رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئێوارەی سێشەممە 01-10-2024 گەشتێکی عومرە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر هەڵوەشێندرایەوە.
رێبوار ئازاد، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی گەشت و گوزار و حەج و عومرە لە ھەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گەشتێکی عومرە لە فڕۆکەخانەی ھەولێر بۆ فڕۆکەخانەی مەدینە ھەڵوەشایەوە و عومرەکاران لە فڕۆکە دابەزێندران.
بڕیار بوو ئەو فڕۆکەیە کاژێر 08:00ی ئێوارە لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بەرەو مەدینە بەڕێبکەوێت.
فڕۆکەکە سەر بە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقییە بووە. دوای ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێرشی مووشەکییان بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکردووە، گەشتەکە هەڵوەشێندرایەوە.
فڕۆکەکە 200 عومرەکاری تێدابووە و هەموویان سەرکەوتوونەتە سەر فڕۆکەکە.
تەنیا چەند خولەکێک مابوو فڕۆکەکە بفڕێت، لەناکاو بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکە دەرچووە.
هێرشە مووشەکییەکەی ئێران نزیکەی کاژێر 7:30 دەستیپێکرد و سوپای ئیسرائیل گوتی، لە رێگەی زیاتر لە 250 مووشەکەوە بووە.
هەر لەو بارەیەوە نزیکەی کاژێر 8ی شەو ، سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، هێرشەکە وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ "شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنییە، حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفرووشان".
سوپای پاسداران ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر "رژێمی زایۆنی کاردانەوەی هەبێت لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنەکەمان، رووبەڕووی هێرشی تووند دەبێتەوە".
ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە کۆتایی مانگی تەمموزدا لە تاران کوژرا، ئەوەش کاتێک بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان وەک سەرۆککۆماری ئێران چووە تاران.
رۆژی 27-09-2024یش هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بارەگای سەرەکی حیزبوڵڵای لوبنانی لە بەیرووت بۆردوومانکرد و لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا و عەباس نیلفرووشان، بەرپرسی دۆسیەی لوبنان لە سوپای پاسداران، کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ