کوردستان
سەربازێک لە شرنەخ داوا لە شۆفێری ئۆتۆمبێلێک دەکات بوەستێت، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ بوونی قەدەخەی هاتووچۆ. وێنە: ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، بۆ ماوەی 15 رۆژ چوونی خەڵک بۆ 14 ناوچە قەدەخە کرا. قەدەخەکردنەکە بەپێی یاسای سەربازی راگەیێندراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن پارێزگای شرنەخ بڵاوکراوەتەوە، لە دەوروبەری شاری شرنەخ و شارۆچکەکانی جزیر، سلۆپی، باسان، قلەبان و ئەلکێ لەو پارێزگایە 14 ناوچە وەکو "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناسێندراون، بۆ ماوەی 15 رۆژ چوون و هاتنی خەڵک بۆ ئەو ناوچانە قەدەخە کراوە.
بڕیاری قەدەخەکردنەکە ئەمڕۆ دووشەممە 1ی تەممووز دەستیپێکردووە و تاوەکو 15ی تەممووز بەردەوام دەبێت.
ئەو ناوچانەی بەپێی بڕیاری پارێزگا قەدەخە کراون بریتین لە: "چیای جودی، ناوچەی بەستا، چیای گورێ، کورەشین، گرێ دەریا داڤەتیان، کێلا مەمێ، فەڕاشین، زێرینە، چیای گابار، دۆڵی سار، چیای ئینجەبەل، ناوچەی ئۆیماککایا و تەنینێ."
پارێزگای شرنەخ رایگەیاندووە، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، دەستەبەرکردنی سەلامەتیی گشتی، رێگری لە تاوان و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی دیکە، ئەو ناوچانە وەک ناوچەی ئەمنیی تایبەت راگەیێندراون؛ داوای لە خەڵکی کردووە بۆ پاراستنی سەلامەتیی خۆیان پابەندی بڕیارەکە بن و سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن.
سوپای تورکیا لەم دواییانەدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە گەریلاکانی پەکەکە لەسەر سنووری باکوور و باشووری کوردستان و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان زیادکردووە، بەو هۆیەوە قەدەخەی هاتووچۆ و ناوچەی ئەمنیی تایبەت لە ناوچەکەدا رادەگەیێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ