کۆنفۆرت ئێرۆ: ئێران بە تەواوی لاواز بووە

17-04-2025
شیراز رەئوف
بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ.
بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ.
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی دەڵێت: گرنگە سزاکانی سەر سووریا هەڵبگیرێن و ئیسرائیل واز لە خواستی دابەشکردنی ئەو وڵاتە بهێنێت، چونکە ئیسرائیل بە لاوازبوونی سووریا بەهێز نابێت.
 
کۆنفۆرت ئێرۆ، سەرۆکی گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باس لە دۆخی ناوچەکە و گۆڕانکارییەکانی دوای هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی نوێی سووریا دەکات.
 
هاوکات دەڵێت: "ئێران و ئەمریکا وەکو پێویست متمانەیان بە یەکتر نییە، بەڵام گەشبینن بە گفتوگۆکان و ئێرانی ئێستا ئێرانی چەند مانگێک پێش هێرشەکانی ئۆکتۆبەر نییە و بە تەواوی لە نێوخۆ و دەرەوە لاواز بووە."
 
دەقی گوتەکانی کۆنفۆرت ئێرۆ، سەرۆکی گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی: 
 
رووداو: لەبارەی گفتوگۆی ئێستای نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران لەبارەی ئەوەی کە پێی دەڵێین ڕێککەوتنی ناوەکی، هەرچەندە ئەمریکا داوای زیاتر لە تەنیا بەرنامەی ناوەکی دەکات و باسی بەرنامەی مووشەکی و کاریگەریی ئێران لە ناوچەکەش دەکات، پێت وایە ئەنجامەکەی چۆن دەبێت؟ 
 
کۆنفۆرت ئێرۆ: هەمیشە دەرفەت هەیە، ئەوەی کە ئاماژە بە خواستی گفتوگۆ دەکرێت، گرنگە، لەبارەی پرسیاری دووەمتەوە، کە ئایا ڕاستگۆن، زەحمەتە بڵێین بەڵێ، بەڵام خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە نابێت شتێک لەبیر بکەین سەرۆک ترەمپ لە کاتی هەڵبژاردنەکان و لە خولی یەکەمیشیدا گوتی کە حەزی لە ڕێککەوتنە ناوەکییەکە نییە، چونکە ڕاستەوخۆ باسی کێشە سەرەکییەکانی ئەمریکا و ناوچەکەی نەکردووە.
 
لە سەرەتای خولی دووەمیدا گوتی کە ڕێککەوتنێکی دەوێت باشتر و جوانتر بێت لە ڕێککەوتنەکەی ئۆباما، بۆیە دەبێت بە جیددی وەریبگرین، دواتر نامەشی بۆ هاوتا ئێرانییەکەی نووسی و ئەمە ئاماژەیەکی دووەمە کە نیشان دەدات بەڕاستی خوازیارە، ئەم سەرۆکە زۆر بە ڕوونی دەریخستووە کە حەزی لە شەڕ نییە.
 
پێموایە ئەمانە ئاماژەی گرنگن و نیشانی دەدەن کە بەڕاستی دەیەوێت ڕێککەوتنێک ببینێت، ئێستا جۆری ڕێککەوتنەکە و ئەو داواکارییانەی کە دادەنرێن زۆر گرنگ دەبن، چونکە ئەگەر ئامانجی ناواقیعی دابنێیت، ئەگەر چەک بخەیتە سەر سەری ئێران، ئەگەر تێگەیشتنت بۆ داواکارییەکان نەبێت و ئەگەر شانۆکە بە شێوەیەک ئامادە نەکەیت کە دڵنیابیت بەرامبەرەکەت دەتوانێت لەگەڵت لەسەر مێزەکە دابنیشێت، ئەوکات دەگەڕێینەوە سەر پرسیارەکەت کە چەندە ڕاستگۆن، بەڵام ئێران لەسەر مێزەکەیە و ئاماژەیان بە خواستی خۆیان کردووە و گوتوویانە دەیانەوێت ئەو گفتوگۆیانە بکەن، بۆیە پێموایە دەبێت ئەوانیش بە هەمان شێوە بە جددی و ڕاستگۆ وەربگرین.
 
رووداو: لە سەرەتادا خامنەیی رێبەری ئێران ڕەتی کردەوە و لە تویتەکانیشیدا گوتی هیچ دەرفەتێک نییە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا بکەین، ئایا ئەمە مانای ئەوەیە کە ئێران دەزانێت ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیلدا جددین، بەتایبەت لە هەڕەشەی سەربازی و هێرشکردنە سەر ئێران؟
 
کۆنفۆرت ئێرۆ: بەڵێ، چەندین شێواز هەیە بۆ خوێندنەوەی ئەمە، پێم وایە ئەوە ڕاستە، بەڵام هەروەها پێشم وایە کە ئەوان بەڕاستی دەیانەوێت و خوازیارن ئەم گفتوگۆیانە بکەن، خاڵێکی گرنگی دیکە کە پەیوەندی بە یەکەم پرسیارتەوە هەیە ئەوەیە کە ئێرانی ئەمڕۆ زۆر جیاوازە لەو ئێرانەی کاتێک ترەمپ یەکەم جار لە دەسەڵات بوو، بێگومان زۆر جیاوازترە لەو ئێرانەی 18-19مانگ پێش 7ی ئۆکتۆبەر، ئێستا لاوازترە، لە ڕووی ئابوورییەوە لاوازترە، گوشاری ناوخۆیی زۆرە، تۆڕەکانی لە ناوچەکەدا یان زیانیان پێگەیشتووە یان پاشەکشێیان کردووە، لە هەمان پێگەی پێشوویاندا نین، ئەوەت بینی لە سووریا  چی ڕوویدا، لە لوبنان چی ڕوویدا، و هەڵبەت ئەوەش دەبینین کە لەگەڵ حوسییەکان چی ڕوودەدات کەواتە ئەمە ئێرانێکی زۆر جیاوازە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە لەبەر هەموو ئەم فاکتەرانە دەکرێت ئێران بەلاوە بنرێت، ویستێک هەیە و پێموایە ئەوانیش دەیانەوێت بزانن سەرۆک ترەمپ چی پێشکێش دەکات.
 
رووداو: چ ڕێککەوتن هەبێت یان نا، ئەو ئێرانەی ئێستا لە چاو 18 مانگ پێش ئێستا جیاوازترە، پێتوایە ئێران هەمان ئەو ئێرانە نییە کە جاران هەبوو لە ناوچەکەدا؟
 
کۆنفۆرت ئێرۆ: پێموایە ئەمە فاکتەرێکە ناکرێت پشتگوێ بخرێت، ئەمەش بەشێکە لە هۆکارەکانی بڕیاردان بۆ سازدانی گفتوگۆکان لە مەسقەت و ئێستاش لە ڕۆما، کەواتە ئێران بە جددی ئەو هەڕەشانە وەردەگرێت و بۆیە ئاماژە دەکات کە دەیەوێت بچێتە ناو گفتوگۆکانەوە، بەڵام وەک گوتم، ئەمە دیپلۆماسییە و چەپڵە بە یەک دەست لێنادرێت، یەک دەست بە تەنیا ناتوانێت چەپڵە لێبدات، هەرچەندە گوشار گرنگە، بەڵام ئەگەر ڕێککەوتنت دەوێت، دەبێت ئەو چەپڵەیە بە دوو دەست لێبدەیت و دڵنیا بیت کە هەردوو لا لە یەکتر تێدەگەن، نابێت ئامانجی ناواقیعی دابنێیت و گرنگە لە بیرکردنەوەی هەردوو لا تێبگەیت.
 
لە کۆتاییدا، هەرچەندە ئێران لاوازتر دیارە و هێزی جارانی لە تۆڕەکانیدا نەماوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە دەتوانیت چەک بخەیتە سەر سەری، گرنگە بە شێوەیەک ئەمە بکەین کە ئەو ئەنجامەی هەردوولا دەیانەوێت بەدەست بێت، هیچ لایەک شەڕی ناوێت و نابێت ناوچەکەش شەڕی بوێت لە کاتێکدا ئێستا لە دۆخێکی زۆر ناسکدایە.
 
سووریا  لە دۆخێکی قەیراناویدایە، ئەحمەد شەرع و سەرکردایەتیی نوێی سووریا و تورکیایش، سووریایەکی بەهێز و یەکگرتوویان دەوێت، هەندێک وڵاتی عەرەبییش هەمان ئەو شتەیان دەوێت، بەڵام ئیسرائیل بە ئاشکرا سووریایەکی لاواز و دابەشکراوی دەوێت، ئەمەش دۆخێکی سەختە بۆ وڵاتێک.
 
پەنجەت خستە سەر کرۆکی کێشەکە و ئەو ئاڵنگارییەی لەسەر جیاوازیی تێڕوانینی دراوسێکانی سووریا  بۆ داهاتووی ئەم وڵاتە هەیە، ڕاستە کاتێک دراوسێیەک سووریایەکی لاوازی دەوێت، ئەمە وڵاتەکە دەخاتە دۆخێکی زۆر مەترسیدارەوە.

 

خاڵی سەرەکی بۆ من ئەوەیە کە دەسەڵاتە نوێیەکانی سووریا  چی دەڵێن و ئەو پەیامانەی کە بەردەوام دەیدەن بە ئیسرائیل و ئەمریکا، چونکە هیچ لایەک شەڕی ناوێت و نامانەوێت هەڵکشانی زیاتر و بەرەیەکی نوێی شەڕ ببینین. بینیمان چی بەسەر لوبنان هات، چی لەگەڵ ئێران ڕوویدا و کاریگەرییە هەرێمییەکانی شەڕی غەززەش دەبینین، دەسەڵاتە نوێیەکان و کۆمەڵگەی دروزیش خوازیاری شەڕ نین، دەبێت هەماهەنگییەک هەبێت لە نێوان هەموو بەرژەوەندییەکاندا سووریایەکی سەقامگیر بۆ ئیسرائیلیش گرنگە، سووریایەکی لاواز مانای ئەوە نییە کە ئیسرائیل بەهێز دەبێت، دەبێت تێگەیشتنێک هەبێت لەنێوان هەموو هێزە هەرێمییەکان لەبارەی پێویستیی سووریایەکی سەقامگیرتر  ئەمەش هەم بۆ خودی سووریا  و هەم بۆ ناوچەکە گرنگە.
 
رووداو: ئەحمەد شەرع لە دۆخێکی قەیراناویدایە. هێشتا سزاکان هەڵنەگیراون و وەک تیرۆریست ناسێنراوە، پێتوایە ئەمە بەردەوام دەبێت؟ وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ هەڵگرتنی سزاکان چییان لە ئەحمەد شەرع دەوێت، چونکە ناتوانێت مووچەی فەرمانبەران بدات؟
 
کۆنفۆرت ئێرۆ: ڕاستە، یەکێک لەو شتانەی لە سەرەتاوە گوتوومانە ئەوەیە کە ئەگەر پێتوایە سووریا یەکی سەقامگیرتر بۆ گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە، ئەوا هەڵگرتنی سزاکان زۆر گرنگ دەبێت، ئەو قسەی دروست دەکات و پراگماتیستە هەوڵیداوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا پتەو بکات.
 
با لەبیرمان نەچێت کە خودی ئەمریکا دەستی کرد بە پێدانی مۆڵەتی گشتیی گرنگ، وڵاتانی ئەورووپاش ئاماژەی باشیان ناردووە، وەک دەشزانن بەمدواییانە گۆڕینەوەی نامە لە نێوان ئەمریکا و سووریادا هەبووە.
 
ئێمە گوتوومانە ئەگەر سووریایەکی بەهێز و سەقامگیرتان دەوێت لەگەڵ میکانیزمی حوکمڕانیی گونجاو، هەڵگرتنی سزاکان زۆر گرنگ دەبێت، پێویستی بە پارەیە بۆ مووچەی فەرمانبەران و سوپا و چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکانی خەڵک، ناکرێت بەردەوام بیت لەو سزایانەی کە بۆ ڕژێمی کۆن، ڕژێمی ئەسەد، دانرابوون.
 
لەسەر ناونانی وەک تیرۆریست، دەبێت چاوەڕێ بکەین و ببینین چی دەکات، لەوانەیە پێچەوانە ببێتەوە دەرفەتێک هەیە و گرنگە دڵنیابین کە ئەم دەرفەتە بەکاردەهێنین، دەبێت ڕوون بین لەوەی چیمان دەوێت و داواکارییەکانمان لە سووریا  چین، بەڵام نابێت وای لێ بکەین کە شکست بهێنێت ئەمە دەبێت پەیامەکە بێت لە هەمان کاتدا.
 
رووداو: باسی لاوازبوونی ئێران لە سووریامان کرد، بەڵام هەموو ئەمانە دەگەڕێنەوە بۆ غەززە و ئەو زنجیرە کاردانەوانەی دوای ٧ی ئۆکتۆبەر دروست بوون، ئێستا باس لە ئاگربەستێکی تر دەکرێت پێتوایە ئیسرائیل رازی دەبێت؟
 
کۆنفۆرت ئێرۆ: دوا کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک وەزیران نەتەنیاهوو و سەرۆک ترەمپمان لە کۆشکی سپی بینی، پەیامێکی زۆر ڕوون هەبوو کە ڕێککەوتنی لەگەڵ ئێران دەویست و نەیدەویست ئیسرائیل ببێتە بەربەست، هەروەها ڕوونی کردەوە کە ئاگربەستی لە غەزە دەوێت، بەڵام لە هەمان کاتدا، زیادبوونی داگیرکاریی کەناری رۆژئاوا دەبینین و زۆر گرنگە بگەڕێینەوە بۆ ئاگربەست، ترەمپ دەڵێت ئاگربەستی دەیەوێت و ئەو پەیامەی بۆ نەتانیاهوو ناردووە.
 
بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەوەش دەبینین کە لە غەزە ڕوودەدات: توندوتیژیی زیاتر و کاریگەریی مرۆیی لەسەر ئاوارەبوون هەست دەکرێت لایەنگەلێک لەناو حکومەتدا هەن کە دەیانەوێت خەڵکی غەززە بە تەواوی لە ناوچەکە بسڕنەوە، گرنگە چاودێریی ئەوە بکەین و پێم وایە زۆر گرنگە کە ناوچەکە ڕێگە نەدات بە لەناوبردنی تەواوی خەڵکی غەززە لە نیشتمانی خۆیان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە