رووداو دیجیتاڵ
پزیشکێک لە هەولێر لە 24 رۆژدا نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەوری سکی بۆ 5 ئافرەت کرد و، هیچیان سەرکەوتوو نەبوون، هەموو سکیان رەش و رەق بووە و تووشی گانگرین بوون، نزیک بووە لەوەی بمرن، ئێستا لەژێر چارەسەری زۆر و چاودێریی ورددان.
وەزارەتی تەندروستی و سەندیکای پزیشکان لیژنەیان لەسەر ئەو دۆسیەیە پێکهێنا، دەرکەوت دکتۆرەکە مافی ئەوەی نییە نەشتەرگەری بکات، لەڕووی زانستی و پزیشکیەوە پسپۆڕیی لەوەدا نییە.
د. توانا فەرهاد، ئەندامی لیژنەی لێکۆڵینەوەی زانستی سەندیکای پزیشکانی کوردستان دەڵێت، ئەو پزیشکە بەپێی پسپۆڕییەکەی ناتوانێت بە بەنجی گشتی نەشتەرگەریی ئەنجام بدات، لەبەر ئەوەی پزیشکی شارەزای جوانکارییە، پزیشکی پسپۆڕ نییە هەر بۆیە بەپێی رێنوێنییەکانی سەندیکای پزیشکانی کوردستان بەهیچ شێوەیەک پزیشکی شارەزای جوانکاری ناتوانێت نەشتەرگەری بە بەنجی گشتی ئەنجام بدات.
ئەو پزیشکە بۆ هەر نەشتەرگەرییەکی ئەو کچانە دوو هەزار و 200 دۆلاری وەرگرتووە، دواییش کە تووشی نەخۆشی بوون هەر یەکەیان لەو پارەیە زیاتری بە چارەسەر داوە.
یەکێک لەو کەسانەی نەشتەرگەرییان کردووە کچێکی تەمەن 33 ساڵە، پاش چەند رۆژێک سکی رەش بووەتەوە و تووشی گانگرین بووە، نەشتەرگەرییەکە بە 2 هەزار و دووسەد دۆلار کراوە، پزیشکەکە هەڕەشەی باسنەکردنی ئەم بابەتەی بۆ میدیاکان لە نەخۆشەکەش کردووە.
ئەو کچە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت و بە رووداوی گوت، دکتۆرەکە پێی گوتووە "ئەگەر بچیتە لای دکتۆری دیکە و تەماشات بکات من سەیرت ناکەم و چارەسەرت ناکەم، هەموو سکم سووتاوە ئەو هەر دانی پێدا نەدەنا، ئەی مردبام ئەوجا؟ ئێستا سکم بۆگەن بووە."
یەکێکی دیکە لە قوربانییەکان تەمەنی 22 ساڵە و بە بنەچە عەرەبە و دانیشتووی بەغدایە. ئەو دەڵێت، "من هاتم جوانکاری بکەم، ئەمە شێواندنە، جوانکاری نییە، ئەمە زانستی پزیشکی نییە، من دەمەوێت سکم چۆن بووە وەک پێشووی لێبکرێتەوە هیچ شتێکی دیکەم ناوێت".
کەسوکاری قوربانییەکان هانا بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەبەن و دەڵێن ئەوەی روویداوە ستەمێکی گەورەیە. خوشکی یەکێك لە قوربانییەکانی نەشتەرگەریی جوانکاری دەڵێت، "من داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەکەم لێکۆڵینەوە بکەن، داوا لە سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەم خۆی لەمە بکۆڵێتەوە، چونکە ئەوەتا زیاتر لە حاڵەتێک هەیە."
ئەو پزیشكەی نەشتەرگەرییەکانی ئەنجامداوە ئافرەتە، وەک رووداو پەیوەندیمان پێوەکرد تاوەکو قسەمان بۆ بکات، بەڵام گوتی هیچ قسەیەک ناکەم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ