وەزارەتی کار: هەر کرێکارێک ستەمی لێکرا، پەیوەندیمان پێوە بکات

01-05-2024
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
ژمارەیەک کرێکار لە هەولێر لەکاتی کارکردن. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ
ژمارەیەک کرێکار لە هەولێر لەکاتی کارکردن. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەبەرکردنی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان سستە. بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی هۆکارەکەی بۆ کەمیی هۆشیاری لای کرێکاران دەگەڕێنێتەوە و داواش دەکات، هەر کرێکارێک ستەمی لێکرا، پەیوەندییان پێوە بکات.
 
رووداو بەدواداچوونی بۆ ئاماری دەستەبەرکردنی کۆمەڵایەتی کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکان، تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 148 هەزار و 621 کرێکار دەستەبەرییان بۆ کراوە؛ لەو کرێکارانە 125 هەزار و 380 کرێکاریان نێوخۆیی و 23 هەزار و 241 کرێکار بیانین.
 
مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژدا بە رووداوی گوت، "دەستەبەرکردنی کرێکاران لە ئاست ویستی ئێمەدا نییە. ژمارەکە کەمە بەهۆی ئەوەی زۆربەی کرێکاران ئاگاداری دەستەبەرکردن نین."
 
بەپێی یاسا، دەبێت هەموو کرێکاران دەستەبەر بکرێن و هەر کرێکارێکیش بۆ ئەوەی دەستەبەربکرێت 17%ی مووچەکەی دەخرێتە سندووقی خانەنشینبوون کە 5%ی لە کرێ کرێکارەکە و 12%ی دیکەش خاوەن کارەکەی دەیدات بۆئەوەی دواتر خانەنشین بکرێت، بەڵام کرێکاری رۆژانە بەهۆی نەبوونی خاوەنکارەوە ناتوانن دەستەبەر بکرێن.
 
مەریوان بەگۆک داوا لە کرێکاران دەکات، "خۆیان دەستەبەر بکەن و مووچەی راستەقینەشیان بۆ تیمەکانمان ئاشکرا بکەن بۆئەوەی دەستەبەرکردنەکە بە دروستی بکرێت" و دەشڵێت، "نابێت مووچەی کرێکار لە 350 هەزار دینار کەمتر بێت."
 
زۆرجار لە هەرێمی کوردستان، کرێکاران ستەمیان لێدەکرێت و یاسا و رێنوێنییەکانی کار جێبەجێ ناکرێن.
 
کرێکاران دەتوانن لە سێ رێگەوە سکاڵاکانیان بگەیەنن. یەکێکیان پەیوەندییکردنە بە هێڵی گەرمی 5500 ـی وەزارەتی کار. وەک بەڕیوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی باسی دەکات: "راستەوخۆ لیژنەکانمان بەدواداچوون بۆ سکاڵای ئەو کرێکارە دەکەن. کرێکاران دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیشمان یان بەڕێوەبەرایەتیی شارەکان بکەن بۆ گەیاندنی سکاڵاکانیان"؛ دڵنیاییش دەداتە کرێکاران "هەر خاوەنکارێک پابەندی مەرج و رێنمایی و یاساکان نەبێت، دەدرێتە دادگە."
 
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رێنماییەکی نوێی سەلامەتی و تەندروستیی کاری دەرکردووە بۆ پاراستنی گیانی کرێکاران.
 
بەپێی رێنوێنییەکە، خاوەنکاران پابەندن بەوەی ژینگەیەکی سەلامەت و تەندروست بۆ کرێکاران بڕەخسێنن، لەگەڵ ئەوەشدا مردنی کرێکاران لە شوێنی کاردا بەردەوامە. مەریوان بەگۆک دەڵێت "سەلامەتی و تەندروستیی کرێکار لە ئەستۆی خاوەنکارە."
 
بوونی ژمارەیەکی زۆری کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان بەردەوام جێگەی نیگەرانیی کرێکارانی نێوخۆیی بووە. بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەولێر، "بڕیاری ژمارە 172ی ئەنجوومەنی وەزیران، تایبەت بە کەمکردنەوەی دەستی کاری بیانی ئەم ساڵ جێبەجێ کراوە؛ هەر خاوەنکارێک دەبێت رێژەی کرێکاری نێوخۆیی لە 75% کەمتر نەبێت و کرێکاری بیانی نابێت 25% زیاتر بن. تیمەکانمان بەردەوام بەدواداچوون دەکەن و هەر خاوەنکارێک پابەندی ئەو رێژەیە نەبێت، رێکاری پێویستی بەرامبەر دەگرینەبەر."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شارەزوور.

قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی سنووری قەزای شارەزووری کردو رایگەیاند، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینەیی گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین، "بەجۆرێک زۆرینەی ئەو پرۆژانەی هەمانن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون".