رووداو - ئامێدی
40 هەزار هاونیشتمانی لە قەزای ئامێدی نەیانتوانیوە هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمی بەدەستبێنن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەو تۆمارەی ناوی ئەوانی لەسەر دەنووسرێت لە بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامەی دێرەلووک، زیاتر لە ساڵێکە لە بەغدایە بۆئەوەی وردبینی تێدا بکرێت و تاوەکو ئێستاش نەگەڕاوەتەوە.
بەشار ئەحمەد فەرمانبەرە، خێزانەکەی لە چوار کەس پێکدێن و لە ناحیەی دێرەلووک لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک دەژین، تەنیا سێ ئەندامی خێزانەکەی بەڵگەنامەی فەرمییان هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی منداڵەکەیان کە تەمەنی پێنج مانگە و بەڵگەنامەی فەرمیی نییە، ناتوانن بچنە ئێران بۆئەوەی هاوژینەکەی ببات بۆ بینینی پزیشک.
بەشار ئەحمەد دەڵێت، کێشەی ئەو ئەوەیە خێزانەکەی نەخۆشە و دوو ساڵە نەچووەتە ماڵی باوکی لە ئێران، دەبێت بچێت بۆ بینینی پزیشکەکەشی لەوێ، "ئێمە منداڵێکی پێنج مانگمان هەیە بەڵام ناسنامەی فەرمیی نییە، بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە دەڵێن تۆمارەکەیان چووەتە بەغدا و هەر ئەمڕۆ و سبەیمان پێدەکەن".
تۆماری هاونیشتمانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامەی دێرەلووک و ئامێدی تاوەکو ساڵی 2006 هاوبەش بوو، دواتر کاری هەردوو بەڕێوەبەرایەتییەکە جیاکرانەوە، بەڵام هەمان ژمارەی تۆماری وڵاتینامە هەبوون، لە سەرەتای ساڵی 2020ـەوە کار لەسەر دەرکردنی کارتی نیشتمانی و گۆڕینی سیستەمی کاخەزی بۆ ئەلیکترۆنی دەکرێت، تۆماری کاخەزی هەردوو بەڕێوەبەرایەتییەکەش لە بەغدا ماوەتەوە.
بەشی وڵاتینامەی گشتیی لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق روونی دەکاتەوە کە بەگوێرەی رێکارەکانیان، دەبێت ئەو تۆمارانە بەراورد بکرێن لەگەڵ تۆمارەکانی سەرژمێریی ساڵی 1957 لە بەغدا، پێش ئەوەی فەرمانگەیەکی نوی بکرێتەوە و دەبێت دواتر کار لەسەر وردبینیکردنی ئەو تۆمارانە بکرێت کە تەواو بووە و لە هەفتەی داهاتووەوە دەنێردرێن بۆ ئامێدی.
لیوا ریاز جوندی، بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامە لە عێراق دەڵێت، بەشێک لە خەڵکی ناحیەی دێرەلووک و قەزای ئامێدی زیاتر لە ساڵێکە بەهۆی ئەو کێشەیەوە دەناڵێنن و ژمارەیەکی بەرچاویان لە پاسپۆرت، وڵاتینامەی عێراقی، گرێبەستی هاوژینی، خانەنشینی و هەندێک بەڵگەی دیکە بێبەشن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ