پسپۆڕان هۆشداری لەبارەی شەربەتە دەستکردەکانی نێو بازاڕ دەدەن؛ هۆکاری شێرپەنجەن

دوێنێ کاژێر 04:06
نزار جەزا
شەربەتفرۆشێک شەربەتی سرووشتی و ناسرووشتیشی داناوە. وێنە: رووداو
شەربەتفرۆشێک شەربەتی سرووشتی و ناسرووشتیشی داناوە. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزاندا بازاڕەکان پڕدەبن لە شەربەتە رەنگدارەکان، کە شەربەتی ناسرووشتین، پسپۆڕێکی خۆراک رایدەگەیێنێت، شەربەتە رەنگدارەکان ''کارەساتن''.
 
عومەر رەحمان شەربەتفرۆشێکی دێرینی سلێمانییە، دەڵێت: خەڵک کەمتر شەربەتە رەنگدارەکان دەکڕن، چونکە زیانی هەیە بۆ ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە.
 
جۆرێکی دیکەی شەربەت، شەربەتی تەواو سرووشتییە، بەڵام بەرزیی نرخەکەی بەراورد بە شەربەتەکانی دیکە فرۆشی کەمکردووە.
 
شکار شەریف، شەربەتفرۆش دەڵێت: شەربەتەکانمان تەواو فرێشن واتە بێ شەکر، رەنگ و ئاون، کەمترین نرخمان شەربەتی گێزەرە کە لیتر و نیوێکی بە پێنج هەزار دینارە ئەنەناسیش بە 15 هەزار دینارە. دەبەیەکی یەک لیتر و نیوی شەربەتی پرتەقاڵیش بە هەشت هەزار دینارە، بەڵام ناسرووشتییەکە بە هەزار بۆ هەزار و 500 دینارە.
 
پسپۆڕێکی خۆراک لەبارەی شەربەتە ناسرووشتییەکانەوە چەند راستییەک ئاشکرادەکات
 
د. زانا ئەحمەد، پسپۆڕی خۆراک دەڵێت: ئەو شەربەتانەی لەبازاڕ دروستدەکرێن کە رەنگدارن کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر جەستەمان هەیە، چونکە رەنگ و تام و شەکری تێدایە، کە هەرسێکیان زۆر خراپن، بەگشتی ئەو شەربەتانە دەبنەهۆی زیادبوونی چەورییەکانی خوێن، هەوکردن، قەڵەوی و شێرپەنجە.
 
لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، چاودێرییان بەسەر شەربەتە ناسرووشتییەکانەوە هەیە، ئازاد نەبی کە ئەندامی باڵای لیژنەکەیە باس لەئەوەدەکات، چاودێریی تەندروستی پشکنینی بۆ کردوون، لەرووی تەندروستییەوە پابەندی رێنماییەکان بوون، بەڵام بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە واباشە زێدەڕۆیی لەخواردنەوەیاندا نەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە