پسپۆڕێک: دەشێت رەبۆ گەشەی منداڵ کەمبکاتەوە و هۆکار بێت بۆ باڵاکورتی

دوێنێ کاژێر 05:02
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان رایدەگەیێنێت، ئەگەر منداڵی تووشبوو بە رەبۆ چارەسەر نەکرێت، ئەوا رەنگە کاریگەری بخاتە سەر توانای فێربوون و تەرکیزی منداڵ.
 
د. پشدەر عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان دەڵێت: رەبۆ نەخۆشییەکی درێژخایەنی سییەکانە، دەبێتەهۆی هەوکردن و تەسکبوونەوەی بۆرییەکانی هەوا، نەخۆشییەکە باوترین نەخۆشیی درێژخایەنە لە منداڵاندا.
 
بەگوتەی د. پشدەر عەبدوڵڵا، ئەمانەی خوارەوە نیشانەکانی رەبۆن؛
 
1- کۆکە بەتایبەت لە شەوان و بەیانیاندا
2- خیزەی سینگ
3- هەناسەتووندی
4- سینگەتەنگی
5- کۆکە و خیزەی بەردەوام لەدوای پەتای وەرزی
6- کۆکە و خیزەی سینگ لەدوای وەرزش و جووڵە
7- کۆکە لە دوای پێکەنین و گریان
8- کۆکە لە دوای خۆڵبارین و دووکەڵی جگەرە و بۆنی قوڕس
9- کەمبوونەوەی جووڵە و زیادبوونی تەمبەڵیی منداڵان
10- تێکچوونی خەوی منداڵ
 
د. پشدەر گوتی، منداڵی بچووک تووشی رەبۆ دەبێت و دەشێت نیشانەکانی ئەمانە بن؛
 
- کۆکە و خیزەی سینگ
- هەناسەبڕکێ
- بەناڕەحەت هەناسەدان
- بەناڕەحەت شیری بۆ ئەخورێت
- بێتاقەت و ناڕەحەتبوون
 
بەتایبەت ئەگەر منداڵەکە لە خێزانەکەیاندا رەبۆ یان کێشەی هەستیاریی لووت و پێست یان هەستیاریی بە خواردنیان هەبێت یان بە ناکامی لەدایکبووبێت یان جگەرە لە ماڵەوە بکێشرێت یان لەسەرەتای تەمەنیدا تووشی هەوکردنی ڤایرۆسی تووندی سییەکان بووبێت.
 
هاوکات د. پشدەر پێشنیازدەکات، ئەوانەی رەبۆیان هەیە پێویستە زوو چارەسەر بکرێن و بە رێکی دەرمانەکان وەربگرن چونکە؛
 
1- لەوانەیە تووشی نەوبەی زۆر تووندی رەبۆی بکات کە ژیانی بخاتە مەترسییەوە و پێویستی بە چارەسەری زۆر و قوڕس ئەبێت لە نەخۆشخانە.
 
2- هەناسەدانی زۆر تووند دەبێت کە کاریگەریی زۆر لەسەر خەو، تەرکیز، خوێندن و فێربوون دەبێت و زۆربەی کاتەکانی رۆژانەی بێهێز و تووڕە دەبێت.
 
3- وردە وردە گۆڕانکاری هەمیشەی لە سییەکانی دروست دەبێت کە دواتر ئەستەمە بە ئاسانی وەڵامی چارەسەر بداتەوە.
 
4- کاریگەریی زۆری لەسەر گەشە دەبێت و دەبێتەهۆی باڵاکورتی و دواکەوتنی باڵغبوون.
 
5-  دەبێتەهۆی نەچوون بۆ خوێندنگە و کەمبوونەوەی چالاکیی رۆژانەی و ئاستی فێربوونی زۆر دادەبەزێت.
 
6- دەبێتەهۆی دروستبوونی گوشارێکی زۆری دەروونی و هەست بەکەمی کردن لەبەرامبەر منداڵە هاوڕێکانی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەبیرچوونەوە. وێنە: Medical News Today

توێژینەوەیەک: شەش ملیۆن ئەمریکی تووشی خەڵەفان بوون

ماڵپەڕی مێدسن نەیچەر بڵاویکردەوە، نزیکەی شەش ملیۆن هاووڵاتیی ئەمریکی تووشی لەبرچوونەوە بوون. دەشڵێت، لە ساڵی 2060 بەدواوە، ساڵانە یەک ملیۆن هاووڵاتیی پێگەیشتووی ئەمریکی تووشی نەخۆشییەکە دەبن.