کە توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، ئێستا نزیکەی 50%ی ئاوی تێدایە و بەراورد بە هەمان رێککەوتی ساڵی رابردوو، نزیکەی 200 هەزار مەتر سێجا زیادیکردووە.
 
سێیەم بەنداوی هەرێمی کوردستان بەنداوی دهۆکە و توانای گلدانەوەی 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، نزیکەی 40 ملیار مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەکەدا هەیە و دوو هێندەی هەمان کاتی ساڵی رابردووە.
 
لەبارەی هۆکاری زیادبوونی ئاوی کۆگاکراو لە کاتێکدا بارانی کەمتر باریوە، فەرهاد محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "باران زۆر کەمتر لە پار باریوە، بەڵام پار ئاوی باشمان کۆگا کرد، هەروەها بە شێوەیەکی رێکخراو کاروباری پەیوەندیدار بە ئاومان بەڕێوەبرد و نەمانهێشت بەفیڕۆ بچێت، چی بۆ خواردنەوە بێت یان چاندن، بۆیە ئێستا ئاوی زۆر باشترمان کۆگا کردووە لە ساڵانی پێشتر."
 
جگە لەو بەنداوانە، ژمارەیەکی دیکە بەنداو و گۆم لە هەرێمی کوردستان دروستکراون و زۆرینەیان بەراورد بە هەمان رێککەوتی ساڵی رابردوو ئاوی زیاتریان تێدایە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە