بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆ: وا دەکات دایک و باوک ئاگایان لە منداڵەکانیان بێت

02-01-2025
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
لۆگۆی پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆی رووداو بۆ ئەم ساڵ
لۆگۆی پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆی رووداو بۆ ئەم ساڵ
نیشانەکردن ئەنتیتۆباکۆ
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

کەمپەینی ئەنتیتۆباکۆی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ جاری چوارەم دەستپێدەکاتەوە، کلینیکی تایبەت بە کەمپەینەکە لەنێو نەخۆشخانەی تایبەتی ''پار''ە، پزیشکی پسپۆڕی سینگ و هەناسە، پزیشکی گشتی و تیمی پەرستاری بۆ ئەرکێکی گەورە راهێندراون.
 
دکتور رێباز حەمزە، سەرپەرشتیاری کلینیکی ئەنتیتۆباکۆ دەڵێت، "نیکۆتین بە تەنیا کێشە نییە، لەبەر ئەوەی تەنیا ئالوودەبوون دروستدەکات؛ بەڵام ئەو 5 تاوەکو 6 هەزار مادەیە کە لەناو جگەردا هەیە، کە دەیکاتە جۆرەها نەخۆشی، ئێمە دەمانەوێت لەوە دووربین. دوای ئەوە هێدی هێدی شتەکان کەم دەکەینەوە، جاری یەکەم لە ماوەی مانگێک دەیبینین، دواتر لە ماوەی سێ مانگ دەیبینین، هەموو جارێک هەندێک پشکنینی بۆ دەکەین، دوای ئەوەی لە جاری کۆتایی کە دڵنیا بووین وازی لە جگەرەکێشان هێناوە، ئێمە رێژەی نیکۆتین دیاری دەکەین."
 
بەشداربووان سەرەتا دەبێت ناوی خۆیان تۆمار بکەن و پشکنینی سەرەتاییان بۆ ئەنجام دەدرێت، دواتر لە 7 مانگدا سێ جاری دیکە پشکنینیان بۆ دەکەن، تاوەکو تیمی پزیشکی دڵنیا ببنەوە لەوەی بەشداربوو وازی لە تووتن هێناوە.
 
دکتۆر کاوە خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، "هەر بە یاسا قەدەخەیە. ئێستا راستە بە یاسا جگەرەکێشان و نێرگەلەکێشان رێگەیان پێدراوە، هاوردە دەکرێن و دروستدەکرێن و بەکاردەهێندرێن، بەڵام بە رێکاری خۆی. بەڵام ڤەیپ (جگەرەی ئەلیکترۆنی) شتێکە، کارەساتە، دوو شێوەیشی هەیە، یەکێکیان بە سائیلە و یەکێکیان دووکەڵە، ئەمە کارەساتە، سەرچاوەی نەخۆشی و بەهەدەردانی مادەیە، ئەم ئەنتیتۆباکۆیەی راگەیێندراوە هەر هیچ نەبێت وا لە دایک و باوکان دەکات ئاگاداری منداڵەکانیان بن."
 
هەولێر نیزام، خوێندکاری بەشی پزیشکی ئاماژەی بەوە کرد، "پڕۆژەکەی کەناڵی رووداو جێگەی ئەوپەڕی دەستخۆشی و بەرز نرخاندنە، چونکە دڵنیام یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پرۆسەی کە لەناو گەنجاندا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە. پێویستە سۆشیاڵ میدیا و دەزگاکانی راگەیاندن هەموویان چاو لە کەناڵی رووداو بکەن."
 
ئەوانەی وازیان لە تووتن هێناوە، ناویان دەخرێتە نێو تیروپشک و لە 01-01-2026 یەک لە بەشداربووەکان دەبێتە براوەی خەڵاتی ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل بەرزی جۆری 'تیگۆ 7 پڕۆ'ی کۆمپانیای سەراب، کە نرخی نزیکەی 30 هەزار دۆلارە.
 
شاڵاو حەسەن، رێکخەری بەبازاڕکردنی کۆمپانیای شێری سەراب گوتی، "زۆر خۆشحاڵ بووین کە یەکەم کاری هاوبەشیمان بۆ پڕۆژەیەکی ئاوا بەهادار و پیرۆز بێت لەگەڵ رووداو، کە پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆیە، لەڕاستیدا سەرەتا کە پەیوەندییان پێوە کردین زۆر سەرنجی راکێشاین، چونکە بابەتەکە بابەتێکە بۆ سوودی کۆمەڵگەیەکە و بۆ سوودی گشتییە، زۆر خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین کە ئێمە بەشدارین بە دابینکردنی ئۆتۆمبێلێکی 2024ی کیلۆمەتر سفر."
 
لە ماوەی رابردوودا سێ ساڵ بەسەریەکەوە و لە 2017 تاوەکو 2020 تۆڕی میدیایی رووداو وەکو یەکەم میدیا لە جیهاندا کەمپینی ئەنتیتۆباکۆی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەڕێوەبرد، لەو سێ ساڵەدا نزیکەی 40 هەزار کەس لە هەموو بەشەکانی کوردستان و کوردانی تاراوگەش بەشدارییان تێدا کرد و وازیان لە تووتن هێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە