پەرلەمانتارێکی عێراق: چاودێریی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی حکومەت بۆ زمانی کوردی لە کەرکووک دەکەین

01-03-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمیندارییەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە نووسراوێکدا بۆ پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک دەڵێت، دەبێت زمانی کوردی لە هەموو فەرمانگەکان و سەر تابلۆکان لە پارێزگای کەرکووک بەکاربهێندرێت. نوێنەرێکی کەرکووکیش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی نووسراوەکە دەکەن.
 
لە نووسراوێکدا کە رێککەوتی 20ـی شوباتی لەسەرە، ئەمیندارییەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داوا لە راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک دەکات، لە تابلۆکانی دەرەوە و ناوەوەی فەرمانگە فەرمییەکان لە پارێزگای کەرکووک پشت بە زمانەکانی عەرەبی، کوردی، تورکمانی و سریانی ببەسترێت.
 
لەبارەی نووسراوەکەوە، رۆژی چوارشەممە 1ـی ئاداری 2023، نەجوە کاکەیی، پەرلەمانتاری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زۆرینەی تابلۆکانی کەرکووک لە فەرمانگە و شوێنە حکومییەکاندا بە زمانی عەرەبی نووسراون. ئێمە پێشتر بە نووسراو حکومەتی عێراقمان لەوە ئاگادارکردبوویەوە. دیارە نووسراومان بە سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتووە و ئەویش بە فەرمی داوای لە پارێزگاری کەرکووک کردووە کە نووسراوەکان بە زمانەکانی عەرەبی و کوردی بن؛ لە شوێنێکیش پێویست بێت بە سریانی و تورکمانیش، واتە چوار زمان." 
 
لە نووسراوەکەی ئەمیندارییەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بۆ راکان جبووری ئاماژە بەوە کراوە کە پرۆگرامەکانی خوێندن بە هەردوو زمانەکانی کوردی و تورکمانی بۆ قوتابخانەکان چاپ بکرێن کە خوێندنیان تێیاندا بەو زمانانەیە؛ لەگەڵ تەرخانکردنی مامۆستای زمانەکانی کوردی، تورکمانی و سریانی بۆ ئەو قوتابخانانەی کە خوێندنیان بەو زمانانەیە. 
 
نەجوە کاکەیی کە هاوکات ئەندامی لیژنەی پەروەردەیە لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی پەروەردەی کوردی و داواکاریی مامۆستایانی کوردەوە بۆ گواستنەوەی مووچەکانیان بۆ سەر حکومەتی عێراق گوتی: "وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە رابردوودا سەردانی بەغدای کردووە و لە بەغداشەوە بۆ هەمان ئامانج سەردانی هەولێر کراوە. ئەوەی ماوەتەوە وردبینییە لە ناوی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک کە بنێردرێت بۆ عێراق بۆئەوەی کاری گواستنەوەی مووچەیان بۆ بکرێت." 
 
پەرلەمانتارەکەی کەرکووک باسی لەوەشکرد، ئەوانەی لە خوێندنی کوردی کەرکووک کار بۆ گواستنەوەی مووچەکانیان کراوە تەنیا مامۆستایان نین، بەڵکو فەرمانبەر، خزمەتگوزار و هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە لە خوێندنی کوردیدا دەوام دەکەن و گوتیشی: "بۆ لایەنی عێراقیمان روونمان کردووەتەوە کە لە پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە و نەینەوا مامۆستا و فەرمانبەری خوێندنی کوردی هەن کە خزمەت لەو پارێزگایانە دەکەن و هەموو کارێکیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵییدایە تەنیا مووچەکەیان نەبێ لە هەرێمی کوردستانەوە دەدرێت؛ بۆیە پێویستە مووچەکەشیان بخرێتە سەر حکومەتی فیدراڵی." 
 
بەپێی دەستووری عێراق، هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی زمانی فەرمیی دەوڵەتن؛ لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ـەوە زۆرینەی تابلۆی شوێنە حکومییەکان و تەنانەت تابلۆی رێنوێنییەکانی هاتووچۆش لە کەرکووک تەنیا بە زمانی عەرەبین؛ لایەنە کوردستانییەکانیش بەردەوام پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک بە "جیا کاری" بەرامبەر کورد تۆمەتبار دەکەن. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە