رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ پێشبینی بارانبارین لە سەنتەری شاری هەولێر دەکرێت و بۆ سبەی هەینی پێشبینی دەکرێت رێژەی دابارین لەسنووری پاریزگای سلێمانی بەراورد بە ناوچەکانی دیکە زیاتر بێت.
رۆژی پێنجشەممە، 01-02-2024، بەشی کەشناسی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەکاتەکانی بەیانى تاوەکو دوای نیوەرۆ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆرێت بۆ هەوری تەواو، لە ئێوارەدا شەپۆلێکى باران و بەفربارین درێژدەبێتەوە بۆ سەر بەشەکانى رۆژهەڵاتى هەرێم[ـی کوردستان]، کاریگەرى ئەم شەپۆلە لە باشوورى پارێزگاى سلێمانى دەستپێدەکات تاوەکو ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانى باکوور و رۆژهەڵاتى پارێزگاى هەولێر."
بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ ئێوارە لە سەنتەری پارێزگای هەولێر ئەگەری بارانبارین هەیە، لە گەرمیان، بەشێک لە پارێزگاى کەرکووک تاوەکو باکوورى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى راپەڕین بەشێوەى نمەباران و هەندێک کات تاوەبارانى مامناوەند دەبێت. لە ئەنجامى کاریگەریی بارستە هەوایەکى سارد لەسەر تەواوى زنجیرە چیا سنوورییەکان، لووتکە و قەدپاڵى چیا بەرزەکان بەفردەبارێت.
لەبارەی پلەی گەرما بۆ ئەمڕۆ کەشناسی دەڵێت، نزیک دەبێتەوە لە تۆمارەکانی دوێنێ، بەڵام لە شەودا بە نزیکەی 2 بۆ 4 پلە نزمدەبێتەوە.
سبەی هەینی، 2ـی شووباتی 2024، کەش سارد و ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و لە هەندێک ناوچە هەوری تەواو دەبێت بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، "لەئەنجامی کاریگەری ئەو بارستە هەوایە ساردەی رووی لەناوچەکەمان کردووە لەکاتی بارانبارین ئەگەری بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە بەتایبەت ئەو شاخانەی بەرزیان لە (2000) مەتر زیاترە هاوکات پێشبینی دەکرێت رێژەی دابارین لە سنووری پاریزگای سلێمانی زیاتر بێت بەراورد بەناوچەکانی دیکە."
بەراورد بە ئەمڕۆ پێنجشەممە سبەی هەینی پلەی گەرما زیاتر دادەبەزێت. کەشناسیی دەڵێت، بە نزیکەی 4 تاوەکو 6 پلە نزمتر دەبێتەوە و لە ناوچەشاخاوییەکان زیاتر دادەبەزێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی هەینی:
هەولێر: 10 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 7 پلەى سیلیزى
دهۆک: 9 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 9 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 5 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 9 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 12 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: -5 پلەى سیلیزى
سۆران: 3 پلەى سیلیزى
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ