رووداو دیجیتاڵ
دوای داخستنی بەهۆی بەفرەوە، رێگەی زینێ وەرتێ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرایەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەروازەی کێلێ لە ئیدارەی راپەڕین بە رووی هاتووچۆی شۆفێراندا ئاسایی نەبووەتەوە.
شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەمڕۆ یەکشەممە 12-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە هەوڵی تیمەکان، رێگەی زینی وەرتێ کرایەوە و ئێستا هاونیشتمانیان دەتوانن هاتووچۆی پێدا بکەن".
هاوکات هەژار حەکیم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر هاونیشتمانییەک ئێستا پێویستی بە رێگەکە بێت، دەتوانێت بەکاری بهێنێت و دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە".
بەهۆی بەفربارینی شەوی رابردووەوە، رێگەی زینی وەرتێ داخرابوو، کە هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و راپەڕین پێکەوە دەبەستێتەوە.
هەر بەهۆی بەفربارینەوە، لە شەوی رابردووەوە رێگەی دەروازەی کێلێ لە ئیدارەی راپەڕین داخراوە.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ئیدارەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا هاتووچۆ لە دەروازەکەدا ئاسایی نەبووەتەوە".
دەروازەی کێلێ دەکەوێتە سنووری قەزای پشدەر لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و لە دیوى رۆژهەڵاتى کوردستانیشەوە دەکەوێتە سنووری شاری سەردەشتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ