رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: "مەرجی ئەمریکا بۆ هاوکاریکردنی پێشمەرگە، یەکخستنەوەیەتی، بەڵام "هێشتا هەنگاوێکی بەرچاو بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە نەنراوە."
دەیڤد شینکەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باس لە دۆخی ناوچەکە و تێڕوانینی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و پرسی گفتوگۆکانی ئێران و ئەمریکا و دەسەڵاتی نوێی سووریا دەکات.
هاوکات شینکەر لە بەشێکی گوتەکانیدا باس لە گرفتەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و نا دڵنیایی و کشانەوەی بەرچاوی کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکات لە عێراق.
دەقی گوتەکانی دەیڤد شینکەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا:-
رووداو: با باسی تێڕوانینی ترەمپ بکەین سەبارەت بە عێراق، تاوەکو ئێستا تێبینی دەکەین بێدەنگییەکی زۆر هەیە لە لایەن ترەمپەوە لەم بارەیەوە، خەڵکی عێراقیش نیگەرانن و نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکرێت، ئایا دەکرێت چاوەڕێی بەردەوامی هەمان سیاسەت بین یان گۆڕانکاری بەسەردا دێت؟
دەیڤد شینکەر: ماوەیەکی زۆر بەسەر ئیدارەی پێشوودا تێپەڕیوە و دۆخی ناوچەکەش بە تەواوی جیاوازە، بەتایبەت لە ڕووی پێگەی ئێران و چۆنیەتیی کارکردن و رۆڵی گرووپە نزیکەکانی لە ناوچەکەدا. پێموایە ئیدارەی نوێ زیاتر لە گۆشەنیگای کێشەی ئێرانەوە سەیری عێراق دەکات. ئەوەتا سەرۆک بڕیارنامەیەکی ئەمنیی دەرکرد کە تێیدا گرنگیی عێراقی خستەڕوو وەک دەروازەیەک بۆ سنووردارکردنی توانای ئێران لە بواری پارەسپیکردنەوە و گواستنەوەی دراوی ئەمریکی، هەروەها جەختی کردەوە کە نابێت سوپای پاسداران و گرووپە نزیکەکانی ئێران عێراق بکەنە پەناگە، بەڵام هێشتا نازانین پەیوەندییە دووقۆڵییەکان چ ئاراستەیەک دەگرن، چی لە رووی وەبەرهێنانەوە و چی لە رووی هەبوونی هێزی سەربازییەوە بەگشتی، پێدەچێت سەرۆک مەیلی بەوە هەبێت ئامادەیی سەربازی لە ناوچەکەدا کەم بکاتەوە. کەواتە پێویستە چاوەڕێ بین و ببینین بڕیارەکان چۆن دەبن، چ بۆ سووریا و چ بۆ عێراق.
رووداو: لە سەردەمی خولی یەکەمی ترەمپ، بۆ نموونە بیروباوەڕی کەسایەتییەکی وەک جەیمز ماتیس ئەوە بوو کە هەمیشە دەیگوت گۆڕەپانی رووبەڕووبوونەوەی ئێران لە عێراقە، ئایا لە ئیدارەی ئێستادا کەس هەیە هەمان بۆچوونی هەبێت؟
دەیڤد شینکەر: بێگومان، بڕیارنامەی ئاسایشی نیشتمانیی سەرۆک لە چواری شوباتدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە عێراق گرنگە بۆ کەمپینی گوشاری بەرفراوان لەسەر ئێران. ئامانجیش لێرەدا گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی دانوستاندن لەسەر بەرنامە ناوەکییەکەی تاران. بەڵام پێموایە هەندێک کەس رەنگە پێیان وابێت ئەگەر بتەوێت رێگر بیت لە هەژموونخوازی ناوچەیی ئێران، دەبێت لە عێراقەوە دەست پێ بکەیت. ئەمەش لە چەند رێگەیەکەوە: لە رووی ئابوورییەوە بە جێبەجێکردنی سزاکان، بەرتەسککردنەوەی مامەڵە داراییەکان، رێگرتن لە قاچاخیی نەوت، هەروەها پاراستنی هەبوونی سەربازی و پەیوەندییەکی دیپلۆماسی پتەو لەگەڵ بەغدا و هەرێمی کوردستان. بەڵام هێشتا روون نییە ئەم روانگەیە لە ئیدارەی نوێدا سەردەکەوێت یان نا.
رووداو: پەیوەندییەک لە نێوان وەزیری دەرەوە مارکۆ روبیۆ و سەرۆکوەزیرانی عێراق سوودانیدا سازکرا، پرسیارەکەم ئەوەیە، ئەو پەیوەندییە لە کۆتایی شوبات بوو، ئایا ئەم پەیوەندییە درەنگ نەکەوتووە؟ پێدەچێت عێراقییەکان چاوەڕێی پەیوەندییەکی زووتر بووبن، واتای ئەم پەیوەندییە چییە؟
دەیڤد شینکەر: پێویست ناکات لێکدانەوەی زۆری بۆ بکەین، جیهان پڕە لە قەیران. ئێستا پێشینە دراوە بە پرسی ئۆکراینا، کێشەی ئاگربەست هەیە لە نێوان ئیسرائیل و غەززە، وەرچەرخان بەرەو ئاسیا هەیە واتە چەندین پرسی گرنگ هەن کە ئیدارەی نوێ سەرقاڵیانە لە سەرەتاوە سەرۆک پەیوەندیی بە سوودانییەوە کرد، بەڵام ئەوەی روونە لە سەرەتادا عێراق لە پێشینەی کارەکانی ئەم ئیدارەیەدا نەبووە، هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە کە هێشتا پۆستی یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتاڵە و پڕکردنەوەی چەند مانگێکی دەوێت، هێشتا نە تیمەکە تەواو بووە و نە ستراتیژیێکی گشتگیریش داڕێژراوە، دەبێت چاوەڕێ بین و ببینین ئایا عێراق، وەک سەردەمی پێشووی ترەمپ، لەم خولەشدا دەبێتە یەکێک لە پێشینەکان یان نا.
رووداو: با بگەڕێینەوە سەر باسی ئێران، گوشاری زۆرینە گەڕاوەتەوە و سەرۆک ترەمپ فەرمانێکی جێبەجێکردنی واژۆ کردووە، تاکو ئێستا ئێرانییەکان هەر هیچ نەبێت بە فەرمی دەڵێن هیچ دانوستاندنێکی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا ناکەن، بەڕاستی ترەمپ چی لە ئێران دەوێت؟
دەیڤد شینکەر: ئەو دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنێکی ناوەکی درێژخایەنتر و بەهێزتر، نازانم ئایا ئەمە بەندەکانی پەیوەست بە هەڵسوکەوتی ناسەقامگیرکەری ناوچەیی ئێرانیش دەگرێتەوە یان نا، بەتایبەتی پشتیوانیی دارایی و مادی بۆ گرووپە نزیکەکانی، نەک تەنیا حیزبوڵڵا، حەماس و حوسییەکان، بەڵکو لە عێراقیش حەشد، بەڵام لە کۆتاییدا سەرۆک دەڵێت دەیەوێت بگاتە رێککەوتنێکی ناوەکیی باشتر ئەگەر سەیری مێژووی سەرۆک بکەین، پێشتر لە رێککەوتن کشاوەتەوە و دواتر گەڕاوەتەوە بۆی، وەک ئەوەی لەگەڵ نافتا (ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازادی ئەمریکای باکوور) لە نێوان ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک کردی. لە خولی یەکەمیدا، لە رێککەوتنەکە کشایەوە و دواتر رێککەوتنێکی نوێی واژۆ کرد کە تۆزێک زیاتر لە بەرژەوەندیی ئەمریکا بوو. پێموایە دەیەوێت هەمان شت لەگەڵ ئێران بکات، دەبێت ببینین ئاخۆ ئێران رازی دەبێت یان نا، جاری پێشوو کە هەوڵیان دا، تەنیا دوو ساڵ هەڵمەتی گوشاری زۆرینەیان هەبوو زۆر کاریگەر بوو نازانم ئایا هەڵمەتی گوشاری زۆرینە لەم خولەدا هەمان کاریگەریی دەبێت بەهۆی نەبوونی بەشداریی چین، ئەگەر بەردەوام بن لە قاچاخکردنی نەوتی ئێرانی و کڕینی لە بازاڕی رەشدا، ئەمە وادەکات سزاکان یان گوشارەکە کەمتر کاریگەر بێت، بەڵام بە هەر حاڵ، ئێران چوار ساڵی لەبەردەمە و لە پێگەیەکی ناوچەیی زۆر لاوازدایە دوای شکستەکانی حیزبوڵڵا و رووخانی رژێمی ئەسەد کە هاوپەیمانێکی ستراتیژی 40-50 ساڵەی تاران بوو دەبێت چاوەڕێ بکەین، بەڵام لەوانەیە ئێران ئێستا شتێک بڵێت و دواتر پێچەوانەکەی بکات.
رووداو: جەیسن گرینبڵات، نێردراوی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەند مانگێک لەمەوبەر لە هەڤپەیڤینێکی رووداو لە دەوحە گوتی ئێران دەرفەتی باشتری هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ترەمپ وەک لە ئیدارەکانی دیکە، ئایا تۆش هاوڕای ئەم بۆچوونەی؟
دەیڤد شینکەر: دیسانەوە پێموایە گوشار دەبێت، رێکاری ئیدارەی بایدن ئەوە بوو کە سەرەتا پێشەکییەکانی پێشکەش بە ئێران کرد و سزاکانی کە بەشێک بوون لە یاسای ئەمریکی جێبەجێ نەکرد. بۆیە بەرمیلی رۆژانەی قاچاخکراو لە ٣٠٠,٠٠٠ـەوە بەرز بووەوە بۆ ٢ ملیۆن، لەگەڵ کۆندێنسەیت (نەوتی سووک) و بەرهەمەکانی دیکە. ئەمە زیادبوونێکی گەورەیە و زۆربەی بەهۆی ئەوەوە بوو کە پێموایە ئیدارەی بایدن دەیویست ئەم دانوستاندنەی هەبێت و دەیویست ژینگەی دانوستانەکە باشتر بکات. هەروەها حوسییەکانیان لە لیستی تیرۆر دەرهێنا بۆ ئەوەی ژینگەی دانوستاندنەکە باشتر بکەن. پێموایە ئەمە باشترین رێگە نییە بۆ گەیشتن بە دانوستاندنێکی کاریگەر. پێموایە ترەمپ پێی وایە دەبێت گوشار بخەیتە سەر و پاشان دانوستاندنی دڵسۆزانە بکەیت، دەبێت ببینین ئاخۆ ئێرانییەکان قایل دەبن. پێموایە لەم قۆناخەدا، ئەوان نەک تەنیا نیگەرانی هەموو گرووپە نزیکەکانیان و پرۆژەی هەژموونی ناوچەییانن، بەڵکو نیگەرانی مانەوەی رژێمەکەشیانن.
رووداو: ئەگەر باسی سووریا و باسی کوردەکانی ئەوێ بکەین، ئیدارەی ئێستای ئەمریکا چۆن سەیری سووریا دەکات؟
دەیڤد شینکەر: لە خولی یەکەمی ترەمپدا، پێموایە تێکەڵبوونێکی زۆر هەبوو لە سووریا، باڵیۆز جەیمز جێفری و جۆیڵ رەیبۆرنت هەبوون کە بڕیارە ببێتە یاریدەدەری وەزیر بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لەم ئیدارەیەدا. ئەوان وەک نێردراو هەوڵێکی زۆریان دا بۆ رێگرتن لە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەسەد و هەوڵیان دا رژێمی ئەسەد ناچار بکەن بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایش جێبەجێ بکات و سەرکەوتوو نەبوون، بەڵام زۆر چالاک بوون، هەروەک وەزیر پۆمپەیۆش هەوڵی دا ترەمپ پێشتر روونی کردووەتەوە کە حەزی لە تێکەڵبوون نییە لە سووریا، یەک کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی لەسەر سووریا هەبووە و ئیدارەی ترەمپ دەستێوەردانی نەکرد لە راستیدا گوتیان با ئەوروپییەکان پێشەنگی ئەم دۆسیەیە بکەن، کاتێک ئەمە لەگەڵ ویستی دێرینی ئیدارەکە بۆ کۆتاییهێنان بەوەی پێی دەڵێن جەنگە بێکۆتاییەکان، واتە مانەوەی درێژخایەنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بەبێ کۆتاییەکی دیار یەکدەخەیت، پێموایە چاوەڕێی کشانەوە یان جۆرێک لە پاشەکشەی ئەمریکا لە سووریا دەکەین.
رووداو: کاتی کشانەوەکە زۆر گرنگە، هەموو کەس دەزانێت درەنگ یان زوو هێزەکان لە سووریا دەکشێنەوە، پێتوایە زوو دەبێت یان هێزەکان دەمێننەوە تاکو ئەو کاتەی جۆرە رێککەوتنێک سەردەگرێت بەتایبەتی لەنێوان کورد و ئیدارەی دیمەشق؟
دەیڤد شینکەر: بەڵێ، سەرەتا پێموایە 850 سەرباز هەبوو، لە راستیدا هەزار سەرباز هەبوو لە سەرەتادا نزیکی ساڵی 2018 کەمکرایەوە بۆ 850 سەرباز، کاتێک ترەمپ بیری لە کشانەوە دەکردەوە ئەو کات وەکو بیرتانە، تورکەکان گوتیان دێن و شوێنی هێزەکانی ئەمریکا دەگرنەوە، ئەمە ڕووی نەدا و 850 سەربازمان هێشتەوە پێموایە مانەوەیەکی کاریگەر و تێچوویەکی کەم بوو کە داعشی دوور راگرت و هاوکات لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە هێزەکانی هەسەدە لە نزیکەوە کار دەکرا زۆر سەرکەوتوو بوو، بەڵام ئێستا لە دۆخێکی زۆر جیاوازداین پێموایە ترەمپ سووریا وەک کێشەیەک دەبینێت کە تورکەکان دەیانەوێت رۆڵی گەورەتری تێدا بگێڕن، دڵنیام پەیوەندییەک لە نێوان سەرۆک ترەمپ و سەرۆک ئەردۆغان لە ئارادایە، کە تێیدا ئەردۆغان پێشنیار دەکات هێزی تورکی لەو ناوچەیە جێگیر بکرێت و ڕێگە بە ئەمریکا بدرێت بکشێتەوە و بەرپرسیارێتیی بەردەوامی شکست یان کۆنتڕۆڵکردنی داعش لەو ناوچەیە بگرێتە ئەستۆر
پێموایە لێرەدا پرسیاری کراوەی زۆر هەیە. ئەمریکا پەیوەندییەکی دێرینی لەگەڵ هەسەدە هەیە و پێموایە بەرپرسیارێتیمان هەیە، بەڵام وا دیارە سووریا بەرەو فیدراڵیزم ناڕوات، بەڵکو بەرەو دەوڵەتێکی یەکگرتوو و ناوەندی دەڕوات کە تێیدا هەسەدە دەبێت بەشێک بێت لە سوپای حکومەت و لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە فەرماندەیی بکرێت، پێموانییە ئەمریکا و ئیدارەی ترەمپ رێگربن لەمە ئەمەش چەندین کێشە دروست دەکات، بەڵام پێموایە دەکرێت دانوستاندنی لەسەر بکرێت و پێموایە کێشەکە بۆ هەسەدە و کوردەکان پرۆژە نەتەوەییەکەیانە کە بۆ رۆژئاوا هەیانە، واتە بوونی دامەزراوەی نەتەوەیی خۆبەڕێوەبەر لە رۆژهەڵاتی سووریا، پێموایە ئەمە ئەوەیە کە دەبێت لە نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدەدا دانوستاندنی لەسەر بکرێت تاکو بزانین لە کوێدا کۆتایی دێت.
رووداو: ئێستا تورکیا لە سووریا دەستی باڵایە، بەڵام ئایا کوردەکان لە دانوستاندنەکانیان لەگەڵ دیمەشق دەتوانن پشت بە پشتگیریی سیاسیی ئەمریکا ببەستن؟ ئەو پەیوەندییە چۆنە؟ ئایا پەیوەندییەکە تەنیا لەسەر بنەمای شکستپێهێنانی داعشە و ئایا کوردەکان دەتوانن بە جۆرێک لە دانوستاندنەکانیشیاندا پشت بە هاوپەیمانەکانیان ببەستن؟
دەیڤد شینکەر: پێموایە ئیدارەی ترەمپ زۆر پراگماتیکە، دڵنیا نیم تاکو چ رادەیەک ئەگەر بێتو بیانەوێت هەڵسەنگاندن بکەین کە ئایا هاوبەشییەکەیان لەگەڵ هەسەدە بە گرنگتر دەزانن یان پەیوەندییەکەیان لەگەڵ هاوپەیمانی ناتۆیان کە تورکیایە، پێموایە ئەم ئیدارەیە لەم پرسەدا بە شێوازێکی جیاواز لە خولی یەکەم دەڕوات پێموانییە هەسەدە بتوانێت پشت بە ئەمریکا ببەستێت بۆ پاراستنی پرۆژە سیاسییەکەی ئەم هاوبەشە، پێموایە دەستێوەردانی کردووە و وا دیارە لە دانوستاندنەکاندا هەوڵی داوە هەسەدە بەهێز بکات لەسەر مێزی دانوستاندن بە پشتگیریکردنی سەربازی و پاشەکشەپێکردنی سوپای نیشتمانی سووریا و هێزە سەربازییە پشتگیریکراوەکانی تورکیا لە دژی هەسەدە، بەڵام لە رووی سیاسییەوە ئایا ئەمریکا ئایا ئیدارەی ترەمپ لە دژی تورکیا یان ئەحمەد شەرع بەرگریی لە هەسەدە دەکات؟ پێموایە جێی گومانە.
رووداو: ئەمریکا چۆن سەیری ئەحمەد شەرع دەکات؟ روونە کە بەتایبەتی ئەورووپییەکان، ئەوان دەستیان کردووە بە دروستکردنی پەیوەندی و چەندین شاند سەردانی دیمەشقیان کردووە و شاندی ئەمریکیش کردی، بەڵام ئەوە لە رۆژانی کۆتایی ئیدارەی بایدندا بوو، پێتوایە ترەمپ لەژێر بارودۆخی ئێستادا ئامادە بێت شاند بنێرێتە سووریا؟
دەیڤد شینکەر: پێموایە بابەتەکە چاوەڕوانکردن و بینینە، پێموایە ئیدارەکە هێشتا نەیتوانیوە بە تەواوی رێبازێکی سیاسیی تێگەیشتوو بۆ ئەحمەد شەرع دابڕێژێت. ئەو زۆرێک لە شتە دروستەکانی گوتووە لەبارەی پاراستنی کەمینەکان و ژنان، جێبەجێنەکردنی شەریعەت، سەپاندنی جزیە یان باج لەسەر ناموسڵمانان گوتوویەتی ئەو عەلەوییانەی پشتگیریی سووریای نوێ دەکەن سزا نادرێن یان ناچەوسێنرێنەوە دارێکی کریسمس هەبوو سەرەتا لە حەلەب لابرا و دواتر دانرایەوە، ئەگەر بیرت بێت زۆرێک لەم شتانە شتی دروست یان نیشانەی باشن.
لێرەدا تۆمارێکمان هەیە سەبارەت بە ئەحمەد شەرع کە پێشتر جۆلانی بوو، ئەو بۆ هەشت ساڵ و نیو بەڕێوەبەرایەتی ئیدلبی کرد و لەو ماوەیەدا کارنامەیەکی باشی هەبوو لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەمینەکان، تەنانەت دەکرێ بڵێین لە زۆربەی رژێمەکانی ناوچەکە باشتر بوو، بەڵام ئەمە هێشتا پرسێکی کراوەیە ئێستا دەبینین کۆمەڵێک شەڕکەری بیانیی و جیهادی لە ریزەکانی سوپای سووریادان کە هەندێکیان بە تیرۆریست ناسێنراون، بۆیە وا دەردەکەوێت ئیدارەی ئەمریکی چاوەڕێی ئەوە دەکات بزانێت ئەم حکومەتە نوێیە چۆن مامەڵە لەگەڵ کەمینەکان دەکات و تاوەکو چەند پابەندی فرەیی و فرەلایەنییە، کۆنفرانسێکی سەرەتایی بۆ دانوستاندنە دەستوورییەکان بەڕێوەچوو، بەڵام نوێنەرایەتییەکی تەواوی تێدا نەبوو پێموایە ئەمە تاکو رادەیەکی زۆر پەیوەستە بە پابەندبوونی حکومەتی نوێی سووریا بە چاوەڕوانییەکانی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەروەها پەیوەندیی بە جۆری ئەو پەیوەندییەوە هەیە کە دەمانەوێت لەگەڵ سووریادا هەمانبێت، کە چ جۆرە سیستەمێکی حوکمڕانیی پێویستە.
هەرچەندە ئیدارەی ئەمریکی هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە، بەڵام پێموایە ناتوانین بگەینە ئەو ئامانجەی دەمانەوێت، مەگەر تا رادەیەک تێوەگلان و بەشداریکردن هەبێت لە پرۆسەکەدا.
رووداو: ئەوروپییەکان، بەتایبەتی ئەڵمانیا و فەرەنسا، زۆر جەخت لەسەر ئازادییەکان لە سووریا دەکەنەوە، ئەمەش وەک مەرجێکە بۆ شەرع و لە دیمەشق گفتوگۆیان لەسەر کردووە، ئازادییەکان، مافی ژنان و مافی کەمینەکانیش، ئایا بۆ ئەمریکاش هەر وایە یان پێت وایە هەمان ئەم مەرجانە دەبێت بۆ ئەمریکا یان ئەمریکا زیاتر جەخت لەسەر سەقامگیری دەکاتەوە؟
دەیڤد شینکەر: بە بۆچوونی من، کرۆکی بابەتەکە ئەوەیە کە هەموو ئەم فاکتەرانە رۆڵیان لە سەقامگیریدا هەیە، بۆ نموونە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ کەمینەکان زۆر گرنگە، لە وڵاتدا چەندین میلیشیا هەن کە سەر بە ناوچە جیاجیاکان و گرووپ و رەوتە جۆراوجۆرەکانن، ئەگەر لێبووردەیی و حوکمڕانییەکی دادپەروەرانە و بەڵێنی فرەلایەنی بۆ هەموو هاوڵاتییانی سووریا نەبێت، یەکڕیزیی نیشتمانی بەدی نایەت.
لەم حاڵەتەدا، میلیشیاکان لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت دەمێننەوە و سووریا دەکرێت چارەنووسی وەک لیبیای لێ بێت، هەرچەندە ترەمپ لەوانەیە گرنگییەکی ئەوتۆ بە پرسی مافەکانی مرۆڤ نەدات، بەڵام پێموایە ئەمریکا جەخت لەسەر فرەلایەنی و لێبووردەیی بۆ کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان دەکاتەوە.
پەیوەندییەکانی داهاتوو بە رادەیەکی زۆر پشت بە هەڵسوکەوتی دیمەشق دەبەستێت ئەمریکا بەرژەوەندیی جۆراوجۆری لە سووریا هەیە، لەوانە: پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ دراوسێکانی، پەیوەندی لەگەڵ ئێران و، هەڵوێستی بەرامبەر بە رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک داعش و قاعیدە - هەر وەک چۆن شەرع کاتی خۆی لە ئیدلب رووبەڕوویان بووەوە. بۆیە پێموایە هێشتا زووە بۆ دەرکردنی حوکمی کۆتایی، بەڵام ئەمانە هەمان ئەو پرسانەن کە وڵاتانی ئەورووپاش چاودێرییان دەکەن.
رووداو: لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوە و سوودانی، باسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتیان کرد لە رێگەی جەیهانەوە، ئەمەش مەبەست لێی هەرێمی کوردستانە چونکە ئەو نەوتە نەوتی هەرێمی کوردستانە، هەروەها باسی کۆمپانیاکانی ئەمریکایان کرد کە لە عێراق کار دەکەن، زۆرینەیان ئەو کۆمپانیا نەوتییانەن کە لە کوردستانی عێراق کاردەکەن، کوردستانی عێراق یان کوردی عێراق دەبێت چاوەڕێی چی لە ئیدارەی ترەمپ بکەن؟
دەیڤد شینکەر: ئەمە رێبازێکی زۆر سەرمایەدارییە، رێبازێکی مامەڵەییانەی سەرمایەدارییە وەک شوێنەکانی دیکەی جیهان و بەتایبەتی لە عێراق، ئەمە هەمووی پەیوەندیی بە کەرتی تایبەتی ئەمریکاوە هەیە، حکومەتی ئەمریکا وەبەرهێنان ناکات حکومەتی ئەمریکا خاوەنی کۆمپانیای نەوت نییە، ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە ئەمریکا یان ویلایەتە یەکگرتووەکان یان شوێنی دیکە بنکەیان هەیە، خۆیان خاوەنی خۆیانن ئەمریکا دەتوانێت کۆمپانیاکان هان بدات بۆ وەبەرهێنان لە عێراق، بەڵام ئەم کۆمپانیایانە ئەوەی گرنگە بۆیان قازانجە، ئایا دەتوانن قازانج بکەن، بە سەلامەتی کار بکەن لە وڵاتێکدا کە دەتوانن رێژەیەکی باشی قازانج بکەن و یاساکانی جێبەجێکردنی گرێبەست پێشبینیکراو بن، بۆیە کۆمپانیاکانی ئەمریکا لێرە بوون کۆمپانیای دیکەش هەن لێرەن، کەنتاکی فراید چیکن و هتد، بەڵام هێندە زۆر کۆمپانیای ئەمریکی کار لە عێراق ناکەن، ئێکسۆن مۆبیل رۆیشت و زۆر کۆمپانیای ئەمریکی نیگەرانن لە کەشی کارکردن، ئاڵۆزییەکانی جێبەجێکردنی گرێبەست، هەموو جۆرە ئاڵۆزییەک لە کارکردندا، لیستێک هەیە بۆ ئاسانی کارکردن لە وڵاتانی بیانیی، پێشبینی دەکەم عێراق و هەرێمی کوردستان لەو لیستەدا زۆر لە خوارەوە بن، بۆیە پێموایە وەبەرهێنانی زیاتر لە لایەن ئەمریکاوە لێرە دەبێت ئەگەر دادگاکان ژینگەی کار ئاسانتر بکەن.
رووداو: ئەمریکا بە چەندین شێواز پشتگیریی هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی دەکات، یەکێک لەو پشتگیرییانە بۆ هێزی پێشمەرگەیە، پێتوایە لە سایەی ئەم ئیدارە نوێیەشدا ئەم پشتگیرییە بەردەوام دەبێت؟
دەیڤد شینکەر: راستە تاوەکو ئێستا چەندین یارمەتی هەبووە و باسی یارمەتیی زیاتریش دەکرێت لە یارمەتییە دەرەکییەکان، چ سەربازی بێت و چ ئابووری، ئێستا کاریگەریی یارمەتییە ئابوورییەکان لە هەرێمی کوردستان دەبینین، بەڵام پێموایە هاوکارییە سەربازییەکان لەم قۆناخەدا بەردەوام دەبن.
دیارە پێشتر تەنانەت پێش ئیدارەی پێشووی ترەمپ، ئەم هاوکارییانە مەرجدار کرابوون بە یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، مەبەستیان ئەوە بوو نابێت دوو هێزی جیاواز هەبن، یەکێکیان سەر بە لایەنێک و ئەوی دیکەیان سەر بە لایەنێکی دیکە و دەیانویست هێزەکان یەکگرتوو بن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمە نەکراوە و هیچ هەنگاوێکی بەرچاویش بەو ئاڕاستەیەدا نەنراوە، لەوانەیە ئیدارەی نوێ جەخت لەسەر ئەم مەرجانە بکاتەوە، بەڵام لە کۆنگرێسدا پشتگیرییەکی بەرچاو و تێگەیشتنێکی قووڵ هەیە بۆ گرنگیی هەرێمی کوردستان و سەقامگیریی ئەم ناوچە هەستیارە، بۆیە پێم وایە پشتگیرییەکان بەردەوام دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ