رووداو دیجیتاڵ
رێمی فێرۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی سێناتی فەرەنسا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، جەخت لەسەر قووڵی پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت کە پێویستە فەرەنسا رۆڵی زیاتر ببینێت لە هاندانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کورد لە ناوچە ئاڵۆزەکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. دەشڵێت، "دەبێت ئێمە [فەرەنسا] ببینە گەرەنتی ئۆتۆنۆمیی باکوری-رۆژهەڵاتی سووریا".
ناوبراو هەروەها باس لە گرنگیی کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی رۆژی 14ی مانگ دەکات لەنێوان ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی ئیلیزێ.
سەبارەت بە چۆنیەتی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان، رێمی فێرۆ گوتی: "پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و کوردستان لە بنەڕەتدا زۆر بەهێزن. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بەبەردەوامی دێتە پاریس و بیروڕا گۆڕینەوەی زۆری لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا هەیە." ئاماژەی بە سەردانەکانی فرانسوا هۆڵاند، سەرۆکی پێشووی فەرەنسا کرد بۆ کوردستان و گوتیشی: "ئەمڕۆ کاتەکە زۆر هەستیارە و لەبەرئەوە گرنگە کە ئەم گفتوگۆ و دیدارانە بەردەوام بن."
ئەو سێناتۆرە فەرەنسییە پێیوایە ئەرکی فەرەنسا تەنها دۆستایەتی کورد نییە، بەڵکو دەبێت هاندەری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بێت بۆ پاراستنی کورد، "لە ناوچەیەکی جیهاندا، کە زۆر ئاڵۆزە و مرۆڤ هەمیشە چاوەڕوانی ناکۆکیی نوێ و زیاترە." گوتیشی: "گرنگە فەرەنسا گەرەنتی بدات و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هان بدات بۆ پاراستنی کورد لە عێراق و لە سووریا، هەروەها لە تورکیا و ئێرانیش... ئەم وتووێژە سیاسییانە کاری لەپێشینە و زۆر گرنگن و لەوانەیە بەرپرسیارییەتی یەکەمی وڵاتەکەم بێت."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ رێمی فێرۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی سێناتی فەرەنسا:
رووداو: پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانرێت بەهێزتر بکرێن؟
رێمی فێرو، ئەندامی ئەنجوومەنی سێناتی فەرەنسا: پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و کوردستان لە بنەڕەتدا زۆر بەهێزن. سەرۆک بارزانی بەبەردەوامی دێتە پاریس و بیروڕا گۆڕینەوەی زۆری لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا هەیە، لەسەردەمی سەرۆکایەتی فرانسوا هۆڵاند خۆیشی چەند جارێک سەردانی کوردستانی کرد وەک سەرۆک، ئەمڕۆ کاتەکە زۆر هەستیارە و لەبەرئەوە گرنگە کە ئەم گفتوگۆ و دیدارانە بەردەوام بن. ئەوەی پێویستە ئەوەیە فەرەنسا نەک تەنها دۆستی کوردەکان بێت، بەڵکو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش هان بدات بۆ پاراستنی کورد لە ناوچەیەکی جیهاندا، کە زۆر ئاڵۆزە و مرۆڤ هەمیشە چاوەڕوانی ناکۆکیی نوێ و زیاترە، کە دەتوانن لەهەر کاتێکدا زیاد ببن و کاریگەری لەسەر کوردەکان درووست بکەن. گرنگە فەرەنسا گەرەنتی بدات و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هان بدات بۆ پاراستنی کورد لە عێراق و لە سووریا، هەروەها لە تورکیا و ئێرانیش، هەڵبەت زۆر گرنگە کە ئەمڕۆ فەرەنسا وتووێژ دەکات لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی پاراستنی هەموو کورد. بێگومان ئەمە زۆر گرنگە. هەروەها پێموایە ئەم وتووێژە سیاسییانە کاری لەپێشینە و زۆر گرنگن و لەوانەیە بەرپرسیارییەتی یەکەمی وڵاتەکەم بێت.
رووداو: رۆژی 14ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی ئیلیزێ دەبێت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن و نانی نیوەڕۆ . ئەم کۆبوونەوانە چەند گرنگن بۆ بەهێزترکردن و فراوانکردنی پەیوەندییەکان؟
ئەندامی ئەنجوومەنی سێناتی فەرەنسا: من پێم وایە سەرۆک ماکرۆن و سەرۆک (نێچیرڤان) بارزانی پەیوەندییەکی پڕ متمانەیان بنیاتناوە، کە ئەوەش رێگەیان پێدەدات لەسەر تەواوی ناوچەکە گفتوگۆ بکەن. من سرووشتی گفتوگۆکانیان نازانم و ئەوە لە نێوان ئەواندا دەمێنێتەوە و هیچ زانیاریی تایبەتم نییە، بەڵام دەزانم ئەوان بە بەردەوامی وتووێژ دەکەن. دەزانم پەیوەندییەکەیان بە متمانە دروست کراوە و ئەمە زۆر گرنگە، چونکە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، لە پەیوەندییەکانی نێوان سەرۆکی دەوڵەتان، سەرۆکی حکومەتەکاندا متمانە زۆر گرنگە. بۆیە دەبینم سەرۆک(نێچیرڤان) بارزانی زۆر جار دێت بۆ پاریس لەچوارچێوەی ئەو گرنگییەی کە سەرۆک ماکرۆن بۆ کوردستان هەیەتی و هەروەها نیشانەی پاپەندی و پشتگیریی بەهێزی وڵاتەکەمە بۆ ئەم پەیوەندی و متمانە و دۆستایەتییەیە و کاری سیاسیی هاوبەش لە نێوان فەرەنسا و کوردستاندا هەیە، بە دڵنیایییەوە گرنگن.
رووداو: نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەفتەی رابردوو لە ئەبوزەبی سەرۆکی ئیماراتی بینی، پێرێ سەرۆکی تورکیا و سەرۆکی دیفاکتۆی سووریای بینی، دوێنێ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبووەوە. ئایا دوای ئەم کۆبوونەوانە کۆبوونەوەی ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانی زۆر گرنگ دەبێت؟
ئەندامی ئەنجوومەنی سێناتی فەرەنسا: بەڵێ، بەدڵنیاییەوە لەبەر ئەوەی سەرۆک بارزانی دەتوانێت لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن وتووێژ بکات، دەربارەی هەموو دیدارەکانی کە لە رۆژانی پێشوودا کردوونی و زۆر گرنگ بوون، هەروەها گرنگ بوو کە سەرۆک بارزانی بتوانێت لەگەڵ رێبەری نوێی سووریا گفتوگۆ بکات. جگە لەوە لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی سیاسیی ناوچەکەش. هەڵبەتە گرنگە کە دوای ئەوە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن گفتوگۆ بکات و بێگومان هەڵگری پەیامیش دەبێت.
ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە کوردستان، هەولێر، بە راستی لە دڵی ناوچەیەکدایە کە جیۆپۆلیتیکەکەی زۆر گرنگە و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئاکتەرێکی گرنگ و متمانەپێکراوە لەم ناوچەیەدا و بە کە بڕوای من ئەوە زۆر ئەرێنییە.
رووداو: نێچیرڤان بارزانی لەکۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ئەردۆغان باسی پرۆسەی ئاشتی و نامەی ئۆجەلانی کرد بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ چەکدانان . دروستبوونی ئاشتییەکی تەواو لە تورکیا و گەیشتنی کورد بە بەشێک لە مافەکانی، چەند لە بەرژەوەندی ئاشتی ناوچەکەدا دەبێت؟
ئەندامی ئەنجوومەنی سێناتی فەرەنسا: ئۆتۆنۆمی کورد لە تورکیا، ئازادکردنی ئۆجەلان، پرۆسەیەکی ئاشتی، بێگومان ئەو ئامانجانەن، کە من بە تەواوی هاوبەشییان دەکەم و من لە دڵەوە هیوای بۆ دەخوازم، کە پێموایە لە بەرژەوەندی تەواوی تورکیادان. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەمە ناتوانرێت لە ناو گوشارێکی زۆری دژە دیموکراتی لە تورکیادا جێبەجێ بکرێت. لەهەمان کاتدا من بیرم لای گرتنی بێ بنەمای سەرۆک شارەوانی ئیستەنبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغلویە. من هەروەها باسی هەموو ئەو سەرۆک شارەوانییە کوردانە دەکەم، کە لە چەند ساڵ و چەند مانگی دوایی دوورخراونەتەوە. من باسی هەموو ئەو چالاکڤان، پارێزەر و تێکۆشەرانەی ئازادیی و دیموکراسی لە تورکیا دەکەم، کە لە ئازادی بێبەشکراون و خراونەتە ژێر چاودێری و دەستگیر دەکرێن . بۆیە پرۆسەی ئاشتی دەبێت لە پرۆسەیەکی یەکگرتوودا جێبەجێ بکرێت. من هیوای زۆر دەخوازم بە ئاشتییەک لە نێوان ئۆجەلان و ئەو کەسانەی کە باوەڕیان پێی هەیە و دەسەڵاتی تورکیادا. بەڵام ئەم ئامانجە ناتوانێت لەنێو پاشەکشەی مافە دیموکراتییەکان لە تورکیادا رووبدات. دەبێت سیاسەتێکی یەکگرتووی گشتی هەبێت، کە رێگە بە تورکیا بدات، دیسان ببێتەوە وڵاتێکی تەواوی دیموکراتی.
رووداو: دەستووری کاتیی سووریا لەلایەن ئەحمەد شەرعی سەرۆکی دیفاکتۆی سووریاوە پەسەندکرا، بەڵام لەلایەن کورد، درووز، کریستیانەکان و عەلەوییەکانی سووریاوە رەتکرایەوە . فەرەنسا و یەکێتی ئەورووپا دەبێ چ بکەن کە دەستوور و دەسەڵاتی سووریا رای هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی سووریای لەسەربێت؟
ئەندامی ئەنجوومەنی سێناتی فەرەنسا: رووخانی رژێمی ئەسەد ئاسوودەییەک و سەرچاوەیەکی هیوایە. بەڵام رەوشە نوێییەکەش پڕە لە نیگەرانی. کە سەرکێشان بوو بۆ هەندێ رووداوی مەترسیدار وەک ئەنجامدانی تاوانەکانی دژ بە عەلەوییەکان و هەروەها بارودۆخی زۆر ئاڵۆز و نیگەرانیی گەورە بۆ کەمینەکان، وەک تۆ گوتت، دروزی، عەلەوی، مەسیحی و کوردەکان. دەبێت سووریای داهاتوو رێز لە هەموو پێکهاتەکانی خۆی بگرێت. دەسەڵاتی نوێی سووریا هەندێکجار هەندێ ئاماژە دەدەن کە دژبەیەکن. بێگومان دەسەڵاتەکە خۆیشی لە ناو دژایەتییەکدایە. کۆنترۆڵی تەواو و رەهای بەسەر وڵاتدا نییە و ئەمەمان بە باشی بینی. ئەوەی کە پێویستە ئەمڕۆ ئاسایشی ئەم کەمینانەیە، توانای ئەوان بۆ بەردوامبوونیان لە ژیان لە سووریادا، هەروەها بنیاتنان و درووستکردنی سیاسەتی باکووری-رۆژهەڵاتی سووریا بەتایبەتی لە دەوری کوردەکان و گەرەنتیان بکەین، دەبێت ئەمانە هەموو بتوانن لە سووریای نوێدا بژین و ئاسوودەبن لە تەواوی وڵاتەکە، کە کوردەکان بتوانن لە ناوچەکانی خۆیان بمێننەوە. من دڵخۆشم کە دەبینم ئەوان ئەمڕۆ دەتوانن بگەڕێنەوە عەفرین، بەڵام بێگومان نیشانەی دژبەیەک و هۆکاری ترسناکیش هەن. نابێت مرۆڤ لەهەندێ حاڵەتدا هەستیار نەبێت. لەبەر ئەم هۆیە دەبێت فەرەنسا ئەوروپا هان بدات بۆ ئەوەی ببێتە گەرەنتی سوریایەکی فرەچەشن و شوێنی هەموو کۆمەڵە و پێکهاتەکانی وڵاتەکەی تێدا ببێتەوە. جگە لەوە ئامرازی دیکەش هەن بۆ ئەو ئامانجە، ئەویش دیپلۆماسیی و هەروەها هەڵگرتنی گەمارۆکانە. دەبێت هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر سووریا بەتایبەتی گەمارۆی ئابووری بە مەرجی ئەوە بێت، کە سووریای نوێ رێز لە هەموو پێکهاتەکانی خۆی بگرێت و کار بۆ دەستورێکی نوێ بکات، کە هەموو پێکهاتەکانی سووریا بپارێزێرت.
رووداو: کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا 15 هەزار شەهیدی دا لە شەڕی داعشدا، ئێستا داوای هەرێمێکی ئۆتۆنۆم دەکات . فەرەنسا تاوەکو چەند پشتیوانی لە داواکانی کورد دەکات وەک دووەمین گەورەترین نەتەوە لە سووریا؟
ئەندامی ئەنجوومەنی سێناتی فەرەنسا: من هیواداربووم فەرەنسا زیاتر دان بە هەبوون و رەوایەتی دەسەڵاتدارانی باکووری-رۆژهەڵاتی سووریا بنێت و بیانناسێنێت، چونکە کورد بە هەزاران جەنگاوەری لە دەستدا لە شەڕی دژی داعش. ئەوان لە پێناو ئێمە ئەو هەموو قوربانییەیان دا. ئێستا دە ساڵ تێپەڕیوە بەسەر هێرشەکانی سەر پاریس، کە لەلایەن داعشەوە ئەنجام دران.
بێگومان کورد پشتگیرییان لە هێزەکانی ئاسمانی و هێزە تایبەتەکانی فەرەنسی و ئەمریکی وەرگرتووە، بەتایبەتی ئەو کوردانەی کە لە شەڕی دژی داعشدا پشتگیریی ئێمەیان کرد. لە بەرامبەر کوردەکاندا ئێمە ئەرک و بەرپرسیارەتییمان هەیە، ئێمە بەهای هاوبەش و ئامانجی هاوبەش بەیەکەوە دەمانبەستێتەوە. بۆیە دەبێت ئێمە ئەمڕۆ ببینە گەرەنتی ئۆتۆنۆمی باکوری-ڕۆژهەڵاتی سوریا و توانایان بۆ دروستکردن و دەستنیشانکردنی چارەنووسی خۆیان، یەکسانی ژن و پیاو، خزمەتگوزارییە گشتییەکان، دیموکراسی ناوچەیی، ئەمە دەستکەوتەکانی 10 ساڵی رابردوون لە باکووری-رۆژهەڵاتی سووریا. دەبێت ئەمە لە سووریای داهاتوودا بپارێزرێت و بێگومان ئەمە لە ناو وڵاتێکی فیدڕاڵی یان لامەرکەزیدا دەبێت، کە دەبێ رێز لە پێکهاتە جیاوازەکانی خۆی، ناوچە جیاوازەکانی خۆی بگرێت. من هیوادارم کە ئەمە بێت کە سووریا لە ساڵانی داهاتوودا دروستی دەکات. بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا من قەبارەی مەترسیی و هەڕەشەکانیش دەزانم. لەبەر ئەوە من دەزانم کە تا چ رادەیەک پێویستە فەرەنسا بڵێت بەهەموو شێوەیەک کوردەکان دەپارێزێت و هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی کوردانی باکووری-ڕۆژهەڵاتی سووریا بپارێزێت.
رووداو: ئێوە لەو باوەڕەدان ئەحمەد شەرع بتوانێت سیستەمێکی دیموکراسی لە سووریا دروست بکات؟
ئەندامی ئەنجوومەنی سێناتی فەرەنسا: من هیوادارم... زەحمەت دەبێت. ئەو بە تەنیا نییە. هێزی دژبەر هەن لە ناو ئەو هاوپەیمانیەتییەی کە ئەو گەیاندوونی بە دەسەڵات. بەهەرحاڵ لەو لایەنەوە دەبێت شتەکان بەرەو پێشەوە ببات، هەروەها دەبێت ئەوە نیشان بدات کە سووریا دەتوانێت پێگەی خۆی بدۆزێتەوە، هەوڵی پێشکەوتنی ئابوورییەکەی بدات و توانای خۆی بۆهەنگاونان بۆ داهاتوو خێراتر بکات، بەمەبەستی جێگیرکردنەوە و دۆزینەوەی پێگەی خۆی لە ناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا، لەگەڵ هەموو نەتەوەکانی دیکە، ئەمەش تەنها بەو مەرجانە دێتەدی کە باسمان کردن.
رووداو: دروستکردنی سیستەمێکی کە هەموو نەتەوەکانی سووریا تێیدا هاوبەش بن تاوەکو چەند لە بەرژەوەندی سەقامگیری ناوچەکە و ئاشتی جیهانە؟
ئەندامی ئەنجوومەنی سێناتی فەرەنسا: ئەگەر سووریا بتوانێت چارەنووسێک بهێنێتە کایەوە کە تێیدا هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە بەشداری پێبکات لە سیاسەتی وڵاتەکەدا ئەوا سووریا دەبێتە مۆدێلێک. سووریا دەتوانێت ببێتە مۆدێل کەچی دەزانم ئێمە ئێستا لەمە دوورین، بەڵام ئەمە دەبێت ئامانج بێت! لەبەر ئەوەی بێگومان سووریا دەوڵەتێکی گرنگە لە ناوچەکەدا، بەهۆی پێگە جوگرافییەکەی و بەهۆی فرەچەشنی پێکهاتەکانی کۆمەڵگای سووریا. بۆیە ئەگەر سووریا دەیەوێت وەک دەوڵەتێک بە سەروەری بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێت، دەبێت تەواوی پێکهاتەکانی خۆی کۆبکاتەوە بەشدارییان پێبکات. ئەمە پێویستییەکی رەهایە. من هیوادارم کە سەرۆکی نوێی سووریا لە گرنگی ئەمە تێبگەیشتبێت و هەمان بیرۆکە و بەهای هاوبەشی هەبێت، کە من دڵنیا نیم وابێت! بۆیە من باوەڕ ناکەم کە ئەمە بەبێ گوشارێکی بەهێز، بەبێ دەستێوەردانێکی نێودەوڵەتی بەهێز بێتەکایەوە.
رووداو: دوایین پرسیارم، وەک ئاگادارن بریارە لە پاریس پارکێک بەناوی پێشمەرگەوە بکرێتەوە ، ئەمە تا چەند گرنگە بۆ ناساندنی کوردستان و کورد لە فەرەنسا و هەروەها ئەم بیرۆکەیە چۆن درووست بوو؟
ئەندامی ئەنجوومەنی سێناتی فەرەنسا: سەرۆکی شارەوانی پاریس خاتوو ئانیدالگۆ، بەڵێنی داوە کە شوێنێک لەناو پاریس بەناوی پێشمەرگە ناو بنێت بۆ نیشاندانی ئەو پەیوەندیی و هێلە بەهێزەی کە ئێمە بە کوردەکانەوە دەبەستێتەوە، لەلایەکی دیکەوە بۆ ئەوەی پاریس وەک پایتەختی ئازادی و پایتەختی فەرەنسا بتوانێت ببێتە سیمبولێک بۆ ناساندنی پێشمەرگە لە پاریس و تەواوی جیهان، هەروەها ئەمە رێگەیەکیشە بۆ سوپاسکردنی پێشمەرگە کە لەلایەک بۆ ئازادی گەلی کورد شەڕ دەکەن، لەلایەکی دیکەوە بۆ ئازادی هەموومان شەڕیان کردووە و ئێستاش بەردەوامن، بە تایبەتی دژی داعش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ