رووداو - تەندروستی
راپۆرتێکی هاوبەشی نێوان رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات، تووشبوون بە سوورێژە لە ئەورووپادا دوو هێندە زیادبووە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO رایدەگەیێنێت، مندڵانی خوار پێنج ساڵان 40٪ـی تووشبووانی سوورێژە پێکدەهێنن و زۆرترینن کە ئەمەش بەرزترین رێژەی لێ تۆمارکراوە بەراورد بە 25 ساڵی رابردوو.
هانس هێندری، بەڕێوەبەری خۆجێیی WHO لە ئەورووپا دەڵێت: ''سوورێژە گەڕاوەتەوە و بایەخ بە کوتان نەدرێت، ئاساییشی نیشتمانیی تەندروستیش بوونی نابێت''.
هانس ئەوەی ئاشکراکرد کە کەمبوونەوەی رێژەی کوتان هۆکاری سەرەکیی زۆربوونی نەخۆشییەکەیە.
ئامارەکانی رێکخراوەکە دەریدەخەن، لەکۆی 53 وڵات، ساڵی رابردوو 127 هەزار و 350 تووشبووی نەخۆشییەکە لە ئەورووپا تۆمارکراون؛ لەو ژمارەیەش 38ـیان گیانیان لەدەستداوە.
ئەگەر دایک و باوکێک ڤاکسینی سوورێژە بۆ منداڵەکەیان نەکەن، چ لێکەوتەیەکی دەبێت؟
د. گەشبین کاوە، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان بە رووداوی راگەیاندووە، منداڵ دوو ژەم ڤاکسینی سوورێژە وەردەرگرێت کە ژەمی یەکەم لە تەمەنی 12 بۆ 15 مانگییەوە دەکرێت و ژەمی دووەم لە تەمەنی 4 بۆ 6 ساڵیدا دەکرێت.
ئەگەر دایک و باوکێک ڤاکسینی سوورێژە بۆ منداڵەکەیان نەکەن، چ لێکەوتەیەکی دەبێت؟ د. گەشبین لە وەڵامدا دەڵێت: ''سوورێژە نەخۆشییەکی قورسە و نیشانەکان رەنگە 7 بۆ 10 رۆژ بخایەنێت و دەکرێت منداڵەکە تووشی هەوکردنی تووندی سییەکان، گوێ و پەردەی مێشک بن، هەر بۆیە رەنگە بەهۆیانەوە گیانلەدەستبدەن.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ