پیاوێک دوای 42 ساڵ لە کێشانی جگەرە بەهۆی کەمپەینی ئەنتیتۆباکۆوە وازی لێدەهێنێت

01-01-2025
ڤەژین موراد
جگەرە کێشەکە بەهۆی کەمپەینێکی رووداوەوە وازی لەجگەرە کێشان هێناوە.
جگەرە کێشەکە بەهۆی کەمپەینێکی رووداوەوە وازی لەجگەرە کێشان هێناوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

موخلیس سەلیم، دوای 42 ساڵ لە کێشانی جگەرە، بەهۆی کەمپەینێکی رووداو بڕیاری وازهێنانی دەدات و ئەمەش دەبێتە خاڵی وەچەرخان لە ژیانیدا.
 
ساڵی 2017 تۆڕی میدیایی رووداو کەمپەینی ئەنتیتۆباکۆی راگەیاند، موخلیس سەلیمی 51 ساڵ هەر زوو ناوی خۆی تۆمار کرد و بووە ئەندام. دوای تێپەڕاندنی پرۆسە و پشکنینە تەندروستییەکان، هەمان ساڵ خەڵاتی وازهێنان لە جگەرەکێشانی پێدرا. 
 
موخلیس سەلیم، شۆفێری تاکسییە و لەبارەی کەمپەینەکەوە دەڵێت، "هاندان زۆر باشە، کەسانێک دەبینیت هیچ هاندان و پاڵپشتییەکیان نییە. هاندان دەوری زۆرە بەتایبەتی لە بواری تەندروستی، بە من بێت جگەرەم لا نەکێشن، ئەگەر عەیبە نەبێت دەڕۆم لە شوێنەکە، هەناسەم پێی تەنگ دەبێت."
 
تۆڕی میدیایی رووداو تاوەکو ئێستا سێ کەمپەینی راگەیاندووە، کە نزیکەی 40 هەزار کەس لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دیاسپۆرا بەشدارییان کردووە. 
 
ئەمڕۆش 1-1-2025، کەمپەینی چوارەم کە کردنەوەی کلینیکێکی تایبەتە بە خووگرتووانی نیکۆتین دەکرێتەوە. 
 
د رێبازهەمزە، پسپۆری نەخۆشییەکانی سنگ و دڵ لەبارەی کاریگەریی جگەرەکێشان و کەمپەینەکە باس لەوە دەکات، " بێگومان ئێمە دەزانین 80٪ـی شێرپەنجەی سییەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە، هۆکاری راستەقینەی جگەرەیە، کە پرۆسەکەش کۆتایی پێدێت، ئێمە هەر چاودێرییان دەکەین ئەگەر خۆیان حەز بکەن. بەگوێرەی ئەو پرۆسەیەی دایدەنێین و ئاشنا دەبن بە دوونیای بێ جگەرە، زۆر کەم ئارەزووی ئەوەیان دەبێت بگەڕێنەوە دوونیا ناخۆشەکەی بە جگەرەوە." 
 
ئەم ساڵ، جگەرەکێشان 7 مانگ چاودێری دەکرێن و بۆ هاندانی وازهێنانیان لە جگەرە، دەیان دیاری و لەنێویشیاندا ئۆتۆمبێلێکی سفر کیلۆمەتری تیگۆ 7 پڕۆ، بۆ ئەو بەشداربووانەی کەمپینەکە دانراوە کە نیکۆتین لە جەستەیان نەماوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە