رووداو دیجیتاڵ
پێچەوانەی داواکاریی واشنتن، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێداگری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بڵاویکردەوە، "کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا پێداگرە لەسەر هەڵبژاردنی شارەوانیی هەموو کانتۆنەکان لە 11ی حوزەیرانی 2024."
راگەیێندراوەکە دوای چەند کاژێرێک لە هەڵوێستێکی واشنتن هات کە گوتی، بەهۆی ئەوەی پێیانوایە هەڵبژاردن ئازاد و دادپەروەرانە نابێت، داوایان لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کردووە لەم کاتەدا نەیکات.
لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن؛ ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "هەر هەڵبژاردنێک لە سووریا بکرێت، پێویستە ئازاد، دادپەروەر، رۆشن و هەمەگر بێت."
پاتێل هەروەها گوتی، "بڕواناکەین لەم کاتەدا هەلومەرجی لەم شێوەیە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەبێت. ئەم پەیامەمان بە ژمارەیەک لایەنی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا گەیاندووە."
هەر رۆژی هەینی، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سووریا باسی لەوە کرد، داوایان لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کردووە "لەم کاتەدا هەڵبژاردن نەکەن."
بڕیارە 11ی حوزەیران، خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، وەک رەقە و دێرەزوور، ئەندام و سەرۆکی شارەوانییەکانیان هەڵبژێرن.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی (ئەنەکەسە)، ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکیی رۆژئاوای کوردستان، هەڵبژاردنەکەی بایکۆت کردووە.
ئەو هاوپەیمانییە لە چەند پارتێک پێکدێت کە ئەندامەکانیان چەندین جار هێرشیان کراوەتەسەر. پارتەکان پەنجەی تۆمەت بۆ پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) درێژدەکەن کە باڵی سیاسیی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)یە.
یەپەگە پێکهێنەری سەرەکەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی سوپای دیفاکتۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە کە ئەمریکا وەک هاوبەشێکی نزیک لە شەڕی دژی داعشدا کاری لەگەڵ دەکات.
رۆژی پێنجشەممە 30-05-2024 سلێمان ئۆسۆ، بەرپرسی باڵای ئەنەکەسە بە کاروان فەیزی، هەواڵسازی دێسکی ئینگلیزیی رووداوی راگەیاند کە هەڵبژاردنەکە دادپەروەرانە نابێت، چونکە پەیەدە لە رووی سەربازییەوە باڵادەستە و "هەزاران شەڕڤان و ئەندامی هێزی ئەمنی ناچار دەکات دەنگ بە بەربژێرەکانی خۆی بدەن."
هەمان رۆژ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوە کرد کە ئەنقەرە "لە نزیکەوە چاودێری دووژمنکارییەکانی رێکخراوی تیرۆریستی دەکات کە بە پاساوی هەڵبژاردن، لە دژی سەلامەتیی خاکی وڵاتەکەمان و سووریا دەیکات."
ئەردۆغان هەروەها گوتی، "تورکیا هەرگیز رێگە بە رێکخراوە جوداخوازەکە نادات لەودیوی سنووری باشووری، دەوڵەتێکی تیرۆریستی دابمەزرێنێت."
بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان لە وەڵامدا رایگەیاند کە هەڵبژاردنەکە نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ