رووداو - تەندروستی
ماڵپەڕی مێدسن نەیچەر بڵاویکردەوە، نزیکەی شەش ملیۆن هاووڵاتیی ئەمریکی تووشی لەبرچوونەوە بوون. دەشڵێت، لە ساڵی 2060 بەدواوە، ساڵانە یەک ملیۆن هاووڵاتیی پێگەیشتووی ئەمریکی تووشی نەخۆشییەکە دەبن.
بە کەسێک دەگوترێت تووشی لەبیرچوونەوە بووە کە یادگەی کێشەی گەورەی بۆ دروستبووبێت، نەتوانێت بەباشی بیربکاتەوە و توانای لێکدانەوە و کردنی کارەکانی رۆژانەی نەبێت.
جۆزێف کۆرش، لێکۆڵینڤان لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی نیویۆرک لەبارەی لەبیرچوونەوە لەنێو هاووڵاتییانی وڵاتەکەیدا دەڵێت: "ئەمە کێشەیەکی گەورەیە. پێشبینی زیادبوونی تووشبوونی هاووڵاتییان بە لەبیرچوونەوە سەرسامکەر نییە، چونکە کۆمەڵگەی ئەمریکی بەرەو کۆمەڵگەیەکی پیر دەچێت".
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، ئێستا 58 ملیۆن هاووڵاتیی ئەو وڵاتە تەمەنیان سەروو 65 ساڵە، بەڵام پێشبینیدەکرێت ساڵی 2050 ژمارەیان بگاتە 82 ملیۆن کەس. واتا رێژەکەیان لە 17٪ دانیشتووانەوە بگاتە 22٪ی دانیشتووانی وڵاتەکە.
لە ئەنجامی توێژینەوەکەدا هاتووە، پێشبینیدەکەن کە 42٪ی هاووڵاتییانی ئەمریکی سەروو 55 ساڵ تووشی لەبیرچوونەوە بن.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: سەروو 55 ملیۆن کەس تووشی لەبیرچوونەوە بوون
رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتی ساڵی 2024 بڵاویکردەوە، 55 ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی لەبیرچوونەوە بوون. 60٪ی تووشبووان لەو وڵاتانەدان کە داهاتیان کەمە یان مامناوەندە، ئەو رێکخراوە پێشبینیدەکات، ساڵانە 10 ملیۆن هاووڵاتیی دیکە تووشی نەخۆشییەکە بن.
ئەو هۆکارانەی ئەگەری تووشبوون بە خەڵەفان زیاد دەکەن:
1- زیادبوونی تەمەن
2- بەرزە پەستانی خوێن
3- بەرزی شەکر لە خوێندا (شەکرە)
4- کێشی زیاد یان قەڵەوی
5- جگەرەکێشان
6- خواردنەوەی کحولی زۆر
7- نەجوڵانی زۆر
8- دوورەپەرێزی
9- خەمۆکی
ریزبەندی ئەو وڵاتانەی زۆرترین رێژەی خەڵکیان بەهۆی نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوەوە گیانلەدەستدەدەن (بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان):
1- فینلاند
2- بەریتانیا
3- سلۆڤاکیا
4- ئەلبانیا
5- ئایسلاند
6- برونی
7- هۆڵەندا
8- ئەمریکا
65- عێراق
68- تورکیا
73- ئێران
102- سووریا
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ